✓ فەنایی
یاری من دایم لە موڵکی نازەنینی شایە ئەو
نەخشی خامەی کردگارە بۆیە بێهەمتایە ئەو
هەر چی من بیڵێم لە ئەوسافی حەمیدە و جوانی ئەو
ئەو بە حوسنی بێنەزیری زیاترە و هەر وایە ئەو
ماهی کەنعان شوعلەبەخشی شاری میسرە و میسرییان
شەمسی عالەمتابی ئێمە مەتلەعی بەتحایە ئەو
حوسنی خولق و سیرەتی وەک حوسنی ڕەنگ و سوورەتی
شاهیدی دەعوامە ئارێ گەوهەری یەکتایە ئەو
سەروی نازی نازداران پەیکەری ئەنواری حەق
مەحرەمی موڵکی حوزوورە شەوڕەوی ئەسرایە ئەو
فەخری ڕۆڵەی ئادەمە بۆ بەرتەری جینن و مەلەک
بۆ بە لەش دەعوەتکراوی بارەگای ئەعلایە ئەو
تا بە "قَابَ قَوْسَيْن" ئەو موشەڕڕەف بوو بە جیسم
سیدرەیە جەولانگەهی هەم "جَنَّةُ الْمَأْوى"ـیە ئەو
سەر بە سەرگەردی غوبار و گەرد و تۆزی ڕێگەکەی
چونکە باڵای خوشخەرامی تا بڵێی ڕەعنایە ئەو
سینە گەنجینەی عولوومی ئەووەڵین و ئاخرین
مەرکەزی ئەسراری کەنزی "عَلَّمَ الْأَسْمَا"ـیە ئەو
ڕاز و نازێ بەو دراوە بۆ سەراپەردەی حوزوور
ناڕەوایە بۆ کەسی تر پەیکی "أَوْ أَدْنَى"ـیە ئەو
حیکمەتی سونعی ئەزەل بوو وا بە ئەمری "كُنْ فَكَانْ"
خاڵ و ڕەمزی وەسڵی خەلق و عالەمی باڵایە ئەو
سیڕڕی موڵکی ماسیوایە نیکتەکەی عەهدی ئەلەست
بەسیە بۆ وەسفی لە عالەم مەرتەبەی " لَوْلَا"ـیە ئەو
باسی نازی ئەو «فەنایی» گەر ئەکا هەر بۆیەیە
تا بڵێن خامەی ئەویش خۆ خاوەنی هەودایە ئەو
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry