✓ ئەحسەن موفتی
نزیکە دڵ بتاوێتۆ بەتاوی تیلەیی چاوی
بە تاڵێکی لە موژگانی بە نووری پورتەوی تاوی
بە نەرمەی لەنجەیی خەندەی بە شەهدی لێوی قەنداوی
پەڕەی گوڵناری گۆناکەی، بە جۆش و ڕەحمی لێشاوی
بە ئاوازی دەفەی سینەی، بە چاوگەی ئەشکی خووناوی
بە سۆزی نەرمەیی ڕازی، هەموو کەوتوونەتە داوی
بە سەوزەی عەرعەری باڵای، بە نێچیری موژەی چاوی
بەوەی تەنها بە تیرێکی، ژوانگەی بوو لەبۆ ڕاوی
بە ناڵەی دڵ کە شەیدایە، کە تەنها تۆی لەبۆ ماوی
لە شوێنی شای ضیا و نەجم و عەلا و مەولای لەجێماوی
ئەگەر بێت و لە زەلکاوی خەیاڵاتا بە جێماوی
وەکوو کوشتەی "سیامەندی" لەناو داوی "خەجێ" ماوی
لە ئەنفاسی گڕەی گەرمی بەهاری لێزەمەی تاوی
ئەتۆ بەرکەوتەیی نووری چراخانی لەناکاوی
شەها قوربانی لوتفت بم ئەتۆ بۆ ئێمە ڕەخساوی
بپرسە تۆ لە حاڵی من، لە ناسۆر و لە تاڵاوی
لە ڕۆژی دەی موحەڕڕەمدا لە عاشورایی خوێناوی
ئەوا ڕووی کردە ئەستانەت بە ڕەنگی هەڵبزوڕکاوی
بە کۆڵێ ئێش و ئازار و بە نەفسی پیسی دەرداویی
وەکوو سواڵکەر لە قاپیتا ئەپاڕێتۆ بەداماویی
دەسم دامێنی میهری تۆ، لە تام و چێژ و خۆشاوی
خودا بۆ خاتری تۆیە کە تینوومە لەبەر ماوی
بنۆشم تا تەن و ڕۆحم نەجاتی بێ لە ژەهراویی
نەقشبەندیم نەوەک گیانم بمێنێتۆ بەشێواوی
ئەوا «ئەحسەن» لەتاوی تۆ لەبیریشی چووە ناوی
دەبا بەختی لە کارا بێ نەمێنێتۆ بە بەسراوی
خوا ڕەحمت هەتا سەر بێ، بفەرموو تۆ بەخشراوی
بە خاسان و سیڕاجەددین، بە یارانی لەڕێماوی
© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry