✓ دەنگی کوردی
- دەنگ: حەسەن دەرزی
- شیعر: هێدی «خالید حیسامی»
نامەیەکم پێ گەیی هەر وەک گوڵاوی پەرچەمت
وەسوەسەم کرد ئەی خودا کەی دەم بنێمە ناو دەمت
خۆزگە دەمزانی لە غوربەت کێیە بێ من هاودەمت
خۆ دەزانی گیانە بۆ من ناکرێ تەرکی غەمت
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
وێنەکەت دەرمانی سەر جەرگی برینداری منە
وەختی دڵتەنگی بەبێ تۆ هەر ئەوە یاری منە
دیتنی ڕووناکی بۆ دوو چاوی جۆباری منە
تاکوو لێت دوورم عەزیزم شیوەنت کاری منە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
نامە سەر دوو چاوی تەڕ وێنەت لەدوی ماچکردنی
سەر دڵی شێواوی خۆمە جێی لە پاش هەڵگرتنی
شەمعی ڕووت بۆ من حەیاتی باقییە هەڵکردنی
وا لە دڵ هاڵاوی بەخوا حەستەمە لابردنی
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
سەیری کوردستانی چۆل کەم یا تەمی کوێستانی دڵ
داخی دووری تۆ بچێژم یا غەمی هیزارلەمل
ئەی خەزانی غەم بڕۆ با شین بێ باغم چڵ بە چڵ
ئەی فەلەک با بێ بەهارستانی من سێ چەپکەگوڵ
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
شێت و ماخولیای غەمی تۆم گیانە من دێوانە نیم
مەستی جامی مەیلی تۆم و ئەلی نێو مەیخانە نیم
ڕاستە سووتانم بەڵام بێ شەمعە خۆ پەروانە نیم
خاکی کوردستان دەڵێ پێت، ڕۆڵە من وێرانە نیم
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
گیانەکەم پێت وا نەبێ شانۆی گەزاف و لافمە
مەیلی تۆ نیشەی دڵی خەمدیو و سینەی سافمە
هێرشی بەدخووییتە گەردوون مووکەنیزەی جافمە
هەر شەوی هیجرانی تۆیە مووردی ئەوسافمە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
دەردی دڵ بۆ کێ بەیان کەم دڵ کە نالاوێتەوە
ئەو گڕووی گرتوویە چ بکەم بێ تۆ ژیر نابێتەوە
بەفری بەفرانبارە بێ بای وەعدە قەت ناچێتەوە
ئەی خودا کەنگی عەزیزی ئەو دڵەی من دێتەوە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
باوەڕی نایە بە ژینم دڵ بەدەس جزیاتەوە
خۆشە ڕووح دەربێ و بەجارێ بیخەمە ژێر پاتەوە
چونکە تەنیا هەر دڵێکە و سەد بەڵا دەیباتەوە
چەرخی چەپگەرد لێم بەقینە دەست لە من ناکاتەوە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من، تۆ لەوێ من لێرەوە
بولبول ئەر مەیلی سەفاتە بێرە لای من لەحزەیەک
نابێ بۆ ناڵین و سووتان قەت وەکوو من بەندەیەک
من بە بەندی نیشەدار و تۆش گوڵی سوور دەستەیەک
تۆ ورینگەی شیعری ژێر و کەو لە کۆتریش لەنجەیەک
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
گوێت لە بەندی ئاخرم بگرە هەتا ڕووح ماوە پێم
گەرچی ئاڵۆزە بەڵام بمبوورە چوون شێواوە لێم
تا بە ڕووناکی چرای گۆنات دەبینم دەست و پێم
سەر لەسەر یەخەی غەمی تۆ پڕ بە کوردستان دەڵێم
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە
Kurdish_Poetry