٤٦٧٠

✓ هێمن (1921 - 1986)

ئەوا هات مانگی خۆشی خاکەلێوە
نەما سەرما و بووران و کڕێوە

پەڵەک ڕەش کەوتە کوێستانی وڵاتمان
بە با و باران و لەنگێزە و شڵێوە

لە کێو و کەژ گیا وو گژ بەبارە
ئیتر دەرچوو مەڕوماڵات لە لێوە

لە لێوی جۆگەلە مێلاقە ئەوڕۆ
لە گوین سەربازی سوور وێستا بە پێوە

نەوەک کاکۆڵی یارم بەڵکە سونبول
وەکوو ژاپۆن و ئەڵمانی پەشێوە

نە هەر دێوانە بۆ سەیر و تەماشا
ئەوێستا عاقڵ و زاناش لە کێوە

تەماشای مامی جووتێر کە لە دەشتا
بە دڵگەرمی خەریکی وەرد و شێوە

بەهارە گوڵ سەری هێنا دەرێ تۆش
هەڵستە کوردە چیدی سەر مەنێوە

Kurdish_Poetry

٤٦٥٨

✓ هێمن (1921 - 1986)

من کە بێدەنگم ئەوێستا چاوەنۆڕی هەل دەکەم
هەل کە بۆم هەڵکەوت ئەنجا باسکمی لێ هەڵدەکەم

زۆر بەئومێدی خودا لەو خاکە پاکەی دەردەکەم
دوژمنە بێگانە ئاخر چۆن دەگەڵ وی هەڵدەکەم

نابی چیدی داری من بخوات و لێی سوار بی حەریف
داری دامەی خۆم لەبۆ لای خانی ئاغا هەڵدەکەم

نایەڵم تاریکی چیدیکە وڵاتم داگرێ
خوا مەدەدکار بێ چرای زانستی تێدا هەڵدەکەم

وەک جگێن وایە زەمان هەر کەس جگی خۆی تێ دەخا
تا چەقی هەموان بهینێ من جگی خۆم پەل دەکەم

نامەوێ من سەربڵندی خۆم و دایما کۆشش
بۆ بڵیندی و بەرزی و ئازادبوونی گەل دەکەم

قەت دەگەڵ بێگانەکان وەڵڵاهی دانووم ناکوڵی
من کە شاهێنم چلۆن ئاخەر ڕەفیقی قەل دەکەم

هەر کەسێ دەربارەیی ئەو قەومە بەد بدوێ برا
وا دەدەم مستێک لە زاری من ددانی کەل دەکەم

هەر کەسێ بۆ لای سنوور و سەرحەدی خاکی وەتەن
بێ، دەدەم بەردێک لە لاقی دەسبەجێ ئەو شەل دەکەم

هێندە فێڵاویم کە دوژمن وێم کەوی تا هەر دوو گوێ
قوم دەبێ، چونکە بە فێڵ ئەو تووشی لیتە و زەل دەکەم

خۆش بی بووزووی خۆم چ محتاجم بە پەشمی خاریجە
تاکوو جاوی خۆم هەبی بۆ جامەیی مەلمەل دەکەم

سارد و گەرمی ڕۆژگارم چێشتووە بە خودا گەلێک
بێ ئەوەی محتاجی کەس بم مشکلی خۆم حەل دەکەم

دوێشەوێ دایکی وەتەن «هێمن» لە خەودا پێی گوتم
ڕۆڵە کردارت حیسابە، کەنگی گوفتار حەل دەکەم

Kurdish_Poetry

٤٦٣٠

✓ هێمن (1921 - 1986)

لە گیاندانا دەگوڕێنم بژی هەر کورد و کوردستان
بە گوللەی دژمنانی گەل دڵیشم بێتە ڕاوەستان

پشووی دواییم دەخوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئەم خاکە
لە سایەی ئەم گوڵ و گوڵزارەیە بوومە هەزار دەستان

دەزانن زامی دیلی چەند بەئێش و چەند بەئازارە
دەبێ رابێین هەتا ئێمەش دەگەینە ڕێزی سەربەستان

خەتای خۆمانە تا ئێستا کە هەر وا کۆیلە و دیلین
ئەوانەی شاد و ئازادن کەمێ زووتر لە خەو هەستان

نەتاندیوە کە ڕووباری خوڕێن بەردی دەقەڵشێنێ
وەهاش هەر زۆرداری دەسووتێنێ گڕی هەستان

لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا
سەرم سووڕ ما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان

وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جیهاندیدە
خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان

هومێدێ بەر مەدەن ڕێگەی خەبات بگرن بڕۆنە پێش
تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بە دیکتاتۆری چۆن وەستان

هەتا کەنگێ سیاچاڵی بەسامی دژمنی زاڵم
پڕاوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل جمەی بێ وا لە دەسبەستان

هەتا کەی ئەشکی خوێنینی کچەکوردی براکوژراو
لە جێی بادە و لە بەزمی دژمنان بدرێتە دەس مەستان

مەترسن ڕۆڵەکانی قارەمانی گەل لە گیانبازی
لە کۆڕی ئەم خەباتە بێوچانە تاقە یەک کەستان

سەهۆڵبەندانی بێدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە
بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لەدووی زستان

بە خەڵکی عالەمی سەلماندووە تاریخی ئازادی
دەبێ زاڵم لەبەر تێکۆشەران بەرداتەوە دەستان

Kurdish_Poetry

٤٥٩٤

✓ هێمن (1921 - 1986)

لەباری، نازەنینی، نەرمونۆڵی، دڵتەڕی، شادی
لە چاوی بەد بەدوور بی ئەی کچی جوانی مەهابادی

لە جوانیدا، لە پاکیدا، نییە هاوتات و نازانم
فریشتەی ئاسمانی یا نە پەروەردەی پەریزادی

سەری کوڵمت گەشە هەر وەک گوڵی کوێستانی کوردستان
لەبەر بەژنت دەبێ سەر دانوێنی خەڵفی شمشادی

دڵی سەد عاشقت کردە نیشانەی تیری موژگانت
کچی کوردی لە تیرئاویتنا مەعلوومە ئوستادی

بە شمشیری دوو ئەبرۆت جەرگی خەڵکی لەت دەکەی دیارە
دەزانی چەک لەکار بێنی، کچیش بی تۆرمەی مادی

لە سوێیانت وەها دێوانە بووم چاومەستی خوێنشیرن
لە قەڕنی بیستەما ڕەنگە ڕەچاو کەم کاری فەرهادی

ئەوێستا تۆ لەوێ دیلی دەسی بێگانەی و ئەمنیش
لە دووری تۆ دەکێشم ڕەنج و دەرد و داخی بێمرادی

زەمانە «هێمن» ـی تۆی وێڵی دەشت و چۆڵ و سەحرا کرد
فەرامۆشی مەفەرموو، جاروبارێ هەر بکە یادی

Kurdish_Poetry

٤٤٦٢

 

✓ هێمن (1921 - 1986)

وەتەن گیان و سەر و ماڵم فیدای تۆ
وە گیانی من کەوێ دەرد و بەڵای تۆ

لە پێناوت دەنێم سەر تا بزانی
منم ڕۆڵێکی ئازا و باوەفای تۆ

لەبۆ پاراستن و حیفزی سنوورت
لەباتی ماژینۆ سینگم قەڵای تۆ

دەبێ من چۆن بژیم مەسروور و دڵشاد
کە دەتبینم لە دەس بێگانەدای تۆ

دەبێ کەی سەربەخۆ بی تۆ هەتا من
بە سەربەستی بکەم سەیر و سەفای تۆ

بە شینکە و گوڵ سەراسەر سوور و شینە
چ جوانە دیمەنی کێو و چیای تۆ

لەگەڵ تۆ بۆ نەجاتی نیشتمانت
دەدەن «هێمن» هەوڵ خوشک و برای تۆ

Kurdish_Poetry

٤٤٥٥

 

✓ هێمن (1921 - 1986)

چلەی زستانی ناخۆش بوو تەزووی سەرمایە پیاوی سڕ
دەکرد و کووچە و کۆڵان لە بەفر و لیتە بووبوون پڕ
بەهار هات و دەخەمڵێ کێو و دەشت و بەندەن و لاخڕ
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنەپیرۆزە

بە سۆزەی بای بەیان لێوی کراوە خونچەیی خەندان
لەسەر چڵ بلبلی شەیدا لە خۆشی گوڵ دەڵێ بەندان
بەجێ هات ئارەزووی لاوان و گەرمە کۆڕی گۆوەندان
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنەپیرۆزە

سەری کوێستانی بەرزی کوردەواری تێی نەکەوتووە خاڵ
لە دەشت و بەرپەساران هەڵدراون چادر و ڕەشماڵ
نەمان بێگانە تاکوو جێژنەمان لێ تاڵ بکا ئەوساڵ
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنەپیرۆزە

حەساوە پیاوی ڕووتوقووت و بێنەنوا و بێنیروو
ژیاوە گیانلەبەر دیسان، لە کون هاتە دەرێ مێروو
لەسەر گوێسوانە دەخوێنن بە پۆل پاساری و سێروو
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنەپیرۆزە

لە دنیادا کەمە هاوتای بەهاری جوانی کوردستان
ئەویش ئەوساڵ کە لایێکی نەجاتی بوو لەژێر دەستان
لە خۆشی ئەو وڵاتە شاعیریش بۆتە هەزاردەستان
ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە
بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنەپیرۆزە

Kurdish_Poetry

٤٤٤١

 

✓ هێمن (1921 - 1986)

دەک بەخێر بێی قەدەمت خێرە چ خۆشی ڕەشەمە
تاکوو تۆ هاتی نەما و تێ پەڕی ڕۆژی ڕەشی مە
ئیستەکە کوردە هەموو بێهەم و بێدەرد و خەمە
شادە، ئازادە، دەکا گاڵتە و گەپ، کەیف و گەمە
نیشتمانی هەموو ڕازایەوە، باخی ئیرەمە

شین و ڕۆڕۆ بوو بەشی کورد و سەری نابوو لە هەش
چون لە ئازادی بڕێک نەیبوو ئەویش بەهرە و بەش
کوردەواری هەموو داگرتبوو هەور و تەمی ڕەش
نەدەبینرا لە چ لا تیشکی گەلاوێژێکی گەش
بە شنەبایەکی ڕەحمەت ڕەوی ئەو هەور و تەمە

هاتە مەیدانێ کوڕی کوردی وەکوو فیلی دەمان
هەوڵی ئازادی دەدا ئەو بە هەموو وەخت و دەمان
دوژمنی کوردی ئەوەی دیت و ترووسکایی نەمان
دەشەکێنێتەوە با ئێستەکە ئاڵایەکەمان
سەروماڵ و کەسوکارم بەفیدای ئەو عەلەمە

لاوی کوردی لە هەموو لاوە وەکوو شێری ژیان
دێتە مەیدان و دەڵێ من دەمەوێ مافی ژیان
تازە هەڵناخەڵەتێ ئەو بە قسەی نەرمونیان
دوژمنی میللەتی کوردی هەموو تووڕەن کە دییان
ئەو بە سەربەستی دەژی، دوژمنی زۆر و ستەمە

Kurdish_Poetry

٤٤٣٠

 

✓ هەژار (1921 - 1991)

سیخوار خۆی نواند لەبەر پەساران
سەرما هات، دڕا بەرگی هەژاران

نا نا، تۆ مانگی دڵخۆشی و شادی
تێتدا هەڵکرا ئاڵای ئازادی

ڕێبەندان گەرچی ڕێگەبەندانی
گلێنەی چاوی گەلی کوردانی

لەنێو مانگاندا جوان و ڕووسووری
لە تۆدا کرا جێژنی جومهووری

  • لە کتێبی بۆ کوردستان ـی مامۆستا هەژاردا بۆ ناوی مانگی سێیەمی پاییز سیخوار بەکار براوە و واتە: زوقم، ئاڵشت. سەرماوەز مانگی سێیەمی پاییزە.

✓ هێمن (1921 - 1986)

ڕۆژی بیست و شەشی سەرماوەز ئاڵای کوردستان لە مەهاباد هەڵکرا و ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ کۆماری کوردستان دامەزرا. من نامەوێ لەو بارەوە بدوێم چونکە زۆری باس کراوە و تەنیا دەڵێم من لەو ڕۆژە پیرۆزانەدا بەشداربووم و شیعرم خوێندەوە.

پاش #_دووی_ڕێبەندان و پێکهاتنی کۆماری کوردستان کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان ڕوویان لە مەهاباد کرد و من و هەژار لەگەڵ هەموو پیاوە بەناوبانگەکان پێوەندیی دۆستایەتیمان دامەزراند. مامۆستا قانیعیشم ناسی و لە ئەزموونی ئەدەبیی ئەویش کەڵکم وەرگرت. زۆرم بیرەوەریی خۆش لە هاونشینیی مامۆستا قانیع هەیە کە بەداخەوە لێرەدا مەجالی گێڕانەوەیان نییە.

Kurdish_Poetry

٤٤١٧

 

✓ هێمن (1921 - 1986)

سەققز و سەردەشت و سابڵاخ و سنەی کرد غەرقی خوێن
سێی تری ویستن گوتی بۆ سفرە حەو سینم دەوێ

کەی ڕەوایە بمدەنە بەر گوللە یا ڕاوم بنێن
گەر گوتم کوردم لە کوردستانی خۆم ژینم دەوێ

کورد مەگەر کوندە کە هەر وێرانە بێ هێلانەکەی
نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ

زۆر بەئاواتم کە کوردستانەکەم بێکێشە بێ
ئاشتیخوازم کوا وڵاتی پڕڕقوقینم دەوێ

تا نەهێڵم شوێنەواری نالەباری پەهلەوی
نەگبەتی زۆردارەکان و خۆشی مسکینم دەوێ

لاشەڕم، کوا بەدفەڕم ئەمما لەسەر مافی ڕەوام
دەست و چەک، ئیمان و هیوا و هەستی ئاورینم دەوێ

بۆ نەجاتی ئەم گەلە کۆیلە و هەژار و بێکەسە
گیانی پاک و بیری تیژ و ڕێگەناسینم دەوێ

بۆ بەگژداچوونی زۆرداری و هەژاری و ناهەقی
کارگەر و جووتێری ئاگا و مستی ئاسنینم دەوێ

سەخت و ناهەموارە ئەم ڕێگایە کوردی کوڵنەدەر
بۆ خەباتێکی درێژخایەن گوڕ و تینم دەوێ

دوای نەجات بۆ ئاوەدانی و خۆشی خاپوورە وڵات
کۆمەڵێکی چاک و پاک و ڕاست و وردبینم دەوێ

بۆ خەباتی هاوبەشی یەکسانی توندوتیژی گەل
لاوی کارامەی بەجەرگ و کیژی سەنگینم دەوێ

Kurdish_Poetry

٤٣٩٧

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: ناسر ڕەزازی (1955)
  • شیعر: هێمن (1921 - 1986)

ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم
لەبەر کەس ئەستەمە سەر دانەوێنم
کەچی ئێستا لە داوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم

ژیانم پڕ لە ڕەنجە و نامرادی
بە هەڵکەوتیش نەهاتم تووشی شادی
دڵم هێند تەنگە هەر جێی تۆ دەبێ و بەس
ئەتۆش مەحکوومی حەپسی ئینفیرادی

قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی
نەهاتی، گەرچی پێت دابووم بەڵێنی
لەناو کوردا نەبوو پەیمانشکاندن
لە کوێ فێر بووی گوڵم پەیمانشکێنی

Kurdish_Poetry