٤٦٣٨

✓ کەمالی (1886 - 1974)

وەکوو زوڵفی بتان شێواوە حاڵی دەرهەمی دنیا
هەموو کاتێکی مەحکوومی نەمانە عالەمی دنیا

دەوامی هیچ نییە هەر ڕۆژە جۆرێکە ئەگۆڕێ زوو
لەلای زانا وەکوو یەک وایە شادی و ماتەمی دنیا

ئەوەی دانایە وەک یەک وایە لای ئیقباڵ و ئیدباری
قەراری هیچ لەسەر بارێ نییە زۆر و کەمی دنیا

ئەگەر شەکرت بداتێ ژەهری تێدایە نەکەی بیخۆی
دەخیلم خۆت بپارێزە لە شەهدی پڕسەمی دنیا

کەمن ڕەند و قەلەندەرمەشرەبم فەرقی نییە هەرگیز
لەلام هەر وەک یەکە کاسەی کەل و جامی جەمی دنیا

ئەگەر ئەهلی دڵی تۆ گوێ لە ناڵەی سازی دڵ بگرە
«کەمالی» گوێ مەدە ئاوازەیی زیل و بەمی دنیا

Kurdish_Poetry

٤٦٠٩

✓ کەمالی (1886 - 1974)

شەوی دووریت ئەوەندە گریە و هاوار و شینم کرد
بە خوێنی ئاڵی چاوم ڕەنگی سەفحەی سەرزەمینم کرد

کە دیم ئادەم نەوەی وەک تۆ لە پشتی دێتە دنیاوە
سوجوودی ئادەمم برد ڕەجمی شەیتانی لەعینم کرد

مورادم مەدحی زوڵف و ڕووی نیگاری شۆخەکەی خۆمە
کە هاتم وەسفی ماچین و نیگارستانی چینم کرد

ژیانی تازەیی بەخشی بە من یارم کە ڕێگەی دا
شەوی وەسڵی تەوافی لێوی موعجیزئافەرینم کرد

کە دیم زونناری زوڵف و پەرچەمی وەک شێخەکەی سەنعان
قوبووڵی مەزهەبی تەرسا و تەرکی عەقڵ و دینم کرد

لەناو باخا چنار و سەرو و عەرعەر شەرمەزار مابوون
«کەمالی» من کە مەدحی بەژنی یاری مەهجەبینم کرد

Kurdish_Poetry

٤٦٠٧

✓ کەمالی (1886 - 1974)

کە زوڵفت شانە کرد بۆی میسکی چین ڕووی ئاسمانی گرت
دەمی خەندە لە لێوت قەند و شەککەر ڕووی جیهانی گرت

بە غەمزە چاوەکەت پێکای دڵی عوششاقی بێچارە
عەجەب کە ئاسکێکە سەد هەزار شێری ژیانی گرت

نەما شەوقی بە جارێ مانگی چواردەت دەستبەجێ گیرا
کە ئەو شۆخە بەدەرکەوت هەر وەکوو خۆر لێوی بانی گرت

نەوەک ئینسان فریشتە و جن بە جارێ پێکیا دڵیان
لە موژگان و برۆی تا دلبەرم تیر و کەوانی گرت

بە ئانێ موڵکی سەبر و دڵمی کرد ئەو یارە ئیستیلا
وەکوو هیتلەر کە ئیقلیمی هەموو یۆنانیانی گرت

خەتی دا ڕوومەتی ئەو شۆخە فەرمووی ئەی «کەمالی» بۆچ
مەگەر حەشرە کە کافر کەعبەیی ئیسلامیانی گرت

Kurdish_Poetry

٤٥٥٦

✓ کەمالی (1886 - 1974)

نەک بە تەنیا سەبر و هۆشی عاشقی مسکین ئەبا
ئەو نیگارەی کافرە ئیمان و عەقڵ و دین ئەبا

تیرەبارانی کە کردم یار بە برژانگی وتی
ئەم شەهیدی عەشقە بۆ مەحشەر جلی خوێنین ئەبا

بۆ تەوافی کەعبەیی ڕووی چووم بە موشتاقی کەچی
زوڵفی کافر حوسنی وا بۆ من مەحاڵی چین ئەبا

پەرچەمی تاتای شکاندی قەدری شەوبۆ و یاسەمین
پێکەنینی حورمەتی گوڵشەککەر و هەنگوین ئەبا

گەر بچێتە سەیری گوڵزار و چەمەن ئەو دولبەرە
ئابڕووی گوڵخونچە و لالە و حەیای نەسرین ئەبا

داستانی عەشقی یاری من بزانن خەڵکی گەر
زەحمەتە کێ ناوی عەشقی کۆکەن و شیرین ئەبا

شاعیری کوردە «کەمالی» فیکری بیکر و وردی ئەو
وا ڕەواجی شیعرەکانی شاعیری پێشین ئەبا

Kurdish_Poetry

٤٥٤٢

✓ کەمالی (1886 - 1974)

جانا! دڵەکەم بەندە بە حەڵقەی سەری گێسووت
سا مەیخەرە بەر زەربەیی شمشێری دوو ئەبرووت

میهرت لە دڵم زەحمەتە ئەی شۆخی پەریڕوو
دەرچێ مەگەر ئەو ڕۆژە کە وا ئەمخەنە تابووت

گیان و دڵ و ئارام و قەزا و خیرەد و هۆش
بردی بە جەفا دیدەیی پڕفیتنەیی جادووت

چەند شێری ژیانت بە فەنا دا بە نیگاهێ
سوبحانە لە دەست قووەتی شێرئەفگەنی ئاهووت

هەر چەندە کە وا تاقەتەکەم تاقە بەبێ تۆ
پەیوەستە دڵم ئێستە لەگەڵ دەرد و غەما جووت

تا بووم دڵ و دینم بە فیدا کرد و کەچی تۆ
هەر جەور و جەفات کرد لە هەقم گیانە هەتا بووت

ئەو دیدەیی فەتتانەیە باعیس کە «کەمالی»
پڕفیتنە و ئاشووبە هەموو عالەمی ناسووت

Kurdish_Poetry

٤٥١١

 

✓ کەمالی (1886 - 1974)

بێ ویساڵت کەی تەمەننای جەننەتولمەئوا ئەکەم
بێ نیگاهت چۆن خەیاڵی بادە و سەهبا ئەکەم

بێ خەتت مومکین نییە دڵ دەم بە ڕێحانەی بەهەشت
بێ گوڵی ڕووت کەی تەماشای لالەیی حەمرا ئەکەم

شێوەیێکی چاوی مەخمووری نیگاری پێوەیە
بۆیە دائیم حەز لە سەیری نێرگزی شەهلا ئەکەم

ئیلتیفاتی با نەبێ ئەو شۆخە خۆ جەوری هەیە
مشتەری چاکم بە ڕۆح جەور و جەفای سەودا ئەکەم

من کە مەجنوونمەشرەبم چیمە بەسەر شارانەوە
شێتی لەیلم ڕوو لە کێو و هەردە و سەحرا ئەکەم

تۆ کە یارم بیت عەزیزم چیم بەسەر دنیاوەیە
تۆی مەبەستم ئیکە لەم دنیایە ئیستیغنا ئەکەم

بۆ فەلەک ناکەم تەنەززول هەر وەکوو نووری ئەڵێ
من بە چەرخی ئاسمانی سپڵە ئیستیهزا ئەکەم

Kurdish_Poetry

٤٤٨٩

 

✓ کەمالی (1886 - 1974)

بناغەی دەهری دوون ڕووخاوە یەکسەر تێک چووە ئاشی
بە جارێ تێک شکاوە و وردوخاشە بەرد و بەرداشی

فەلەک نادا هەتا ڕۆژی قیامەت مەقسەدی دانا
خەریکە هەر ئەدا عیززەت بە پیاوی سەرسەری و ناشی

لە مەکتەبخانەیی عەشقا شوکور یارم یەکەم دەرچوو
خودایە زوو ببێتە حاکم و من ببمە فەڕڕاشی

ئەگەرچی ئەمکوژێ چاوی بەڵام ئیحیام ئەکا دەرحاڵ
بە خەندەی لێوی لەعلی شەککەرئەفشانی نمەکپاشی

بە جارێ سەبر و ئارام و دڵی بردووم و خوشحاڵم
نەماوە غەیری ڕۆحم وا ئەویشم کرد بە پاداشی

خەتی دا ڕووی دڵارامم لەمەولا من نییە چارەم
«کەمالی» مەسڵەحەت وایە بڕۆم زوو ببمە سەرتاشی

Kurdish_Poetry

٤٤٣٤

 

✓ کەمالی (1886 - 1974)

حەیفە دانا بە جەفا و جەوری فەلەک خەمگین بێ
حەیفە ئاوێنەی دڵی ئەهلی سەفا ژەنگین بێ

چەرخی کەچڕەو کە سەباتێکی نییە خەم چ ئەخۆی
گەر بە میهر و شەفەقەت یا بە جەفا و قین بێ

لە کن ئەربابی مەحەببەت ئەوە ڕووسوورە کە ڕووی
هەر وەکوو لالە بە خوێناوی جگەر ڕەنگین بێ

هەموو هەر عارییەیە خەلسەت و کاڵایی جیهان
گەر کەوات ئەتڵەس و خارا بێ ئەگەر پەشمین بێ

کیبر و نەخوەت مەکە بۆ نیعمەتی دوو ڕۆژە «کەمال»
بۆ چی بێهوودە بەشت ڕەجم و تف و نەفرین بێ

Kurdish_Poetry

٤٤١٤

 

✓ کەمالی (1886 - 1974)

فەلەک نادا هەتا ڕۆژی قیامەت مەقسەدی دانا
ئەوەی دانا بێ داماوە هەمیشە وا لە زیندانا

دەخیلم ئەی سەبا تێکی نەدەی لانەی دڵی زارم
کە ئێستا وا لەناو پێچوخەمی زوڵفی پەرێشانا

نیگارم یا مەلەک یا خۆ پەری یا حۆرییە بێشک
مەحاڵ و سەعبە حوسنی وا تەجەللا کا لە ئینسانا

لە باخا پەست ئەبێ بۆ ئیمتحان و تەجرەبە ڕۆژێ
بەرانبەر کەن ئەگەر باڵات لەگەڵ سەروی خەرامانا

لە دووری تۆ هەمیشە شیوەن و زاری ئەکەم قوربان
ئەگەرچی وام لەناو جەمعی پەریڕوویانی تارانا

لەناو کوردی عێراقا ئەی «کەمالی» شیعری ڕەنگینت
ئەوەن مەرغووبە هەر وەک شیعری قائانی لە ئێرانا

Kurdish_Poetry

٤٤٠٨

 

✓ کەمالی (1886 - 1974)

لەناو شۆخانی شارا دلبەرم هات خودنمایی کرد
بە خوێنی جەرگەکەم سەرپەنجەیی دەستی حەنایی کرد

بە شەو بۆ پاسەوانی دەرکەکەی چووم من بیحەمدیللا
سەگی دەرگانەکەی هات و لەگەڵما ئاشنایی کرد

هەموو تاعاتی فلسێکی نەهێنا لای خودا زاهید
کە چونکە هەر چی کرد بێچارەیە هەر بۆ ڕیایی کرد

دڵ و هێز و هەناو و سەبر و هۆشی بردم و ڕۆیشت
نیگاری نازەنینم کاتێ مەیلی ماڵئاوایی کرد

لەبەر چی زویری لێم بێڕەحم و مروەت بۆ چی نازانی
لە ڕێگەی عەشقی تۆدا چەند «کەمالی» گیانفیدایی کرد

Kurdish_Poetry