٢٨٧٩
✓ زێوەر
بام ڕۆژانەکەم یەک دوو قڕان بێ
خواردنم وەکوو سەپان و شوان بێ
با لەشم ڕووت و دەردم گران بێ
بەڵام تا مردن بێ درۆکردن
عەشقی نیشتمان دەرناکەم لە گیان
بام بۆ زۆرداران بچەوسێمەوە
با لە بێگاریان نەحەسێمەوە
شپرزە نابم هەڵئەسێمەوە
چونکە تا مردن بێ درۆکردن
بەرزیی وڵاتم بۆتە ئاواتم
هەرچەند جێگەی خەڵق کۆشک و تەلار بێ
جێی منیش قۆختە و زنج و دەوار بێ
بەڵام پێویستە کە شوێنم دیار بێ
بە بوون و نەبوون بە پەستیی گەردوون
لە خزمەتکردن نابم تا مردن
بە قسە و نووسین بە دەست و زوبان
هەوڵ ئەدەم کوردی نەبەردی زەمان
بخەمە سەر ڕێی بڵندی ژیان
هەتا کوردزوبان لە خۆشیی ژیان
بێ بەهرە نەبن چ پیاو و چ ژن
ئەمەوێ عالەم تێ بگەێنم
بیری نوێ لەناو کوردا ئەچێنم
ڕەگی بیری کۆن لەبن دەردێنم
دەسیسەی ناپاک ئەنێمە ژێر خاک
ئاواتی دوژمن دەردێنم لەبن
نامەوێ بژی کۆنەپەرستی
ئاو ئەدەم بە خوێن گوڵی سەربەستی
پێم قووت نادرێ دیلی و ژێردەستی
بە دەنگی دلێر وەکوو بێچووەشێر
هاوار ئەکەم من بڕووخێ دوژمن
بەڵام پێویستە ئاوەڵەکانم
بەکوڵ ئەوانیش شان بەنە شانم
بۆ بەرزیی کورد و بۆ کوردستانم
هەتا پیر و جوان یەکدڵ یەکزوبان
بەختی نەکەین خۆ نابین سەربەخۆ