٣٠٧٧
✓ فایەق زێوەر
- پێنجخشتەکی لەسەر شیعرێکی مستەفا ئەفەندی کوڕی مەلا عەلی عیرفان
ئەی فیداکارانی میللەت شێرمەردانی وڵات
ئەی ڕەئیسانی دیانەت ساحیبی سەوم و سەڵات
بۆ نیساری بێ وجوودە لیرە و ڕووپیە و مەنات
«ڕوو لە خوا کەین بۆ مەلیک داویە لەدەس زیللەت نەجات
کەس نەبێ چاوی لە ڕوتبەی خزمەتی کەین بێ خەڵات»
تاکوو دوێنێ بوو لە مەیدانا ئەتانوت ئێمە جووین
سەیری ئەمڕۆ کەن هەموو سەربەست و ساحێب ئابڕووین
وا لە بادەی یەکیەتی سەرمەستی فیکری هاتوهووین
«گشت فیداکاری ئەوە ئێستاکە وا سەربەست کە بووین
ناوی تەئریخی لە جێی ڕوتبەی فەریقی بێ لەلات»
گەر نەکەین ئیسپاتی مەوجوودییەت ئەمڕۆ ئێمە چین
پشتیوانێکمان هەیە وەک کێوی ئاسن وا مەتین
من کە فەردێکم لە کورد بڕوا بکەن ئەی موسلمین
«خزمەتی میللەت لەلام فەرزە بەتەسدیق و یەقین
نەک بە دەم یاخۆ زوبان بیللاهی وامە تا مەمات»
خاکی کوردستان مەحەلی عیلم و دارولفەن ئەبێ
مەوقیعی ئەهلی کەمال و بۆ هونەر مەسکەن ئەبێ
هەرچی وێرانێکی تیایە هەر وەکوو گوڵشەن ئەبێ
«سەد شوکر شوعلەی چراخان ڕۆژبەڕۆژ ڕەوشەن ئەبێ
بەرقەرار و پایەدار بێ ساحێبی شەوق و حەیات»
عیبرەت و دەرسە لەلای ئەهلی نەزەر وەزعی زەمەن
دەرنەچن بۆ عەسری کۆن لەم وەختەدا هەوڵێ بدەن
دەست لە مل یەکتر بکەن بۆ حیفزی گوڵزاری وەتەن
«دیم نموونەی میللەتی غەیرە کە چۆن خزمەت ئەکەن
زابتان و کاپیتان هەر وەک نەفەر پۆلپۆل ئەهات»
ئیتتیحادێکمان ئەبێ بێ شوبهەیە بێ ڕەیب و شەک
میر و ئاغا فەرقی نامێنێ لەگەڵ خەڕڕات و لەک
سەیری کەن چۆن ئەجنەبی حوکمی گەیاندە سەر فەلەک
«بۆ تەرەققی موڵک و میللەت جانفیدا بوون یەکبەیەک
ئیتتحادە یەکیەتی ئینسان ئەباتە ڕۆژهەڵات»
«فایق» ئەمڕۆ گەرچی عالەم پڕ لە ئاشووبە و فیتەن
حەز ئەکەم دایم لە ڕێی خاک و وەتەندا جان و تەن
کوللی یەکیان پەنجەبازی کا لەگەڵ موڵکی خوتەن
«مەقسەدی زاتیم نییە غەیری وەتەن ئیللا وەتەن
چون فیدایی میللەتە وافی بەتەحقیق و سەبات»