✓ دەنگی کوردی
- دەنگ: حەسەن زیافەتی
- شیعر: عەبدوڵڵا پەشێو (1946 - 0000)
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
بەیانیان
وەک بەرخۆڵەیەکی ساوا
لەناو قەرسیلی پاراوا
تل دەخۆم و
گیایەکی تفت تێرتێر دەجووم
تا کفت دەبم
پێ و بەلەکم
لە شەونمی سارد هەڵدەسووم
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
وەک پەڵەهەورێکی نەوی
بەسەر کێڵگە سەوزەکانا دەخولێمەوە
وەک شەنگەبی
بەسەر چەم و
زنارەکانی کەنارا
شۆڕ ئەبمەوە
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
سەرنج دەدەم
گوڵەگەنم چۆن زەرد دەبێ
هەنار و سێو چۆن پێ دەگەن
قەتییەکان هێلانەیان چۆن چێ دەکەن
سەرنج دەدەم
زەڕنەقووتە چۆن باڵ دەگرێ
پەڕەسێلکە کۆچەرەکان
لەسەر سێمی کارەبای ڕێ
چۆن ڕیز دەبن
جۆگەلەکان لە کوێوە دێن
بۆ کوێ دەچن
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
لە گۆی مەمکی هەر کانییەک
قومەئاوێک دەخۆمەوە
گشتیان دەکەم بە دایکی خۆم
لە هەر ئەشکەوتێکا شەوێک
سەر بە گاشەبەردێ دەکەم
گشتیان دەکەم بە لانکی خۆم
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
زمانی گڕ دەهێنمەوە بۆ لاڵەکان
شاپەڕی گڕ دەهێنمەوە
بۆ فڕندە بێباڵەکان
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
نایەڵم لاوان گوڵ بچنن
بۆ گوڵدانی مردووی سەر مێز
فێریان دەکەم
کە چوونە ژوان
لە بەرۆکی کچانی دەن
پێش ئەوەی بیانگرنە ئامێز
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
زۆر جۆلانەی نەرم و سادە
بۆ مناڵان هەڵدەبەستم
جێژنی لەدایکبوونیانە
کە نییانە
بەشدار دەبم
لەباتی مۆم دادەگیرسێنم ئەنگوستم
گڕ بەردەدەم
لە گلێنەی چاوەکانم
لە ساواترین هەڵبەستم
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
ئەگەر ئەم جارە بێمەوە
هەر بێشکەیەکم بێتە ڕێ
بەشێنەیی
بەسەریا دەنووشتێمەوە
بەشینەیی
Kurdish_Poetry