٢٦٣٥
✓ موحیب مەهابادی
شەوی قەدرە و دڵم موشتاقی ڕووتە
خودا عومرێکە چاوی من لەدووتە
تەمەننامە کە خۆتم پێ نیشان دەی
کە تەنیا ئارەزوومە ئەو هووبووتە
لەپێش مردن لە تۆم داوایە دیتن
کە عالەم تێ بگا ئاوایە دیتن
ڕوخی تۆ تا نەبینێ کوێرە ئینسان
لە کوێی سۆمایی بۆ دنیایە دیتن
شەوی قەدرە و منم مەستی حوزوورت
لە شەش لاوە دەکەم هەستی حوزوورت
بەقوربان نووری لوتف و ڕەحمەتت بم
چ ڕووح سووکە لەژێر دەستی حوزوورت
شەهیدم بۆ نیشانی بێ نیشانیت
لە دەریایی وجوودت بوومە کانیت
حیجابم لادە ئەی عیشقم عەزیزم
کە ئاگادارە گیان بۆ میهرەبانیت
شەوی قەدرە و «موحیب» هەر چاوەڕێتە
کە بیبینێ دەمێکی چاوی لێتە
لە هەر چی بیر ئەکا خۆ سەرتری لێی
لە سۆی ڕوخساری بێوێنەی تۆ شێتە
ڤەژینبوکس