٤٥٥١
✓ ئەمین ئوشنوویی (1889 - 1954)
لە تاوی ئاتەشی دووری شەو و ڕۆژ سینە بریانە
لە دووری و داخی مەهجووری هەمیشە دیدە گریانە
ئەتۆ وا تێ مەگە شادم بە ئومێدی ویسالی تۆ
قەسەم بەو تاری گیسوویەت دڵم داییم پەرێشانە
خەیاڵی خۆت بنێرە تا ببێتە شادی بۆ حاڵم
تەماشا کە ببینە عاشقی تۆ جسمی بێجانە
چراغی ڕوویی خۆت توخوا شەوێک بۆ عاشقان هەڵکە
کە وەک پەروانە مەقسوودم لە دەوری شەمعێ سووتانە
مەگەر عەهدت نەدابوو شادومانی وەسڵی خۆتم کەی
دەنا ڕوحمێ بکە جارێ لەسەر ئەو عەهدی جارانە
بەهارە سەیری گوڵزارێ دەکا هەر کەس دەگەڵ یاری
لەبۆ من گەردشی باخان بەبێ تۆ حەپس و زیندانە
دەزانی ئەی گوڵی یەکتا لە هیجران و فیراقی تۆ
«ئەمینی ئوشنەوی» داییم وەکوو بولبول بە ئەفغانە
ڤەژینبوکس