٤٢٧٨

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: مەزهەر خالقی (1938)
  • شیعر: نالی (1800 - 1877)

لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سفیدەی باخی سێوان

لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەر وەکوو شێت
بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان

دوو چاوی من کە وا کەیلی سوروشکن
دەپێون ئاوی بەحری خوێ بە پێوان

مەکەن لۆمەی پەشێوی دڵ کە ئەمشەو
پەشێواوە لەبەر پەرچەمپەشێوان

شەرابی لەعلی ڕوممانی لە «نالی»
حەرامە بێ مەزەی ماچێکی لێوان

Kurdish_Poetry

٣٦٠٢


✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: مەزهەر خالقی
  • شیعر: ئەحمەد موختار جاف

بە بەردی فیرقەتت شیشەی دڵی بێچارە مەشکێنە
لەناو زومرەیی ڕەقیبان عاشقی ئاوارە مەشکێنە

ئەگەر ڕۆح و دڵ و ئیمان تەڵەب کا بیدەرێ عاشق
کە تیفل و خوردساڵە قەت دڵی ئەو یارە مەشکێنە

دەخیلم ئەی نەسیمی سوبحگاهی مەسکەنی دڵمە
پەرێشانی مەکە تۆ زوڵفی ئەو نازدارە مەشکێنە

بە قەتڵ و کوشتنت موختارە عاشق شۆخی شیرینت
لەسەر ڕۆح و دڵت فەرمانی ئەو سالارە مەشکێنە

کە من پەروانەیی شەمعی سەری دوو کوڵمی تۆم جانا
دڵی «ئەحمەد» بە فیتنەی ئەو سەگی پەتیارە مەشکێنە

Kurdish_Poetry

٣٤٨٤


✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: مەزهەر خالقی
  • شیعر: پیرەمێرد

کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە
چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە
بچۆ سەر گردی یارە ببینە
لە جیهاندا گوڵێکی ڕەنگینە

ئەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارە
ڕوو بکەرە شاخی گۆیژە بنواڕە
عەرشی پەروەردگاری لێ دیارە
دامەنی وەک بەهەشتی ئاودارە

زەمزەمەی بولبولی بەهارانی
وردەبارانی ژێر دەوارانی
لە شەوی بەزمی سەرچنارانی
وشکەسۆفی ئەخاتە گۆرانی

Kurdish_Poetry

٣٣٧٦


✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: مەزهەر خالقی
  • شیعر: وەفایی

هێند نەخۆشی دەردی دووریم وەختە گیان و دڵ دەرێ
ئاخ نەسیمی سوبحدەم کوا عەرز و حاڵی من بەرێ

دەردەدارم، بێزبانم، بێدڵم، سەوداسەرم
ئاخ لەبۆ دڵمیهرەبانێ، هەمزبان و هەمسەرێ

کەس لە حاڵی سۆز و گریانی من ئاگادار نییە
ئاخ لەبۆ یەک حاڵزانێ دڵ پڕ ئاو و ئاورێ

بێ شەکەرخەندەی دەمت وەسڵی ڕوخت مومکین نییە
جەننەتم نابێ هەتا نەمشۆن بە ئاوی کەوسەرێ

پێم بڵێ وەجهی چییە زولفت موقیمی ڕوومەتە
خۆ بە شەرعی موستەفا جەننەت بە کافر نادرێ

با ئەدی بەس بێ جەفا بەو چاوە بیمارەت بڵێ
یا دەوای دەردم کەرەم کا یا لە دەردم هەڵگرێ

Kurdish_Poetry

٣٣٥٦



✓  دەنگی کوردی

  • دەنگ: مەزهەر خالقی
  • شیعر: بێخود

لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من
هەرچەند ئەگەرێم بێسەروشوێن ماوە دڵی من
ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من
یا خۆ بە چ داخێکەوە سووتاوە دڵی من
ئەو هەمدەمی غەمخوار و نەدیمی منە یا ڕەب
ئەو مەحرەمی ئەسرار و قەدیمی منە یا ڕەب
ئەو گەوهەری شەهوار و یەتیمی منە یا ڕەب
کەوتۆتە چ بەحرێکەوە خنکاوە دڵی من
لەو یۆسفە پرسیومە لە بێگانە و یاران
هەرگیز نییە سۆراخی لە هیچ لاوە دڵی من

Kurdish_Poetry

٣٢٩٣


✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: مەزهەر خالقی
  • شیعر: گۆران

خۆزگەم بە ساڵی ڕابوردوو
عومری کورتی دڵداریم بوو
لەپڕ ھات و لەناکاو چوو
یەک پڕ لە دنیا ئارەزوو
دەریایەک تاسە ئەمە دوو
جێ مابووم لە پاری مردوو
بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار
سەدھەزار جار خۆزگەم بە پار، منی ھەژار
خۆزگەم بە پار

ڕۆژ نەبوو چاوم بە دیدار
شاد نەبێ، نەسرەوێ ئازار
ڕۆژ نەبوو یار بە لەنجەولار
چەشنی ئاسکی ھەردی بەھار
بە بەردەمما نەکا گوزار
نەمپێکێ نیونیگای خومار
بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار
سەدھەزار جار خۆزگەم بە پار، منی ھەژار
خۆزگەم بە پار

بڵێن بە یار بێ ناوچاوێ
دیمان لەتاو دووری تاوێ
ئەیڕشت لە فرمێسک لافاوێ
ئاخی ھەڵئەکێشا تاوێ
بەیادی باڵالاولاوێ
چاوڕەشێ، ئەگریجەخاوێ
بڵێن بە یار، بڵێن بە یار، یاری نازدار
سەدھەزار جار خۆزگەم بە پار، منی ھەژار
خۆزگەم بە پار

Kurdish_Poetry