٤٤٥١

 

✓ هێدی (1927 - 2016)

سووچی دەردانە ئەگەر جارێ خەیاڵی مەی دەکەم
ئەو وڵاتە وا نەبێ، من بیری بادە کەی دەکەم

چوو لە چیرۆکی خەما داوێنی نەی گرت مەولەوی
من هەتا ناڵینی خۆم بێ، شیوەنی بێ نەی دەکەم

کۆڕی یاران ساردە، دڕدۆنگن عەزیزان، ئەی خوا
کەنگێ بەو هاوینە چاوەڕوانی سەرمای دەی دەکەم

دوورەدەستە نایگەمێ، چ بکەم فریشتەی ئاشتی
چەندی من لەو ڕێگەدا هەوراز و لێژی تەی دەکەم

قەت بە هەڵکەوتیش نەبوو خۆشی لە ژینمدا، بەڵام
ئەو دەمەی ئەو پەریە خۆی دەنوێنێ، من ئۆخەی دەکەم

مەمکەنە پێخوست لە پیلەی ناڕەوادا، چونکە من
ئارەزووی ژینێکی سادە و هێمن و بێوەی دەکەم

بۆ کەلەبچەی ناکەنە دەستم، ئەرێ پیرانی ژیر
وا دەبینن خۆم دەکووژم، کاری دێوانەی دەکەم

کوردەواری، کۆیلەیی تۆ هەر لە دەوری مادەوە
هەرچی هاتوە چاخی خۆی کردوویە، من ئێستەی دەکەم

هەر لەسەر هەر بەردێکی زێدی شیرنی خۆم جێم هەبێ
جا دەزانی «هێدی» چۆن گاڵتە بە تەختی کەی دەکەم

Kurdish_Poetry

٤٤٣١

 

✓ هێدی (1928 - 2016)

لە دەرد و مەینەتی ژینا هەتا زانیم تەمەن ڕۆیی
پەلەی کرد نەیدەویست چیدیکە ئازاری بدەن ڕۆیی

لە دەوری گوڵ دەمێک بوو دەیچریکاند بولبول و ڕۆژێ
کە نازی باغەوانی دی، لە سەیرانی چەمەن ڕۆیی

خەیاڵ تەکبیر و ڕای زۆر کرد هەتا گەییە سەری زولفی
بەڵام زانی ئەوێ بێگانە دەستی بۆ دەبەن ڕۆیی

بە جارێ هاتوچۆی ئەو شۆخە نەزمی گوڵشەنی تێک دا
ئەگەر وەک یاسەمەن هات و ئەگەر وەک نەستەرەن ڕۆیی

دەڵێن ئەو بێوەفایەی تۆ ئەرێ کەی دێ، ئەرێ کەی دێ
ئیتر ناڵێن ئەرێ بۆ هات و وەک ئاسکی خوتەن ڕۆیی

بەیانی سروەیەک هات هەڵوەدای سەیری بەیان ئەمما
بەناکامی ئەگەر زانی یەخەی لێ دادەخەن ڕۆیی

ئەوەندەی دەرد و خەم پێ بوو، دڵی بێچارە سام گرتی
نەوەک ڕۆژێ بڵێن دێوانەیە، زنجیری کەن؛ ڕۆیی

لە سەرمایەی ژیان هیچم نەما، ئاوارەیی هەر ما
لە دەستم چوو، ئەرێ چم کرد؟ تەمەن ڕۆیی وەتەن ڕۆیی

قومارێکی قورس بوو چارەنووس هێنای و دۆڕاندم
ژیانی من بەخۆڕایی لەنێو دارودەوەن ڕۆیی

لە بەر دیدەی منا هەڵبەستەکانم بۆیە سان دەگرن
ئەگەر مردم نەبادا کەس بڵێ «هێدی» ڕەبەن ڕۆیی

Kurdish_Poetry

٣٣٨٤

 

✓ هێدی

کۆڵمت گەش و ڕووناکە، دەڵێی تیشکی هەتاوە
جوانچاکی کراسێکە بە بەژنی تۆ براوە

ئاسک سڵە، نەک هێندی تۆ نەشمیل و ڕەزاسووک
گوڵ پێ دەکەنێ نەک وەکوو تۆ وا بەحەیاوە

بسکت دەگەڵ ئەو ڕوومەتە تێکەڵ بووە هەر وەک
باغی گوڵە پەڕژینی بە ڕەیحانە کراوە

سەد حیکمەتی گەر خوێندبێ، نازانێ بە دەردم
هەر کەس بە گڕی ئاگری تۆ هەڵنەچزاوە

جوانیت بەسە، بەرموورەکەی ئەستۆت بپسێنە
من کوردم، ئەزانم کە لە بەندی چ کراوە

تا گوارە لە گوێت دێتە لەرین، دێتەوە بیرم
هەر لاوێ کە لەم خاکە لەسێدارە دراوە

ئەو لالە کە دەیبینی وەکوو ڕوومەتت ئاڵە
هەر خونچەیەکی خوێنی شەهیدێکە ڕژاوە

هەرچی هەیە هەر باسی برۆ و بسک و خەت و خاڵ
هەر بەینی من و تۆیە کە کەس لێی نەدواوە

هەر مەرجی من و تۆیە وەتەن ماوە وەکوو خۆی
هەودایە وەتا من هەم و تۆ هەی نەپساوە

سەیری کە لەدەست هەڵمەت و پارێزی کوڕی تۆ
دوژمن لە هەموو لاوە چلۆن مێشکی پژاوە

دەنگی کوڕی تۆ دوژمنی هێناوەتە لەرزین
دەنگێ کە ئەڵێی هەورە بەسەر شاخ و چیاوە

هاواری گەلی تۆ ئەوە دەرچوو لە نهێنی
ئەو پەردە بە گوللەی کوڕە پێشمەرگە دڕاوە

سەرکەوتنی تۆی دیوە وەتەن، دوژمنی ڕووڕەش
وا ڕۆژی ڕەشی هات و چرای ڕوونی کوژاوە

ئەو جۆگەلە خوێنانە کە دەڕژێنە خڕ و دۆڵ
فرمێسکی کوڕی تۆ نییە وا لێڵ و قوڕاوە

خوێنی دڵی دوژمنتە وەتەن تاکوو نەڵێن پێت
تۆڵەی نەبی و عیززەت و میرە نەکراوە

کاوانی گوێ بگرە لە دەنگی گەلی ئازات
سەر هەڵبڕە لەو خاکە ببینە چ کراوە

تاوانی وەکوو تۆی چووە پێشمەرگە کە ساتێ
نەسرەوت و هەتا خوێنی نەئەستاند نەحەساوە

تۆڵەی بە چی دەستێندرێ گەنجێکی وەکوو تۆ
تا بن سەری ئاڵای گەلەکەی لێ نەچەقاوە

ئاڵا دەبێ جێی بن سەری تۆ بێ کە نەڵێ کەس
ئەو پەرچەمە ڕەنگینە بە خوێن ئاو نەدراوە

شانازی ئەکا کورد کە لە مەیدانی خەباتا
بارزانی قەڵای ئاسنی کوردی بە پەناوە

بارزانی سەرۆکی مەزنی کۆمەڵی پارتی
کوردێک کە هەتا هەبووە بەسەربەرزی ژیاوە

ئیلهامی لەوی وەردەگرێ پارتی خەباتگەر
وا بۆ وەتەنی گیان و ڕوحی هیچە بەلاوە

ژەنڕاڵێ کە هەر ئەو تەمەنی پیر و جوانی
داناوە لە ڕێی ئەو گەلەدا و کۆڵی نەداوە

ئەی خۆش بی وەتەن بۆ کوڕێ گرتووتە لە ئامێز
ئەی نەڕزێ دەسی تۆڵەستێنت کوڕی کاوە

Kurdish_Poetry

٣٣٠٣


 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: حەسەن دەرزی
  • شیعر: هێدی «خالید حیسامی»

نامەیەکم پێ گەیی هەر وەک گوڵاوی پەرچەمت
وەسوەسەم کرد ئەی خودا کەی دەم بنێمە ناو دەمت
خۆزگە دەمزانی لە غوربەت کێیە بێ من هاودەمت
خۆ دەزانی گیانە بۆ من ناکرێ تەرکی غەمت

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

وێنەکەت دەرمانی سەر جەرگی برینداری منە
وەختی دڵتەنگی بەبێ تۆ هەر ئەوە یاری منە
دیتنی ڕووناکی بۆ دوو چاوی جۆباری منە
تاکوو لێت دوورم عەزیزم شیوەنت کاری منە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

نامە سەر دوو چاوی تەڕ وێنەت لەدوی ماچکردنی
سەر دڵی شێواوی خۆمە جێی لە پاش هەڵگرتنی
شەمعی ڕووت بۆ من حەیاتی باقییە هەڵکردنی
وا لە دڵ هاڵاوی بەخوا حەستەمە لابردنی

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

سەیری کوردستانی چۆل کەم یا تەمی کوێستانی دڵ
داخی دووری تۆ بچێژم یا غەمی هیزارلەمل
ئەی خەزانی غەم بڕۆ با شین بێ باغم چڵ بە چڵ
ئەی فەلەک با بێ بەهارستانی من سێ چەپکەگوڵ

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

شێت و ماخولیای غەمی تۆم گیانە من دێوانە نیم
مەستی جامی مەیلی تۆم و ئەلی نێو مەیخانە نیم
ڕاستە سووتانم بەڵام بێ شەمعە خۆ پەروانە نیم
خاکی کوردستان دەڵێ پێت، ڕۆڵە من وێرانە نیم

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

گیانەکەم پێت وا نەبێ شانۆی گەزاف و لافمە
مەیلی تۆ نیشەی دڵی خەمدیو و سینەی سافمە
هێرشی بەدخووییتە گەردوون مووکەنیزەی جافمە
هەر شەوی هیجرانی تۆیە مووردی ئەوسافمە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

دەردی دڵ بۆ کێ بەیان کەم دڵ کە نالاوێتەوە
ئەو گڕووی گرتوویە چ بکەم بێ تۆ ژیر نابێتەوە
بەفری بەفرانبارە بێ بای وەعدە قەت ناچێتەوە
ئەی خودا کەنگی عەزیزی ئەو دڵەی من دێتەوە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

باوەڕی نایە بە ژینم دڵ بەدەس جزیاتەوە
خۆشە ڕووح دەربێ و بەجارێ بیخەمە ژێر پاتەوە
چونکە تەنیا هەر دڵێکە و سەد بەڵا دەیباتەوە
چەرخی چەپگەرد لێم بەقینە دەست لە من ناکاتەوە

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من، تۆ لەوێ من لێرەوە

بولبول ئەر مەیلی سەفاتە بێرە لای من لەحزەیەک
نابێ بۆ ناڵین و سووتان قەت وەکوو من بەندەیەک
من بە بەندی نیشەدار و تۆش گوڵی سوور دەستەیەک
تۆ ورینگەی شیعری ژێر و کەو لە کۆتریش لەنجەیەک

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

گوێت لە بەندی ئاخرم بگرە هەتا ڕووح ماوە پێم
گەرچی ئاڵۆزە بەڵام بمبوورە چوون شێواوە لێم
تا بە ڕووناکی چرای گۆنات دەبینم دەست و پێم
سەر لەسەر یەخەی غەمی تۆ پڕ بە کوردستان دەڵێم

چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

Kurdish_Poetry

 

 

٣١٨٧

 

✓ هێدی

ئاهـ و ناڵەی دەردەداریمە لە سینەم سەر دەکا
ژانە هەڵناکا لەوێدا ڕوو لەنێو دەفتەر دەکا

دڵ بەڵا وای دەورە داوە خۆی زمانی ناگەڕێ
دێ پەنا بۆ شیعری من دێنێ خەمی پێ دەردەکا

من لە دەست ئازاری پیری لەو کەلاوە دەچمە دەر
یادی گەنجی دێ لە سەحراش قوڕ بە ماڵم وەر دەکا

ماڵی خەم ئاوا کە چاوی لێمە، ئەوڕۆ ئەو نەبێ
کێ لەسەر پەڕتووک و جەستە و بیری من سێبەر دەکا

Kurdish_Poetry 

٢٤٩٩

 

✓ هێدی

هێندە بێزارم ئەڵێم هەر دڵ لە سینە بێنمە دەر 
تا بزانێ من نەبێ ئەو ئاگرە کەس نایەوێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٢٠٤

 

● دوایەمین شاعیری یادگاریی کۆماری کوردستان [خالید حیسامی] ئەمڕۆ 06 / 08 / 2716 کۆچی دوایی کرد. ● هێدی دوایەمین شاعیری بەجێماو لە کۆماری کوردستان بوو کە بەشێوازی کلاسیک شیعری دەنووسی و بەتایبەت لە نووسینی غەزەلدا خاوەنی دەنگ و زمانێکی تایبەت بە خۆی بوو.
● ئێمه موڵکی خواین و سەرئەنجامیش تەنها هەر بۆ لای ئەو زاتەیه گەڕانەوەمان. 

✓ هێدی

ناڕژێ ئەسرینی من هێندە ئەگەر دڵ داکەوێ
ماڵی دڵ وێران بێ ماڵوێرانی کردم ناسرەوێ

هێندە بێزارم دەڵیم دڵ هەر لە سینە بێنمە دەر
تا بزانێ من نەبێ ئەو ئاگرە کەس نایەوێ

باشە چاو تێ بینە دەیڕێژێتە داوێنم دەنا
گەنجی فرمێسکم هەموو تێدا دەچوو لێرە و لەوێ

بەژنی تۆ گەر سەروە سایەی خۆت لە ‌سەر من کەم مەکە
ڕووت ئەگەر ڕۆژە عەزیزم مەیگرە با دەرکەوێ

دەفتەرم پڕ کردەوە ‌و ئیستەش دلیلی وام نییە
فەرقی پێ دانێم لە بەینی خاڵی تۆ و خاڵی کەوێ

گەر پەرەنگی گوارەکەت ئاوا نەلەزێ لەو سەرە
دەرفەتی بۆ ماچ و کوڵمە گەزتنێ دەست ناکەوێ

من دەڵێم دڵ کۆرپەیە با لای-لایی بۆ بکەم
ئەو بە شیعری من کوڵی هەڵدەستێ ئیتر ناخەوێ

هەر دەبوو ڕۆژی هەوەڵ من دوو دڵم بێ‌ و یەک زمان
تا لە ماڵێکد‌ا ئەڤین و ئاوەزم نەبنە هەوێ

بسکەکانی تۆ گوڵم لاجانگی تۆیان گرتووە
بەو هەناسەی ساردە خۆ من ئەو تەمەم پێ ناڕەوێ

من بەیادی تۆوە گۆشێک و خەیاڵێکم بەسە
سووڕی ئەو چەرخە ئەگەر نەمخاتە گێژی گێژ ئەوێ

دوور لە خەڵکی دەس لە ‌ئەستۆی یەک دەکەین ئەمن‌ و خەیاڵ
کەس ئیتر بەو ڕازە نازانێ کە ‌من لەو چم دەوێ

گەر بەڵێنم لێی بوێ دووبارە بۆ ژوانێکی تر
پێم دەڵێ شەوگار درێژە کوێ بڵێی من دێمەوێ

من لە ‌سایەی زوڵفی تۆوە ڕۆژی ڕووناکم نییە
شیوەنم جا تازە کەڵکی چی هەیە نیوەشەوێ

ئەو وڵاتە ئەو کوڕەی ناوێ بە ‌سەربەرزی نەژی
باوەشی دوژمن نەبێ نایبێ ئەوی کوردی نەوێ

تۆ پەژارەی چیتە [هێدی] دڵنیا بە چارەنووس
چاوەڕێتە ڕۆژێ هەر ‌دێ کوردەواری سەرکەوێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٠٠٤

 

✓ هێدی

تاوانی منە دەربەدەری و دەردەسەری من
مەل خۆی سەری خۆی هەڵگرێ هێلانە بڵێ چی

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

١٩٧٠

 

✓ هێدی

بولبول ئەر مەیلی سەفاتە بێرە لای من لەحزەیەک
نابێ بۆ ناڵین و سووتان قەت وەکوو مـن بەندەیەک

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

١٩٢٧

 

✓ هێدی

تەمەن ڕۆی و ئەمن هەر مام بەهیوات
نە هیواکەم بەدی هات و نە ئەو هات

هەموو هەر دێن دەڵێن [هێدی] سەبر کە
لەسەر ئەو سەبرە بوو ئاوام بەسەر هات

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry