١٨٧٠

 

✓ مەدهۆش

دڵم بۆ خۆش نەبێ یارم بەرامبەر من وەستاوە
لەسایەی خواوە هێشتا عەشقی جارانی لەلا ماوە

ئەگەر لوتفی ببێ ساتێ لەلام دانیشێ ئەو شۆخە
هەتا ئەمرم منەتباری ئەبم دایم لەمەولاوە

وەرن سەیری جوانی و دڵڕفێنی بەژن و باڵا کەن
بەشەر بەم ڕەنگە هەر نابێ سەرم لەم جوانە سوڕماوە

ئەگەر نازیش بکا توخوا دڵی مەشکێنن ئەی یاران
کە داوای چی بکا دڵبەر بەسەر ڕۆح و بەسەر چاوە

نە وەک هەر من بەتەنیا بێقەرار و کوشتەی عەشقم
هەزاران عاشقی بێچارە هەر بەم ڕەنگە فەوتاوە

بە لەنجەولار و هاتوچۆی شێت و [مەدهۆش]ـم
لە سەر تا پای تەماشا کەن چ خەوشی تیا نەبینراوە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

١٦٠٦

عەرەب بە تێکڕا پەرۆشی چاون 
گیرۆدەی قژ و ئەگریجەی خاون

تورکان لەشولار بە جوان ئەزانن
بە چاوی هونەر لە ڕووت ئەڕوانن

فارس بۆ ڕان و سمت و ساق وێڵن
قەستە بە چاو و بە چنگ بیکێڵن

غەربی بۆ صووڕ و سەما بەجۆشن
زیاتر بۆ ماچی دەم بەپەرۆشن

کورد کە پەروەردەی لوتکەی چیایە
ئارەزوی لەگەڵ مەمکی قوتایە

جگە لەمانەش لە هەر ولاتێ 
دڵ و چاو وێڵن لە دووی ئاواتێ

هەر یەک بە جۆرێ لە جوان ئەڕوانن
شوێنێکی دیاری بە تاک ئەزانن

هەرچەندە تەنها بەژنی ڕێک جوانە
هەر کەس بەشێکی لا دەست نیشانە

هەندێ حەز ئەکەن کەمێ لاواز بێ
بۆ زۆرانبازی و ڕاکردن ساز بێ

گەلێ کەس ئەڵێن کەمێ گۆشتن بێ 
بۆ هەڵگوشین و جێ دەست خڕپن بێ

لای گەلێ سەوزە و ڕەشتاڵە جوانە
ئەڵێن خوێنگەرمی ماڵی زستانە

لای هەندێ سپی یا بەفر و خوێن بێ
سەیری ڕوخساری خەفەتڕەوێن بێ

لاوان ئارەزووی دەستبازی ئەکەن
پیر حەز لە مەنگی و هاوڕازی ئەکەن

شاعیر بەرەو ڕووی جوانان ئەوەستن
بزێوی ناکەن هەر جوانپەرستن

گەر لە من پرسن ئەی تۆ چیت ئەوێ
خۆم چیم وتووە هەموویم ئەوێ


موحەممەد عەلی مەدهۆش