٣٤٧٣
✓ دەنگی کوردی
- دەنگ: عادڵ عەزیز
- شیعر: مەحوی
ئەوی ئەمڕۆ بەدەوری تەختیایە هەلهەلەی مەخلووق
لە دەوری نەعشیا سبحەی دەبینێ وەلوەلەی مەخلووق
بە پەلپەلکردنی سبحەی ئەگەر ببووایە باوەڕیان
دەبوو قەت بەم حەدە نەبووایە بۆ دنیا پەلەی مەخلووق
دەخاتە فکری ئەهلی مەعریفەت شێوەیی جەجاڵ "الحق"
دەبینی بەعزە ئەشخاسێ بەدوویا خەرگەلەی مەخلووق
وەها پڕفیتنە بوو عالەم کە ئیبلیسێکی وەک ئیبلیس
نەماوە مەئمەنی غەیری کڵیشە و کەڵکەڵەی مەخلووق
لە پەردەی جیلوەیەکتا ڕوونمایە شۆری سەد مەحشەر
نیقابێ لادە لەو چیهرە، ببینە زەلزەلەی مەخلووق
بە ئاوی تێ گەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو
هەموو دەشچن بە خنکان و لە وشکیشە مەلەی مەخلووق
لە سووقی دەهردا دووکانی هەر کەس موددەتی عومرە
گوهەردانە بە پشکڵدانە «مەحوی» مامەڵەی مەخلووق
ڤەژینبوکس