✓ ناسر حیسامی (1959)

جەمالەددین موحەممەد ئیلیاس، کوڕی یووسوف، ناسراو بە نیزامیی گەنجەیی (نظامی گنجوی) شاعیر و داستانبێژی سەدەی شەشەمی کۆچی، لە دایکەوە کورد بوو. لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا، "لەیلا و مەجنوون" بە شیعرێکی درێژ و پڕ لە سۆز یادی دایکی دەکا و یادێک لە خاڵیشی «عومەر ناوێک» دەکا. لە شیعرەکەدا دایکی بە "ڕەئیسەی کورد" ناو دەبا. شیعرەکە لە گرنگترین لاواندنەوەکانی مێژووی ئەدەبە. چەند دێڕێکیم کردە کوردی.

ساقی وەرەوە کە مەیپەرەستم
جامێکی لە مەی بدە بە دەستم

ئەو بادە وەک ئەسرین کە زوڵاڵە
بۆ مەزهەبی عاشقان حەڵاڵە

هەتوانە مەی و بە خەم گەمەی دێ
دڵ تەنگە، کرانەوەی لە مەی دێ

خەم شێرە کەمینی دێتە سەر ڕێم
چارەم چییە؟ چۆن لە چنگی هەڵبێم؟

بیرم دێ کە خۆشی دەوری داوم
ئێستاکە بەسەر چوو وا نەماوم

دێ زەردەپەڕێ کە زەردە لاچێ
ئەو هێزی هەمە، ئەوەش بەبا چێ

دایکم، کە ڕەئیسە ناوی، کورد بوو
دایک بوو لە ئێشی ڕۆڵە مردبوو

شینگێڕێ لە کوێیە، کێ دەزانێ
تا شیوەنی ئەو بکاتە ژانێ

هەر چەندی لە بەژنی ژانی ئاڵام
گۆميکە کە قووڵترە لە باڵام

ئەوە پیاڵە شەرابە هیندە تاڵە
نەک هی ژەمێ، هی ئەوەندە ساڵە

خەم خێمە کە هەڵدەدا لە سەرمان
بیرچوونەوە بۆی دەبێتە دەرمان

پێی ئەسپی خەیاڵ بە زام و ئێشە
ساقی بدە مەی کە ڕێم لە پێشە

مەی داری خەنیبوونە وەبەر دێ
هەر پێیە هەزار سەری وەسەر دێ

ئەو مام عومەرە کە خاڵی من بوو
ڕۆیشتنی ئەو وەباڵی من بوو

تاڵاوێ زمان کە قووتی دابوو
وەک ناڵە لە قوڕگی نەی شکابوو

Kurdish_Poetry