٤٦٧١

✓ سەیید_کامیل_ئیمامی (1903 - 1989)

ئەوا چەمەن بە عیشقی گوڵ، دەری شەعەف دەکاتەوە
بە فەڕشی بەرگی نەستەرەن، بیساتی ڕادەخاتەوە

لە هەر چڵێک و هەر گوڵێ، نەوایی بولبولی حەزین
لە هەر کونێک و قوژبنێ، سەدایی دڵ دەداتەوە

چنار و سەرو و نارەوەن، بە دەم نەسیمی بەربەیان
وەلەرزە کەوتن و دەچن، بە پیر دەمی حەیاتەوە

دەمی نەسیمە وا کە دێ، نەسیمی موشکبۆیی گوڵ
وە یا شەمیمی دڵستان، بە موژدەیی نەجاتەوە

سریلە هاتوچۆیەتی، بە سرتە گفتوگۆیەتی
بە سروە پێم دەڵێ ئەوا بەهاری تازە هاتەوە

عەجەب بەهاری دڵگوشا، قەدەم بە خێر و جانفەزا
چ خۆشە بایە وا دەکەی، کە دێتە نێو وڵاتەوە

ژیاوە دڵ بە سروەکەی، گوڵاتەشین گەشایەوە
هەرەس کشاوە سەر چیا، فەقیرە زۆر بە ماتەوە

بڵێ قشوونی گوڵ بەدڵ وەدەرخە تاکوو فرسەتە
بە تەپڵ و تۆپەوە وەرە، بە لەشکر و سوپاتەوە

ئەمن لە تالیعی ڕەشم، جەماڵی ڕووتە ئارەزووم
خزابووە هەوری نەگبەتی، ئەویش ئەوا هەڵاتەوە

لەبەر کزەی مرم سەبا، کە خونچە هاتە پێکەنین
خەمی هەزار ساڵە ئەو، لەبیر بەشەر دەباتەوە

«ئیمامی» وەک سریلەکان لەگەڵ دڵی قسان دەکا
ئەویش بە سرتە پێم دەڵێ بەهاری تازە هاتەوە

Kurdish_Poetry

٤٦٥٠

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

تکتکەی بارانی پاییز وەک تکەی چاوی منە
کاتی هەڵقرچاوی باغ وەک جەرگی برژاوی منە

هەر خڕ و شیوێ تەماشا کەی، خڕی پڕ بوو لە ئاو
هەڵدەچۆڕێ لێڵ و لیخن، چەشنی زووخاوی منە

هەورە، بایە، بەفرە، بارانە، تەمە، سەر کێوەکان
هەر دەمەی جۆرێکە، هەر وەک حاڵی شێواوی منە

ئەمن و بەفری سەر چیاکان پێکەوە دەتوێینەوە
کاکە ئەم زستانە بەفریش عومری فەوتاوی منە

ئەی خودا بۆ چیمە تازە ژینی هێندە تاڵ و توون
دوو برا بووین، بازی دا ئەو، نۆرەهەنگاوی منە

Kurdish_Poetry

٤٦٢٩

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

بە سروەت پێ دەڵێم چاوم، کزەی دێ بای شەماڵ ئەوشۆ
چزەی دێ جەرگی برژاوم، بەبێ پۆلوو و زوخاڵ ئەوشۆ

ئەوا تیپی بەهاری دەست بە نێزە چوونە سەر بەفرێ
شکا پشتی کلیلەی قوڕبەسەر وەک پیرەزاڵ ئەوشۆ

سەراسەر فەڕشە چیمەن بۆ قودوومی بووکی گوڵ بۆیە
زمانی گرتووە هەر چەشنی تووتی، کوندە لاڵ ئەوشۆ

بە تەشریفی شنە، شەوبۆ و نێرگس پاکی پشکووتن
لە خۆشیان بولبول و قومری دەکەونە قیلوقاڵ ئەوشۆ

کوڕوکاڵ دەمبەخەندەن، کیژوکاڵ پڕعیشوە وو نازن
بزەی دێ غەمزە وو ڕەمز و ئیشارەی چاوی کاڵ ئەوشۆ

ئەوا هەر چاوەڕێیە نێرگسی شەهلا بە تەنیایی
بە جارێ بوو سپی چاوی بەئوممێدی ویساڵ ئەوشۆ

بە دەنگی بولبول و قومری، تەماشا دڵ چلۆن دەگری
دەڵێ بگرن بە دڵ قەدری، جەماڵی کیژوکاڵ ئەوشۆ

«ئیمامی» ـش هەر وەکوو بولبول بەهیوای پێکەنینی گوڵ
دەناڵێنێ لەسەر هەر چڵ، بە یادی خەتت و خاڵ ئەوشۆ

Kurdish_Poetry

٤٦٢٦

✓ حەقیقی (1902 - 1996)

«کامیل» ئەو مانگی موبارەک فەڕز و ئەمری بارییە
مانگی نوێژ و تاعەت و سەرفترە وو دیندارییە

لەززەتی ڕۆژوو ئەتۆ تێ فکرە عەینی ڕەحمەتە
خواردنی ڕۆژێ ئەتۆ بڕوانە زەهری مارییە

دەنگی قوڕئانخوێندن و ئەڵڵاهووئەکبەر دێ مودام
کەی لە مانگی دیکەدا تۆ گوێت لە دەنگی قارییە

بیست و حەوتەم حامیلی قورئانە جەبریلی ئەمین
حامیلی وەحیی موبین بۆ ئەحمەدی موختارییە

لەیلەتولقەدرێ کە وا سەف سەف مەلاییک دێنە خوار
دەرکی ڕەحمەت بازە، عاسی! وەختی گریە و زارییە

دەرکی دۆزەخ داخرا دەرکی بەهەشت ئاواڵەیە
موژدە بێ ڕەحمەت دەبارێ باری عامی بارییە

سەیقەلی ژەنگی مسی ساڵێکە سەرفترە و زەکات
مشتوماڵی نەفس و ماڵە سوننەتێکی جارییە

مام مەلای بێچارە، کاروبارێکی دیکەی نییە
یازدە مانگان خەوتووە و ئەو مانگە وەختی کارییە

کاکە گیان ئێستا «حەقیقی» زەوقی جارانی نییە
تەبعی تۆ سەرشارە، ئەمما شێعری من بێعارییە

Kurdish_Poetry

٤٦٢٤

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

نە تەنیا بەندەیی باڵایی مەوزوونت سنەوبەر بوو
عەلەم بوو، سەرو بوو، هەم نەیشەکەر بوو، نەخلی نەوبەر بوو

نە تەنیا گوڵ خەجاڵەت ما، لە ڕووی وا جوانی تۆ چاوم
کەتان بوو، پەڕنیان بوو، گیانەکەم دیبایی ئەخزەر بوو

نە تەنیا شۆر و غەوغا بوو، کە دوێ تەشریفی تۆ ڕۆیی
بەڵا بوو، فیتنە بوو، ئاشووب بوو، غەوغایی مەحشەر بوو

نە تەنیا یاسەمەن بوو مەسخەرەی سیمین بەناگوێی تۆ
سەمەن بوو، نەستەرەن بوو، لالە بوو، نەسرین و شەشپەڕ بوو

نە تەنیا هەر ڕەقیب بوو کامڕان لەو زولفە پڕچینەت
سەبا بوو، شانە بوو، مەششاتە بوو، عەنبەرچەیی زەڕ بوو

نە تەنیا هەر «ئیمامی» مات و مەبهووتی جەماڵت بوو
فوغان بوو، ناڵە بوو، خوێنی جگەر بوو، دیدەیی تەڕ بوو

Kurdish_Poetry

٤٦١٣

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

یاخودا زستان بەخێرێ، چونکە وەک یاری منە
سارد و سڕ، بێمیهر و بێمەیلە، جەفاکاری منە

ڕووی لەسەر کوێستانەکان تاڵە، بە ڕق هاتۆتەوە
هەر وەکوو یار دێتەوە ماڵێ بە ئازاری منە

بەرگوباری دار و گوڵزاری بە شەختە کرد نەخۆش
هەر وەکوو جەرگ و دڵ و گیانی برینداری منە

تکتکەی گوێسوانەکانی وەک زووخاوی من دەچێ
ڕەنگی سیخواری وەکوو ڕیشی سپیکاری منە

بۆ سپیکاری عەجەب وەستایە زستان چاوەکەم
وەک خەمی من مووی سپی کردووم و میعماری منە

چەرخی گەردوون بۆ لەسەر من بەختی من نادا خولێک
هەر لەسەر یەک لاتەنیشتە هەر وەها باری منە

پێچەوانەی خۆی کە جاران چەرخوخول بوو کاری ئەو
هەر دەڵێ شان و ملی «کامیل» وەفاداری منە

Kurdish_Poetry

٤٦٠٥

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

دڵێکی وام ئەمن ناوێ بە ناڵەی بێدڵان نەگری
وەکوو شەونم لەسەر خونچەی گوڵان بۆ بولبولان نەگری

وەکوو بولبول نەبێتە عاشقی گوڵ، دڵ بەکار نایە
ئەگەر شێتانە سبحەینان نەچێتە سەر چڵان نەگری

لە بەهرە و شەوق و زەوق و خێر و خۆشی دوورە ماڵکاول
دڵی وا بێ ئەوین، جارێک بە حاڵی عاشقان نەگری

شەوێ تا ڕۆژ دەناڵێنن، لەگەڵ تەیری شەوا جووتن
دڵی وام بۆ چییە بۆ وان شەوێ تا بەربەیان نەگری

شەوانە مەل دەخوێنن بۆ ئەوانەی دڵبریندارن
دڵم ناوێ بە دەنگی پڕ لە سۆزی وان، شەوان نەگری

بە هاتوچوونی شێتوپێتی دڵ با پێ کەنین، گەر ئەو
بە ئامۆژگاری زانایانی پیر و عاقڵان نەگری

لە ماڵێ قەت شەوانە ئۆقرە ناگرێ، ناسرەوێ تاوێ
«ئیمامی» تا سبەینێ زوو نەچێتە نێو گوڵان نەگری

Kurdish_Poetry

٤٥٩٩

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

لەگەڵ دوژمن «ئیمامی» هەر وەکوو شێری ژیان وا بە
لە پێش پڕدانیان ڕاوەستە، وەک بەوری بەیان وا بە

بە داخ و دەردەوە بۆ چی چەمیویو ئاهەکەت تیرە
لەگەڵ خەڵکی زەمانە ڕاست وەکوو تیری کەوان وا بە

ئەگەرچی هەر وەکوو کیسەڵ لە قاپێلکی خەما خەوتووی
لە کالانا مەوێستە هەر وەکوو تیغی دەبان وا بە

لە ڕیزی عاشقانیش هەر وەکوو مەجنوونی ماڵکاول
لەدووی خێڵ و کەژاوەی لەیلی هەر وەک سارەوان وا بە

لە عیلمی سێحر و نەیڕەنگ و فسوون قەی ناکا تێ کۆشە
هەتا پێش چاوی دوژمن وەک شک و وەهم و گومان وا بە

بە گەرمی ڕابوێرە شەو بە یادی دڵبەرت «کامیل»
لەگەڵ ناڕاستەکان سارد وەک نەسیمی بەربەیان وا بە

Kurdish_Poetry

٤٥٩٦

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

نێرگسی مەستی ئەو کە وا سەیری گوڵ و چەمەن دەکا
کایە بە سوێسن و گوڵ و شۆخی بە یاسەمەن دەکا

دڵ لە شکەنجی زولفی ئەو لانەیی کردووە قەدیم
مەنعی مەکە شەوانە گەر مەیلی وەلای وەتەن دەکا

چونکە شکاوە شووشەکەی، پاکی ڕژاوە ئابڕووی
بۆیە موشەووەشە و قسەی زولفی شکەن شکەن دەکا

قەددی بڵند و شووشی ئەو تەعنە لە سەروی باغ ئەدا
جیلوەیی پڕجەماڵی ئەو ڕەخنە لە ڕۆح و تەن دەکا

تەبعی مەلوولی «کامیل» ت، کاکە چلۆن دەگا بە تۆ
شەشدەری بەستراوە ئەو، ئارەزوویی کەفەن دەکا

Kurdish_Poetry

٤٥٨٨

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

وەکوڵ هات مەنجەڵی دڵ دەسبەجێ ئەی دیدە گریانێ
دەبێ بڕژێنی ئاخر چاوەکەم دوڕڕێ بە دامانێ

لە سایەی سۆزی دڵ ئەمڕۆکە چاوم هێند دڵاوایە
لە گەوهەر پڕ دەکا ئەو دەست و کۆشی هەر موسوڵمانێ

ئەمن خۆ کۆشی خۆم پڕ کردووە هەڵناگرێ چیدی
جەهەننەم ئەی ڕەقیبی بەدمەزەب تۆش کۆشی خۆت دانێ

کە چاوم بۆتە گۆمی خوێن و خوێ پرسیم لە هاودەردێ
لەگەڵ دەریا کوتی بەستوویەتی چاو مەرج و پەیمانێ

کە «کامیل» خوێن دەبارێنێ لە چاو ئەی بێوەفا یارم
حەکیمی دەردی وی هەر تۆی کەرەم کە تۆزەدەرمانێ

Kurdish_Poetry