٤٦٢٢

✓ قانع (1898 - 1965)

هەر کەسێک شاهی پەرست بۆ ئاخری ڕیسوا دەبێ
دائیم و دەرهەم خەریکی مەخمەسە و غەوغا دەبێ

شاهیدی ئەم ئیددیعامە هەر لە شادا دیارییە
عەدڵی شاهی پەهلەوی کەی هەر وەکوو کیسرا دەبێ

خەرمەن و مەحسوولی کێوی بێستوون هەر ناڵە بوو
هەر کە تووی مەجنوون بکێڵێ فیرقەتی لەیلا دەبێ

نەفسەکەت شەهوەتپەرستە بێت و گوێچکەی لێ گری
ئیش و کارت ئۆف لە چاوی سەلمە و عوزرا دەبێ

تیاتڕۆیە نەفس بازی پارە بۆچ بەربا ئەدەی
تیاتڕۆ هەر کەس بچێ تیایا تڕۆ و ڕیسوا دەبێ

ماڵەپیتێنی مناڵە شەرت و بەینی عاشقان
پیاوی عاقڵ چۆن بە کاری هیچوپووچ شەیدا دەبێ

حورمەتم نازانن ئێوە ئەی کوڕانی کوردسان
پاشی مەرگی «قانعی» کەی قانعێ پەیدا دەبێ

Kurdish_Poetry

٤٦٢١

✓ زاری (1905 - 1982)

ئایەتی سوبحان بەحسی واقیعەی «ئیسرا» ئەکا
نەقڵی چوونی ئەو بە شەو بۆ «مسجدالاقصی» ئەکا

سووڕەتی «والنجم» شاهید بۆ قسەی میعراجیە
دەبدەبەی عیززی لە سەدرە وەک زەوی بەرپا ئەکا

خۆشەویسی بارییە و دەعوەت کرا بۆ لامەکان
جیلوەفەرمایی لە سەدری بەزمی ئەو ئەدنا ئەکا

چاوی ڕێژاوە بە سورمەی سافی «مازاغ البصر»
کەشفی ئەوزاعی فەلەک وەک سەیری «مايغشي» ئەکا

خاتری ئاوێنە بۆ جلوەی جەماڵی «ذوالجلال»
سینە گەنجینەی دوڕ و مەرجانی «مااوحی» ئەکا

چاوی دڵ ڕۆشن بە شۆڵەی ئافتابی «ماكذب»
چاوی سەر بینا بە ئایەی «ربةالكبرى» ئەکا

بۆ ئەمە بێ چوونی چەن دەفعە بە چاوێ دیویە دڵ
دەرکی ئینسانی بە نووری «نزله أخرى» ئەکا

بەهـ! چ ڕۆژێکە لە شەرقی مەککەوە کردی زهوور
خاکی پاکی «طا» بە ڕەشکی «جنت الماوی» ئەکا

پای لە هەر خاکێ کە نا وا بوو موعەتتەر هەر نەفەس
سەد کەڕت نەفرەت لە موشک و عەنبەری سارا ئەکا

یەککەتازێکە لە عەرسەی خۆشەویسیدا لە ژوور
عەرشەوە خەڵوەت لەگەڵ بینایی بێهەمتا ئەکا

بازی تەسدیقی بە تیژی وا لە دەشتی «لا» فڕی
هاتە باغی وەحدەت و تەقریری «الا الله» ئەکا

تیغی تەبلیغی وەها کێشاوە بێ عەجز و قسوور
ئەمری ئیسلامی لە شەرق و غەربدا بەرپا ئەکا

پەنجەپۆڵایێکی بێباکە بە تەنها شەڕ لەگەڵ
شەڕکەرانی قەیسەر و ئەسکەندەر و کیسرا ئەکا

نەسڵی ئادەم بوو لە حەووا زا کەچی ڕۆژی جەزا
ئەم تکا بۆ ئادەم و زوڕڕییەتی حەووا ئەکا

بۆ سبووتی ئیددیعا گەر بێ بجووڵێ غیرەتی
کاری باڵاتر لەوان «شق القمر» داوا ئەکا

بۆ زهووری موعجیزە وەختێ ئیشارەی کردە مانگ
دوولەتی کرد و موعانید چی قسەی بێجا ئەکا

موعجیزەی مووسا لە ئەرزا بوو کە بەحری پارە کرد
یەک ئیشارەی ئەم لە چەرخا کاری سەد مووسا ئەکا

تۆزی ڕێگات ئەی جەنابی موستەفا نەفرەت لە گشت
زیوەری تاجی کەیوومەرس و جەم و دارا ئەکا

گەر بە عومری نۆحەوە شاعیر بنووسێت و بڵێ
سەدیەکی مەدحی ئەتۆ کەی تا ئەبەد ئینشا ئەکا

وا خەریکە ماڵی وێرانی دەروونی خۆ بە نوور
تەلعەتی وەک ئافتاوی ئەنوەرت ئاوا ئەکا

جێبەجێبوونی مورادی خاتری «زاری» لە بەحر
ڕەحمەتت ئەی «رحمةً للعالمين» داوا ئەکا

Kurdish_Poetry

٤٦٢٠

✓ ئاران (1981)

ئێستا ئەوا بێ پەنجەرە کەوتوومە بەر بێزارییەک
وەختە وجوودم هەڵکەنێ بیرەوەری یادگارییەک

(ترسم هەیە نەتبینمەوە) ڕابێ زەمان بە برینمەوە
شین بێ زەمین بە شینمەوە بمخواتەوە داخدارییەک

ئێستا ئەوا ماڵێک سەری ناوە لە کۆشی و کپ بووە
پاساری گێڕاوە وەسەر، ناڵە و هەرای پاسارییەک

ئێستا وەها ئەسپی تەمەن شای ژینمی مات کردووە
ناگا بە دادی دەردم هیچ هەرگیز قەڵای لاسارییەک

ئێستا ئەوەی ماوە لە تۆ وەهمێکی کاڵ و لیخنە
تەنیا دووپاتەی مەرگمە داستانی هەر دڵدارییەک

Kurdish_Poetry

٤٦١٩

✓ پیرەمێرد (1867 - 1950)

مانگ و ڕۆژ هەر دوو لە تاوی شەوقی ڕوخسارت خەجەل
لەعل و یاقووتیش لە تامی لێو و گوفتارت خەجەل

ئاسکی چینی و غونچەیی فیردەوس و تاووسی چەمەن
وا پەرێز ماون لە لارولەنج و ڕەفتارت خەجەل

میری سوور پڕ بوو لە شێت و زنجیری پێ ناوێ ئیتر
هەر چی ئەیبینی لە داوی زولفی توڕدارت خەجەل

پێم وت و ویستم لەگەڵ مانگ ڕووبەڕووی ڕووی ئەو بکەم
پێی وتم لاچۆ و بڕۆ و نابی لە گوفتارت خەجەل

تو وەرە سەیری وەنەوشە چۆن لە دەوری گوڵ ڕوا
باخەوان تا خۆت ببینی چون لە گوڵزارت خەجەل

بۆچ نەمردم ئێستە ماوم چونکوو لەو دوور کەوتمەوە
هێند گونەهکارم بە دیدارت لە دیدارت خەجەل

بەس بناڵێنە لە دەوری دووریا «خالید» بەسە
هەر چی ئەتبینێ لە سۆزی ناڵەیی زارت خەجەل

Kurdish_Poetry

٤٦١٨

✓ کوردی (1809 - 1850)

ئەی موسوڵمانینە نابێ پێم بڵێن چیم کردووە
دڵبەرم بۆ چی وەها دەستی لە خوێنم خستووە

پەنجەکەی خوێناوییە ئێستا دەکا حاشا گوڵم
سوێند دەخوا بە خودا دەڵێ بیللا ئەمن نەمکوشتووە

چونکە ئەمڕۆ من شەهیدی کەربەلایی عیشقی تۆم
هەر وەکوو کەو پەنجەکانت وا بە خوێنم ڕشتووە

چاوی مەستی فیتنەجۆکەت وەک سواری تورکمان
خەرمەنی عەقڵ و دڵ و هۆشی بەغارەت بردووە

پەرچەمت هەر وەک پەڕی تاوس کە دەدرەوشێتەوە
هێندە نەرم و سافە وا قورئان دەخۆی تووکی قووە

کێ خەلاسی دێ لە قوللەی قافی عیشقت چاوەکەم
زەحمەتە بیللا کە چونکە پڕ لە سیحر و جادووە

ئەو سیاواڵا لە دەورەی گەنجەکەی ڕوخسارتە
پڕعەجەب ماوم کە وا خۆ مارە یاخۆ گیسووە

یا خودا دوور بێ لە چاوی بەد تەماشا کەن گوڵم
هێندە باریکە قەدی قورئان دەخۆی تاری مووە

Kurdish_Poetry