✓ زێوەر

کە سەیری کورد ئەکەم وا تێ ئەگەم کوردێکی خنکاوە
بە دوو کەس کوشتوویانە و ناشتوویانە و خوێنی فەوتاوە

ئەگەر باوەر ئەکەن ئەی ھۆزەکەم لای من بەبیری خۆم
لەپڕ دێتە دەرێ لەو گۆڕە ئێستەش گیانی تیا ماوە

دەسەوخەنجەر لەپڕ ھەڵمەت دەھێنێ ھەر وەکوو زیندوو
ڕووەو دوژمن ئەچێ غەدری لەمەوپێشی لەبەر چاوە

ئەگەر ھۆشی لە سەردا بێ ئەزانێ دوژمنی کێیە
ھەقی خۆی لێ بسێنێ وەک ئەوان کردیان لە دوو لاوە

دەسا کوردینە تا فرسەت لەدەستایە و نەکوژراون
لەگەڵ یەک یەک گرن دوژمن ھەزاران داوی داناوە

گەھێ کوشتن گەھێ یەخسیر گەھێ ھیجرەت گەھێ زنجیر
گەھێ سێدارە و تۆپ و تفەنگی بۆت حەشار داوە

لە ئاگری داغەوە کوشتاری تۆیە تاکوو لورستان
سەر و ماڵ و وڵاتت لای ئەم و ئەو بڵقی سەر ئاوە

ئەمە حاڵی وڵاتی کورد و کوردستانە شەو تا ڕۆژ
کەچی گەورە و بچووک کەمتەرخەمن بەم حاڵە شێواوە

وەرن ورد تا درشت ھەر وەک برا بین دەست لە دەستا بین
لە پێناوی یەکا سەر دابنێین ھێزمان ھەتا ماوە

وڵات ئاوا بکەین، پێشڕەو چرای عیلم و مەعاریف بێ
سەناییع فێر بین ئەوسا ئەڵێن کورد خاوەنی ناوە

ھەتا ئێمە لە جەھلا بین عەدوومان ھەر لە شەوننایە
مەعاریفمان ببێ دوژمن بەدەستی ئێمە کوژراوە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry