✓ ڕەنج سەنگاوی
من وەک دۆڕاوێکی جەنگ فەرمانەکانت واژوو ئەکەم بەڵام تۆش لە ناخەوە شانازی بە شکۆی خۆتەوە ناکەیت چونکە ئەزانیت ئەوە قارەمانێتی خۆت و سەربازە لەرزۆکەکانت نییە منیان تووشی شکست کرد؛ ئەوە جارێکی تر غەدری جیھان بوو لە من. کەوتنی ماسکی بەھاباڵاكان و داڕمانی پایەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ بوو. ھەموو جارێ چەند ئەتەوێ بەویقارەوە لەپشت چەپکەمایکی تیڤییەکاندا دەرکەویت و جووڵەی مەغروورانە بکەیت. ھەر وەک ئەو دووما و بووکەڵانە دەرئەکەویت کە بە دەزوو ئەیانجووڵێنن کە توند لەژێر مێزەکەوە گرتوویانن تا نەکەون.
من بەویقارەوە ئیمزای سەرکەوتنی تۆ ئەکەم تۆ بەلەرزۆکی پەڕە ئیمزاکراوەکەمم لێ وەردەگریت. نەکەوتنی ئێمە ئەبەدییە، تۆ بە چاوی خۆت کەوتنی دۆمینەی ئاپارتمانەکانت دەبینی یان بەدەستی ئێمە یان ئەوانەی لە گەمەکەدا بۆیان ھەڵچنیت. تۆ کەوتوویتەتە گەمەیەکەوە سەرمەستانە پێ ئەکەنیت، بەلام ئێمە بەڕاستی لە مەراقێکی قووڵداین. تۆ ئەوەی بردووتەتەوە ھی خۆت نییە، بەڵام ئێمە ئەوەی لەدەستمان داوە ھی خۆمانە. کەس لە ئێسکوپرووسکی باوکی خۆش نابێت. ئێمە لە شارەکەی خۆشماندا ھێشتاش دڵمان بەو بازاڕ و گەڕاجانە ناکرێتەوە کە خۆمان گۆڕستانی خۆمانمان بۆ تێک داوە. پێت وا نەبێ ئەوەی دروستمان کرد و تۆ تێکت دایەوە بیرمان ئەچێتەوە. پێویستمان بەو بوغزە بوو کە تیاماندا چاندتانەوە. ئەم جارە خۆمان کۆ ئەکەینەوە جوانتر دروستی ئەکەینەوە. دڵنیا بە ئەوەی بردتان وەری دەگرینەوە. شەوی تۆ ماوە و ڕۆژی ئێمە.
تۆ ھێشتاش کورد ناناسیت. تۆ بە زاری کوردێک تاڵیی ڕۆژگارت نەچەشتووە. ئێمە میللەتێکی دڵتەنگین. تووڕەین لە خۆمان. لە مێژووی خۆمان لە باپیرانی خۆمان لە سەرکردەی خۆمان؛ بەڵام لەرزۆک نین. زۆر جار بەکۆمەڵ کوژراوین. نەک ھەر مرۆڤ شاری شەھیدیشمان ھەیە. بەڵام ھەرگیز لەگەڵ شکست ڕا نایەین. یەکەمین میللەتی دنیا ئێمە بووین ڕەوڕەوەی مناڵمان دروست کرد؛ چونکە تەحەموولی دانیشتنی مناڵی ساوای خۆشمان ناکەین. بۆیە پێت وا نەبێ ئەم دانیشتنەی ئێستامان ھەستانەوەی لەدوا نییە و ھەر وا بە دڵی تۆ ئەبێت. لێرەدا ئیتر با بەس بێت. سەرکەوتنیش ئادابی خۆی ھەیە. پردێک بھێڵەرەوە کە سبەی وەکوو تۆ نەکەین و بەڕێزەوە بەڕێت بکەینەوە بۆ خاکی خۆت.
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry