٤٦٥٧
✓ ناری (1874 - 1943)
غەمی شێخ و فیراقی تۆ کە باری شانی پیریمە
بە ئەمری حوکمی بەدبەختی وەزیفە و ڕەسمی پیریمە
نەما ڕەسم و غەزەل ئەمڕۆ لە بازاڕی خەیاڵاتا
هەناسەی سەخت و سۆزی دڵ ...
تەمەنناکردنی ئاوی حەیاتی وەسڵی تۆ بۆ من
لە خاترمایە نازانم لە شێتی یا لە ژیریمە
لە وەقتی پیرییا عەکسی جوانی تۆیە هەمڕازم
عەسا سوورەت لە گەردشدا ئەساسی دەستگیریمە
بە ڕەسمی یاوەری مومکین نەبوو سەرفی جوانی کەم
بە پیری تازە فکر و غائیلەی ڕوتبەی موشیریمە
قەزا بۆ دڵ لەبۆ قائیممەقامی وەسڵی تۆ هیجرت
وتی دەرچۆ لە فرمانی قەزا نۆبەی مودیریمە
بە من چی نیعمەتی دیوانی ئەعیانی سلێمانی
کە سفرەی هیجری تۆ غارەتگەری تەختی ئەمیریمە
لەسەر سفرەی فیراقت مایلی تیعدادی نیعمەت کەم
ئەلەم چا، قاوە میحنەت، کفتە غەم، هەم نانی تیریمە
مەڵێ کەمتاقەت و بێدوورییە «ناری» لە سەختیدا
لەگەڵ هیجرانی تۆ، مانم نیشانەی بێنەزیریمە