٤٥٣٨

✓ دڵدار (1918 - 1948)

لە حەسرەت دەردی بێدەرمانی دووریت وا پەشۆکاوم
لە شێوانی جەفائامێزی مەئوای دڵ پەشێواوم

ئەزانی چی بە عەقڵ و هۆشی کردم قەشمەری خەلقی
گەلێ جار لێم ئەشێوا، خوایە چی بێ مەبدەئی ناوم

ئەڵێن: شێتی وەفای هاودەردی یاری میهر و دڵسۆزی
ئەڵێم: ڕاستە. ئەلێن: کوانێ؟ لە بەحری حیرەتا ماوم

دڵی خۆم خستە سەر سینی سزاواری و لەبۆتم نارد
کە هاتە بەردەمت داتە دەمی سەگ گوایە هەر خاوم

ڕەقیب و موددەعیش ئێستا بە لاما دێن بە گاڵتە و گەپ
بزانم تا بە زاری فیتنەجۆیی وا نەجووراوم

لە قاقای پێکەنینی فەوزی سەرگەرمی ئەدەن وەختێ
ئەبینن دوو دڵۆپەی ڕوون و گەرمی ئەشکی دوو چاوم

لە ئانی نەزعەتا بووم وشکەسۆفی هات و لێی پرسیم
وەفات چۆنە؟ وتم: بیللا لەسەر عەینی وەفا ماوم

Kurdish_Poetry

٣٩٢٥

 

✓ دڵدار

  • لەگەڵ جاهد پێکەوە دایان ناوە

شەهبازی یا شەهێنی، شاهی یا شەهلاری تۆ
بێدڵی بێمروەتی عاشقکوژی خوونخواری تۆ

زاڵمی غارەتگەری تاڵانبەری بۆ گیان و دڵ
لەشکری تاتارییە دوو زوڵفەکەی تاتاری تۆ

حاکمێکی مەست و بێباکی، ئەبەد ڕەحمت نییە
مایلی فەتتانییە دوو چاوەکەی سەححاری تۆ

ئەنوەرە بۆ گشتی عالەم زوڵمەتی دوو زوڵفەکەت
زوڵمەتە بۆ من بەتەنها ئەنوەری ڕوخساری تۆ

بەسیەتی جا ئەی سەنەم با باری میحنەت لا بەرین
کەعبە کەچ نابێ کە ساتێ بێینە نێو گوڵزاری تۆ

مەجلیسی مەستی ببەستین خۆم و خۆت ئەی نازەنین
کەی ئەبێ جارێ ببم من مەستی شەککەرباری تۆ

قەت نەکەی «جاهد» مەدەد لەم شۆخی وا کەچمەزهەبە
چونکە «دڵدار»ـم ئەزانم نایەتە هاواری تۆ

Kurdish_Poetry

٣٨٩١

 

✓ دڵدار

مەی لە بەردەم بێ کە ئیمرۆ عادەتێکی جارییە
عادەتی چی؟ موئنسی چی؟ پیشەیی بێکارییە

جامی یێکەم فڕ ئەکەیت تۆ هەستی دڵشادی دەکەی
شاد و نۆشی چی بێ یاران عیللەتێکی سارییە

عیللەتی سیحەت ئەبا، غارەتگەرێکە، نیگبەتە
لازمە تەسلیمی کەی، تەسلیمی کەی، ناچارییە

هەر کەسێ ئیدمانی مەی کرد خۆی ئەخاتە داوەکەی
ئاخری هەر ڕەنجەڕۆیە هەم لە عیزەت عارییە

فەرقی ئینسان و وڵاغ ئەندیشەیە، ئەندیشەیە
بۆ نەمامی عەقل و ئیدراک مەی دزێکی کارییە

چەند کەسێکم من ئەناسین خاوەنی جاهـ و شەرەف
ئێستە مەنکووبی شەرابن پیشەیان غەمخوارییە

سیححەت و ماڵ و شەرەف ڕۆیی لە باجی بادەیان
عەیش و نۆش هەر زیللەتە تا ئاخیرەت یەکجارییە

ئەی نەکەی گیانە بنۆشی ئەم ئەداتەی موخریبە
چونکە ناوی خۆش و کاری عەینی ژاری مارییە

Kurdish_Poetry

٣٤٧٦

 

✓ دڵدار

چاوەکانم لێڵ و وێڵ بوو کوا ستارەم دەرنەکەوت
دڵ لەتاوی دەردی کڵپەی سەند وەکوو ئاور و نەوت

ڕۆژ هەڵات و زیندەگی دا گشتی عالەم کەوتە ئیش
چاوەنۆڕی ئوفقی دوورم ڕۆژی من کوا دەرنەکەوت

ئەی خودایە تاریی نیگبەت کەی ئەبێ لاچێ خودا
تا بەکەی چەنگەچڕێ من سا لەگەڵ تۆ هەشت و حەوت

بەسیەتی «دڵدار» زەمانی شیعری بێمەعنا نەما
هەڵسە چارەی دەردەکەت کە بێ تەفەککور ڕێگە چەوت

بێت و ئەسپێ چەند ئەسڵ بێ سواری چالاکی نەبێ
قابیلە دەرچێ لە مەیدانی جیدال و جێگەڕەوت

Kurdish_Poetry

٣٠٨٢

 

✓ دڵدار

  • لەگەڵ عەونی بەیەکەوە دایان ناوە

دڵ لە بەینی تەلعەتی ڕوو و زوڵفەکەی دەیجوورتە
گاهێ مەیلی شەو ئەکات و گاهێ مەیلی نوورتە

بەحری عوممانی سروشکم وا بەدەم گریانەوە
پڕ لە دانەی گەوهەرە هەم لەعلی وێنەی سوورتە

بادەکەت پڕ ژەهری مار بێ، پێم بدەی نۆشی ئەکەم
چونکە تەبعم هێند موتیعە بەندەیی میسوورتە

سا ئەزانی چەند پەشێوە ئەو دڵەی بیماری من
پەیکراوی تیری غەمزەی چاوەکەی مەخموورتە

ئاسمانی حوسنی ڕوخسارت لە ئەبرۆ و چەرخی ڕوو
تاقی ئەبرۆت دوو هیلال و چەرخی کوڵمەی خوورتە

خونچەکەی نەشکوفتەیی لێوت لە باغی مەقسەدم
تا دەمی پشکۆتنی دڵ بولبولی مەنزوورتە

ئارەزووی ئەم شیعرە «دڵدار» تۆ لە «عەونی» بۆ ئەکەی
چونکە ئەم غەمبارە دائیم بۆ وەتەن مەجبوورتە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry 

٣٠٦٩

 

✓ دڵدار

کوردستانی خۆش، نیشتمانی جوان
تۆ قیبلەگاهی منی بێ گومان

چاوم پشکووتووی شاخەکانتە
فێری ژیانی باخەکانتە

دەنگی شمشاڵی شوانەکانت
زریق و باقی جوانەکانت

قاسپەی کەوانی قەد کێوەکانت
خوڕەی ئاوەکەی نشێوەکانت

ئەمانە هەمووی گوێیان کردمەوە
هەوێنی شعری دڵیان گرتمەوە

نەونەمامێ بووم لەم خاکە ڕووام
بە خۆشەویستیی وڵات ئاو درام

بەڵێ کوردستان تۆ منت خولقان
تۆ منت خولقان پێت بەخشیم ژیان

خۆشیی ژیانم، خۆشیی ژینتە
ئێشی ژینی من، ڕۆژی شینتە

چونکە کوردستان، نیشتمانی جوان
تۆ قیبلەگاهی دڵی بێ گومان

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry 

٣٠١٨

 

✓ دڵدار

دڵ بەدووی ئەفسانە کەوت و وای ئەزانی وا ئەبێ
ئیشی دنیا ڕەنجی پێ ناوێ بە خۆی کۆتا ئەبێ

نەیدەزانی ئەو بە ئارەق داری ئوممێد ئاو بدا
گەر بە خوێن پەینی بکا ئەوجا سەمەر پەیدا ئەبێ

لەفزی "نابێ" نابێ بیزانی کە لاوی کوردی تۆ
هەر بە کۆشش دێتە بەر باغی ئەمەل ئیحیا ئەبێ

تالیع و ئیقباڵە وەهمی پایەبەندی بێ هونەر
عەزمی مەردانەت بێ هەر چیت نیاز بێ وا ئەبێ

ئەی برا لادە لە فکری کۆن و زوو سا ڕاپەڕە
کارەکەت چارێک بخە ڕەنجت هەبێ خۆی چا ئەبێ

مردنە ژینت بە بێکاری لە سستی لابدە
هەر بە ڕەنجی لاوی وەک تۆ نیشتمان ئاوا ئەبێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٨٣

 

✓ دڵدار

تەبیب نەیزانی حاڵی من چ جۆرە دەردەدارێکم
بە کام عیللەت گرفتار و لەبەر چی شەوبێدارێکم
وتم پێی عاشقی مەئیووس و مات و خاکسارێکم
زەدەی تیری نیگاهی فیتنەپەردازی نیگارێکم
گیراوی داوی زوڵفی موشکباری گوڵعوزارێکم

ئەمان مردم لە داخی دڵ لەبەر گریان و هاواری
درێغ سووتام لە قرچەی ئاگری ئێشان و ئازاری
تەبیبی چی حەکیمی چی بە من چی عیلم و گوفتاری
ئەوی نەیدیبێ ئێشی دڵ وە یا ئالامی دڵداری
چووزانێ من لە ئێشان و چ ئازار و فگارێکم

ئەمن تەنها و بێ پەروا بەڵای دەوران هەزاران لەک
لە ئەم ئاشووبە داماوم بەبێ ڕێگا و بێ مەسلەک
نەجاتم دەی لە ئەم حاڵە بەلوتفی خۆت خودایی یەک
لە دەشتی نائومێدیدا بەدەم بادی قەدەر هەر وەک
پەڵاشێ وام کە هەر ساتەی لە گۆشە یا کەنارێکم

چ سوودێکی هەیە بۆ حاڵی ئێستاکەم کە وا چۆن بووم
چ دەرمانی دڵی چاکم ئەکا ڕۆژانی ڕابوردووم
ئەزانی چۆنە ئەحواڵم لە دەستی بەختی نەحس و شووم
بە ڕۆژ ترسا و تاساوی زڕەی کاسی شەوی پێشووم
بە شەو سەرخۆش و مەستی جامی قەهری ڕۆزگارێکم

ئەڵێن پێم غونچەیی عومرت بەبێهوودە مەژاکێنە
ئەوی یەزدان بڵێ تەقدیر ئەبێ سەفحەی مەگەچڵێنە
تەحەممول کە فیغان بەس بێ بە گریە خۆت مەفەوتێنە
ئەرێ ئەی ناسیحی موشفیق بەبێ سوود دڵ مەڕەنجێنە
سەبر دەرمانی دڵ ناکا کە من پەیوەندی یارێکم

ئەمەندە یارێکی غەددارە و لە تەعزیبدانێ فەننانە
لە بێباکی و ئەتواری، زوحاک سەرسام و حەیرانە
میسالێکت لەبۆ بێنم، ئەمن ئەی واعیزی دانا
سەروسامانی لاوێتیم لە ڕێگەی ڕازی ئەو دانا
لە دەرگانەی وەفای هێشتا هەژار و لێوبەبارێکم

گەلێ جار پێی ئەلێم ئەی چاوخەواڵووی نێرگزی شەهلا
مەیل کە چۆن ئەسووتێ دڵ لە گڵپەی ئاگری مەیلا
ئەڵێ وەختم چییە ئایا مەوێستە سا بڕۆ بەو لا
ئەرێ چۆن پشت بە دڵداریم ببەستم وا من و لەیلا
گەلێ دوورین لە یەکتر ئەو لە بارێ من لە بارێکم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٥٤

 

✓ دڵدار

زەدەی تیری نیگاهی فیتنەپەردازی نیگارێکم
گیراوی داوی زوڵفی موشکباری گوڵعوزارێکم

ئەوی نەیدیبێ نێشی دڵ و یا ئازاری دڵداری
چووزانێ من لە ئێشانی چ سووتان و فگارێکم

لە دەشتی نائومێدیدا بەدەم بایی قەدەر هەر وەک
پەڵاشێ وام کە هەر ساتێ لە گۆشە یا کەنارێکم

بە ڕوژ ترساو و تاساوی زڕەی کاسەی شەوی پێشووم
بە شەو سەرخۆش و مەستی جامی قەهری ڕۆژگارێکم

ئەرێ ئەی دەستی دڵسۆزم بەبێ سووچ من مەڕەنجێنە
سەبر دەرمانی دڵ ناکا کە من پەیوەندی یارێکم

سەر و مایەی جەوانی خۆم لە ڕێگەی ڕازی ئەو دانا
لە دەرگانەی وەفای هێشتا هەژار و لێوبەبارێکم

ئەبێ چون پشت بە دڵداریم ببەستم تاکوو ئێستێکە
گەلێ دوورین لە یەکتر ئەو لە بارێ من لە بارێکم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨٧٦

 

✓ دڵدار

کەسێ کەس بێ لە دونیادا کەساسی دەستی دەورانە
لە ژینا ناکەسی بەدکار لە جاهی عیززەت و شانە

گوناهی کەس ئەبێ چی بێ، بەغەیرەز کەسبی سەربەرزی
بەقەد خەندەی کەسی ناکەس ئەوەندەش ئەو لە گریانە

برا نابێ تەعەججوب کەی لە وەزعی ناکەس و دووڕوو
کە وا ئەفلاک و گەردوونیش وەکوو ڕووی ئەو لە گۆڕانە

تەبیعەت قاعیدەی وایە لەگەڵ گۆڕاو برادۆستە
ئەوی سابیت بێ ساکین بێ لە بەهرەی ژینی حیرمانە

ژیان خەونێکە ئەیبینین، بەتیژی دێت و ئەڕواتن
لە پەنهانی نیهاندا ئەوی دانا بێ نادانە

لە هیچدا بەدی هاتی، بەرەو هیچیش ئەڕۆی غافڵ
لە بەینی هەر دوو هیچدا خەراباتی بژی گیانە

عیبادەت چی بوو نەتزانی بەغەیرەز نێرە بیدۆشە
سەری خۆت بۆ دەئێشێنی، سەفا نسیانە، نسیانە

بە مەستی خۆت لە پەستی عەقڵ و ئەندیشە تەوەللا کە
ئەوی ڕۆییوە، ڕۆییوە، ئەوی نەبووە لە پەنهانە

ئەرێ ئەی یاری تەنهاییم، نەدیمی هەمدەمی پەستی
لەگەڵ تۆم ساقی هەموار و خەلیفەی پیری مەیخانە

دەسا کوا جامەکەی دوێنێت کە قووتی گیانی تێدا بوو
دە خێرا تێ کە بۆم چونکە لە پەستی مەستی دەرمانە

دەسا مەی جامەکەی جامی سەری کەی بێ فەلاتوون بێ
بنۆشە باوەڕیت وا بێ کە لەم کاروانە کار وانە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry