✓ سوارە ئیلخانیزادە (1937 - 1976)

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.
کاک حەسەنی سوهرابی کە ناوی هونەریی خۆیی ناوە «سەبا» نامەیەکی بۆ نووسیوین و قوتابیی دەبیرستانێکی بۆکانە و پارچەشیعرێکی بۆ ناردووین:

شەهیدی تیر و پەیکانی، عەزیز و چاوکەژاڵێکم
بە ساتێ دای بەدەم بادا، بەوەڵڵا ڕەنجی ساڵێکم

هەموو ئەقوام و ئەغیارم، ئەکەن مەنعم بە سەوداییت
بەڵام بێحاسڵە پەندم، عەجەب وێرانەماڵێکم

لەتاوی دەبدەبەی عیشقی، بەدایم مەست و سەرخۆشم
خەریکی ڕەسم و نەققاشی، برۆچەنگ و هیلالێکم

لە تیپی پەرچەم و زولفی، شکاوە عەسگەری ئەقڵم
ئەگەر سوڵتانی ڕۆمیش بم، ئەسیری ڕشتەتاڵێکم

چ لاوێ نوکتەزانم من، ئەڵێی پیرێکی سەدساڵەم
لە ڕەمزی مەدرەسەی عیشقا بەعەینەن وەک مناڵێکم

وەکوو مەجنوونەکەی شەیدا ڕەئیسی عاشقان وێڵم
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ   ئەپرسن گەر هەواڵێکم

لە دەرسی مەدرەسەی مەجنوون، چ شاگردێکی مومتازم
خەریکی جەمع و تەفریقی جەبین و وردەخاڵێکم

عەبەس بوو بۆ ڕەقیبانم، هەموو تەهدید و تەحبیبم
لە مەیدانی وەفا، ناڕۆم بە چەپڵە و قرمەقاڵێکم

ئەوا خەڵکان هەموو مەستی شەڕابی گیانی گیانانن
بڵێم چی کاری لەش وایە، فیدایی قەدد و شاڵێکم

«سەبا» ـش وا کەوتە بەر تەعنەی ڕەقیبان و حەسوودانی
درێغ ئەی هاتفی بەختم، خودا نەیدا مەجالێکم

Kurdish_Poetry