٣٩٠١

 

✓ پیرەمێرد

ناوی تەواوی پیرەمێرد، تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە (١٨٦٧ – ١٩ـی حوزەیرانی ١٩٥٠) خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە هەڵقوڵاون و لەناو هۆنراوەکانیدا هۆنیونییەتەوە، ژمارەیان دەگاتە ٤٨٠٠ پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردنەوە. دوای کۆچی دواییی، کاکەی فەلاح کۆی کردوونەتەوە و ڕێکی خستوون و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ کراون.

وتیان بە ڕێوی شاهیدت کێیە؟
وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە

حەز دەکەی دوور بی لە گێرەوکێشە
بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە

لە شار و لادێ ئەم نەقڵە باوە
گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە

شەڕنەکەر پیشەی زوودانیشتنە
بەردی زل بەڵگەی نەهاویشتنە

مەشهوورە بزن بۆ تاقەشەوێ
جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ

شێخ ئەڵێ ئاگام لە عەرش و قورشە
کێت دیوە بە دۆی خۆی بڵێ ترشە

وا دامەنیشە تەمەڵ و بەتاڵ
تا نەگری، مەمک نادەن بە مناڵ

خۆت لێ نەگۆڕێ گەر بوویتە گەورە
مەشهوورە دنیا بە پێچودەورە

کێ باسی خەڵکی کرد بەلاتەوە
بۆ ئەوان قسەی تۆش ئەباتەوە

Kurdish_Poetry

 

٣٦٩٢

 

✓ کاکەی فەلاح

نازانم بۆ لەناکاوا جارجار تەمێ، تەمێکی ڕەش
لەو دیو ئاسۆی دەروونەوە دێ دڵم ئەگرێتە باوەش

کە ئەو تەمە سەر هەڵئەدا، دڵم وەکوو ساوا ئەگری
لە قاقای پێکەنینا بێ، وەک پاییز لەتاوا ئەگری

دەستم ئەنێمە بەر ئەژنۆی خەفەت و دۆش دائەمێنم
یان هەر کەسێ خەمی لا بێ ئەچم هەمووی لێ ئەسێنم

ماتەمینی بزەی لێوی هیوای گەشم ئەتاسێنێ
وەک هەڵۆ، مەلی هێمنی باخی خۆشیم ئەتارێنێ

شەپۆلی خەم گێژم ئەدا لە دەریایەکی بێبنا
هەر گەردەلوولە و هەڵئەکا لە دنیای دەروونی منا

ئەو سەردەمەی کە ئەم تەمی خەمە یەخەی دڵم ئەگرێ
هەر چی گەشەی پێ ئەبەخشێ ون ئەبێ، نامێنێ، ئەمرێ

ڕۆژی ڕووناک ئاوا ئەبێ، ئەبێتە یەک تاریکەشەو
ئەگەرچی چاو تینووی خەوە، کەچی لە چاو بێزارە خەو

هەر کە بادەی ئەو خەمە نۆش ئەکا دەروونم، پەست ئەبم
دەمودەست گێژ و وڕ ئەبم، بێ نۆشی بادە مەست ئەبم

ئەی تەمی ڕەش ئەی بادەی خەم نازانم بۆ، نازانم بۆ
وا دام ئەگری دێیت و ئەچی ناگەم لە تۆ، ناگەم لە تۆ

سەردەمێکی باش ون ئەبی، دەروونم تاسەی تۆ ئەکا
جارجار گوڵی بەهارەکەم یادی هەناسەی تۆ ئەکا

Kurdish_Poetry

٣٦٤٨

 

✓ کاکە فەلاح

کۆڕی شەڕێکی کۆن بوو ئەوەی دیم
جا لەسەر پشتی ئەسپم دابەزیم

هیچم نەئەدی لە گیا بەو لاوە
شەپۆلی ئەدا گیاش بەدەم باوە

چەن پەڵەهەورێ بە ئاسمانەوە
بێترسوپەروا ئەسووڕانەوە

گەڵای ئاڵتوونیش وا لێرە و لەوێ
زۆر بەداخەوە ئەڕژێ، ئەکەوێ

پڕزووڵەی لاشەی کوژراو بەجێماو
لەگەڵ کەللەی سەر، لەگەڵ چاڵی چاو

ئەویان پێخۆر بوو بۆ میروولەکان
ئەم جێسەیرانگا و ڕاوی کرمەکان

بیرم کردەوە لە حاڵی بەشەر
کە بۆ سەرگەرم و سوورن لەسەر شەڕ

جا یەک هەناسەی گەرمم بەبا دا
مەینەتی گێژی دام لەناو بادا

Kurdish_Poetry

٣٤٤٩


✓ کاکەی فەلاح

هەڵسن لە خەو، زۆرلێکراوی ئەم جیهانە
ئەی ئەوانەی، ساڵ دوانزەی مانگ، برسیتانە
مافی ئێوە، وەکوو پشکۆی دەم بورکانە

بەهۆی هەوڵ و کۆششەوە سەر ئەکەوێ
سفرە و خوانی ڕازاو بەزۆر دەست ئەکەوێ

هەڵسن لە خەو، ئەی لەشکری بەشخوراوان
پێشێل ئەبێ شتی پووچ و بۆش و تاوان

سەر هەڵئەدا بەکۆمەکی گشت لایە
ئەوەی خۆزگە و خەوی خۆش و هیوایە

تۆش سا ئەی گەل گوێ ڕاگرە بێوچان
بۆ بانگەکەی دواشۆڕشی میللەتان

مافی مرۆڤ، سەر ئەکەوێ، نییە هێزێ
لە ژوورسەرمان بێت و ئێمە بپارێزێ

نە قەیسەرە و نە کەس ئیتر گەورەمانە
کە ڕزگاربوون لە خوێنمژین هیوامانە
ئەرکی پیرۆز لەسەر شانی هەموومانە

ئەڵێن گوایە بۆشە مافی هەژاران
بۆشە ئەرکی گران و سەر و سامان

ناومان ئەبەن کە بێنرخ و نۆکەرین
لەمە زیاتر سەرشۆڕی هەڵناگرین

تۆش سا ئەی گەل گوێ ڕاگرە بێوچان
بۆ بانگەکەی دواشۆڕشی میللەتان

ئەی ڕەنجدەران لە شار و دێ، لە کوێ بین
ئێمە لە گشت پارتێکی تر بەهێزترین

با تەممەڵ و بێکارەکان ڕابماڵین
تا کەی بە خوێن هەر نێچیری قەل و داڵین

وەک پێویستە با هی ئێمە بێ جیهان
با خۆراکی بەردەمی ئەوان بێ گیان

تا ئەو کاتەی کە ئەیانکەین سەرنگوون
ڕۆژی ئێمە هەڵدێ بەبێ ئاوابوون

تۆش سا ئەی گەل گوێ ڕاگرە بێوچان
بۆ بانگەکەی دواشۆڕشی میللەتان

Kurdish_Poetry

٣٤٤٨


✓ کاکەی فەلاح

ئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ
ئەبێ هەور
لە وەرزی شەستەبارانا
دانەکات و
بەهاریش وەجاخی کوێر بێ و 
گوڵی پێ نەگەشێتەوە
بەو هەموو خەمە چڕەوە
ئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ
ئەبێ چاو بۆ بینین و
گوێ بۆ بیستن و
دڵ بۆ لێدان و بۆ ژیان نەبێ

Kurdish_Poetry

٣٠٨٩

 

✓ کاکەی فەلاح

کە ڕۆیشتن، وەک دوو کۆتر
کە داتان لە شەققەی باڵتان
بەرەو هەوارگەی خەیاڵتان
بۆ سێبەری دارێکی دوور
دوورتر لە پێوانەی سنوور
هەرچیم هەیە
هەرچی سۆز و هەرچی هەست و
هەرچی خۆشەویستیم هەیە
چی مایەی سەربەرزیم هەیە
گلێنەی دوو چاوم هەیە
گەرمایی هەناوم هەیە
گزنگ و هەتاوم هەیە
هەمووی وەکوو چەپکەگوڵی
چەپکەدڵێ
لە وەختی بەڕێکردنا
کز وەستابوون لەگەڵ منا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry 

٣٠٢٤

 

✓ کاکەی فەلاح

جوانترین دەریا ئەو دەریایەیە
کە تاکوو ئێستە مەلەی نەدیوە
جوانترین ساوا ئەو ساوایەیە
لێوی گەورەی پێ نەکەنیوە
خۆشترین ڕۆژمان ئەو ڕۆژەیە وا
بە ژینی ئێمە ڕانەچەنیوە
جوانترین وشەش کە بە تۆی بڵێم
ئەوەیە لە دەم هەڵنەوەریوە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠١٩

 

✓ کاکەی فەلاح

درێخیم لێ مەکە ئەی شەو بە هێزێ جووتەباڵی ڕەش
زەمینی ژینەکەم یەکسەر بخە ناو سێبەری باوەش

بەسەرما شێوەڕەشماڵی هەڵی بە جوستەکەم بگرێ
هەتا ئەتوانی پرشنگی ژیانی شادی من ببڕێ

مەهێڵە ڕووبەڕووی من بێت بەرەو ڕووی زۆر بەدەربەستی
بچۆ تاکوو لە تواناتا هەیە زوو بیکە بەربەستی

بڕۆ هەرچی ئەکەی دەربارەمی کە سا بەچالاکی
پەلامارێکی شێرانە بەرە سەر تیشکی ڕووناکی

بە قامچی گازەرای پشتی سەراسەر توێخی داماڵی
بەرەو دوا بێ ئەوەی سڵ کەی نەوەی ڕووناکی ڕاماڵی

لە ئامۆژگاری ئەستیرە و ڕەشی ئەو هەورە تارایە
کە شێرازەی چنینی چۆتەیەک چی کەت لە بارایە

بە گیانێکی نەبەز پڕ دەم ئەڵێم تۆی ملکەچی فەوتان
نەمانە پاشەڕوژی هێزی کاروانانی ڕێچەوتان

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩١٣

 

✓ کاکەی فەلاح

ئەگەر خەم ڕۆژ و شەو دەستەویەخەم بێ
ئەبێ خۆم خەم نەخۆم، خەم تووشی خەم بێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩١٢

 

✓ کاکەی فەلاح

کۆڕی شەڕێکی کۆن بوو ئەوەی دیم
جا لە سەرپشتی ئەسپم دابەزیم

هیچم نەئەدی لە گیا بەولاوە
شەپۆلی ئەدا گیاش بەدەم باوە

چەن پەڵەهەورێ بە ئاسمانەوە
بێ ترس و پەروا ئەسووڕانەوە

گەڵای ئاڵتوونیش وا لێرە و لەوێ
زۆر بەداخەوە ئەڕژێ ئەکەوێ

پڕزوڵەی لاشەی کوژرا و بەجێماو
لەگەڵ کەللەی سەر لەگەڵ چاڵی چاو

ئەویان پێخۆر بوو بۆ میروولەکان
ئەم جێ سەیرانگا و ڕاوی کرمەکان

بیرم کردەوە لە حاڵی بەشەر
کە بۆ سەرگەرم و سوورن لەسەر شەڕ

جا یەک هەناسەی گەرمم بەبا دا
مەینەتی گێژی دام لەناو بادا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry