٤٦٢٨

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

ئەوا سوڵتانی نەورۆزی سوپای تیپ تیپی هێناوە
ڕەنگاوڕەنگ ژاڵە و نەرگسی لە دەشتا خەیمەیی داوە

بە سروەی بای نەسیم کاوان شکاوە تەختی یەخبەندی
لەلایێ زایەڵەی تەیرە لەلایێ هاژەیی ئاوە

لەلایە زیڕەیی قوڵنگ لەلایێ نەعرەیی شاهین
لەلایێ قیژەیی کۆتر بە چنگی بازی شەهلاوە

لەلایێ خوێندنی سوێسکە لەلایێ قەهقەهەی پۆڕە
لەلایێ قاسپەی کەو تێ لە تەک فەجرا تێکەڵاوە

لەسەر ئەورەنگی زومڕووتی لە سەحرادا ئەڵێن نەرگس
وەکوو سوڵتانی نەورۆزی لەسەر تاجی تەڵای ناوە

دەڵێی ئەگریجەیی پەخش و پەریشانی نیگارانە
شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ ئەشنیۆوە بەدەم باوە

بە ڕەنگی خاڵی ئاوداری سەری گۆنایی گوڵڕەنگە
لە ڕوویی لالە ئەو خاڵەی بە ناز و عیشوە نەخشاوە

چیا ڕازاوەتۆ وەک بووک دەڵێی ئەم بووکە مەخسووسی
کەوای سەوز و کراسی سوور و سوخمەی زەردی پۆشاوە

لەباتی چەتفەیی سورمە بەنەوشە چارەکەی کۆڵیە
چ شیرین تازەبووکێکە بە گوڵ چارشێوی داداوە

بڕۆن یاران تەماشا کەن چەمەن ئارایشی خۆی کرد
بە گوڵ ڕەنگین بووە دێژێ بەهەشت هاتۆتە دنیاوە

لە پرشەی ڕەنگی عاقیقی گوڵەزەردە ئەبێت حەیران
سەحەرگاهان کە خۆر هەڵتێ و ئاو و ئاونگی لێ داوە

بە شوعلەی خۆر ئەڵێی مروارییە شەونم تریسکەی تێ
گوڵەخاشخاش دەڵێی لەعلە و وە یا پیرۆزە ڕژیاوە

تەماشای باغ و گوڵشەن کە دڵی سەد دڵ دەکا حەیران
دەڵێی وا جەننەت و فیردەوس لەسەر ئەرز جیلوەیی داوە

وەکوو ئاوازی سەمتوورە سەحەر بولبول ئەناڵێنێ
بە ڕەنگی کوڵمی مەحبووبە بە پەڕەی گوڵ غونچە پشکاوە

نموونەی پەرچەمی شێواوی پەخشی شۆخی تەننازە
پەشێوی سونبول و نەسرین و سۆسەن وا بە شەیداوە

لەسەر سەفحەی گوڵی شەستپەڕ ئەنووسێ خامەیی سۆسەن
بە ئەمری حەییی دادارە «ئەمین» ئەم ڕەنگە ڕێژیاوە

Kurdish_Poetry

٤٦٢٧

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: بەهجەت یەحیا (1965)
  • شیعر: وەفایی (1844 - 1902)

عاشق دەبێ مەستانە بێ خاکی دەری مەیخانە بێ
ساقی لەکن پەیمانە بێ هذا طريق العاشقين

لەم لاوە گریەی نای و نەی لەو لاوە خەندەی جامی مەی
ئاگر لە عالەم بەر بدەی هذا طريق العاشقين

تا دڵ نەسووتێ دەمبەدەم فانی نەبێ سەر تا قەدەم
پەروانە قەت ناگاتە شەم هذا طريق العاشقين

چاوم بە سۆزی دڵ تەڕە دەریایی ئاو و ئاورە
موتریب بڵێ ساقی وەرە هذا طريق العاشقين

Kurdish_Poetry

٤٦٢٦

✓ حەقیقی (1902 - 1996)

«کامیل» ئەو مانگی موبارەک فەڕز و ئەمری بارییە
مانگی نوێژ و تاعەت و سەرفترە وو دیندارییە

لەززەتی ڕۆژوو ئەتۆ تێ فکرە عەینی ڕەحمەتە
خواردنی ڕۆژێ ئەتۆ بڕوانە زەهری مارییە

دەنگی قوڕئانخوێندن و ئەڵڵاهووئەکبەر دێ مودام
کەی لە مانگی دیکەدا تۆ گوێت لە دەنگی قارییە

بیست و حەوتەم حامیلی قورئانە جەبریلی ئەمین
حامیلی وەحیی موبین بۆ ئەحمەدی موختارییە

لەیلەتولقەدرێ کە وا سەف سەف مەلاییک دێنە خوار
دەرکی ڕەحمەت بازە، عاسی! وەختی گریە و زارییە

دەرکی دۆزەخ داخرا دەرکی بەهەشت ئاواڵەیە
موژدە بێ ڕەحمەت دەبارێ باری عامی بارییە

سەیقەلی ژەنگی مسی ساڵێکە سەرفترە و زەکات
مشتوماڵی نەفس و ماڵە سوننەتێکی جارییە

مام مەلای بێچارە، کاروبارێکی دیکەی نییە
یازدە مانگان خەوتووە و ئەو مانگە وەختی کارییە

کاکە گیان ئێستا «حەقیقی» زەوقی جارانی نییە
تەبعی تۆ سەرشارە، ئەمما شێعری من بێعارییە

Kurdish_Poetry

٤٦٢٥

✓ مەحوی (1836 - 1906)

بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت
دەروونم کەیلی زووخی دەرد و غەم، بڕوانە چۆنم بۆت

ڕەقیبی سەگ حەزی بوو، کوشتمت، سەیری کە چۆنی بۆم
دوعا بۆ دەست و تێغت من دەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت

بە غەدداری نە وەک ناوت بەرن، بمئەنجنی، قەت من
شکاتی جەوری تۆ بەر کەس دەبەم؟ بڕوانە چۆنم بۆت

هەناسەی ئاگرینم بردەوە بەر، تا دەروونم سووت
بە ناڵە تا دڵت سەخڵەت نەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت

بیانوو بگرە، شێوەی خۆت بشێوێنە بە من کوشتن
وەها چاوی بەدت لێ لا دەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت

بە ئاوی گریە هەر دەم ناوی چاوم ششتووە، نەک جێت
بە خوێن ئاغوشتە بێ، تۆ، چاوەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت

غەمی خۆشی نییە «مەحوی» لە دڵیا، هەر غەمی تۆیە
لە عیشقتدا دەکەم غەم بۆ بەغەم، بڕوانە چۆنم بۆت

Kurdish_Poetry

٤٦٢٤

✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

نە تەنیا بەندەیی باڵایی مەوزوونت سنەوبەر بوو
عەلەم بوو، سەرو بوو، هەم نەیشەکەر بوو، نەخلی نەوبەر بوو

نە تەنیا گوڵ خەجاڵەت ما، لە ڕووی وا جوانی تۆ چاوم
کەتان بوو، پەڕنیان بوو، گیانەکەم دیبایی ئەخزەر بوو

نە تەنیا شۆر و غەوغا بوو، کە دوێ تەشریفی تۆ ڕۆیی
بەڵا بوو، فیتنە بوو، ئاشووب بوو، غەوغایی مەحشەر بوو

نە تەنیا یاسەمەن بوو مەسخەرەی سیمین بەناگوێی تۆ
سەمەن بوو، نەستەرەن بوو، لالە بوو، نەسرین و شەشپەڕ بوو

نە تەنیا هەر ڕەقیب بوو کامڕان لەو زولفە پڕچینەت
سەبا بوو، شانە بوو، مەششاتە بوو، عەنبەرچەیی زەڕ بوو

نە تەنیا هەر «ئیمامی» مات و مەبهووتی جەماڵت بوو
فوغان بوو، ناڵە بوو، خوێنی جگەر بوو، دیدەیی تەڕ بوو

Kurdish_Poetry

٤٦٢٣

✓ عاجز (1929 - 1967)

لە عیشقی چاوی غەممازی غەزەلخوانی نەکەم چ بکەم
لە نازی تاوسی چین، سینەسووزانی نەکەم چ بکەم

عەجائیب مانگی چاردەم دی، دوو مانگی یەکشەوەی پێ بوو
لەگەڵ دوو زەهرە لەم تەرتیبە حەیرانی نەکەم چ بکەم

لە باغی یار کە جاری بووی گوڵێکم کرد فیراقم بوو
ئیتر جانم فیدای خاوەن گوڵستانی نەکەم چ بکەم

شەڕابی لەعلی لێوی گەر بخۆن وەک من دەبن ڕیسوا
مەکەن لۆمەم کە فیکری مەیلی جارانی نەکەم چ بکەم

ڕەقیبی سەگسیفەت مەنعی ویسالی یاری لێ کردم
بە ئەفکار خۆم هیلاکی تیری موژگانی نەکەم چ بکەم

لە غەم تازە خەلاس نابی دڵی دێوانە و مەفتوون
نەما سەبرم خەیاڵی خەتت و خاڵانی نەکەم چ بکەم

لە حەسرەت ڕوویی لەیلا «عاجز» ـم مەجنوونسیفەت ناچار
وەکوو بولبول لە دەوری گوڵ سەحەرخوانی نەکەم چ بکەم

Kurdish_Poetry