٤٦٢٨

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

ئەوا سوڵتانی نەورۆزی سوپای تیپ تیپی هێناوە
ڕەنگاوڕەنگ ژاڵە و نەرگسی لە دەشتا خەیمەیی داوە

بە سروەی بای نەسیم کاوان شکاوە تەختی یەخبەندی
لەلایێ زایەڵەی تەیرە لەلایێ هاژەیی ئاوە

لەلایە زیڕەیی قوڵنگ لەلایێ نەعرەیی شاهین
لەلایێ قیژەیی کۆتر بە چنگی بازی شەهلاوە

لەلایێ خوێندنی سوێسکە لەلایێ قەهقەهەی پۆڕە
لەلایێ قاسپەی کەو تێ لە تەک فەجرا تێکەڵاوە

لەسەر ئەورەنگی زومڕووتی لە سەحرادا ئەڵێن نەرگس
وەکوو سوڵتانی نەورۆزی لەسەر تاجی تەڵای ناوە

دەڵێی ئەگریجەیی پەخش و پەریشانی نیگارانە
شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ ئەشنیۆوە بەدەم باوە

بە ڕەنگی خاڵی ئاوداری سەری گۆنایی گوڵڕەنگە
لە ڕوویی لالە ئەو خاڵەی بە ناز و عیشوە نەخشاوە

چیا ڕازاوەتۆ وەک بووک دەڵێی ئەم بووکە مەخسووسی
کەوای سەوز و کراسی سوور و سوخمەی زەردی پۆشاوە

لەباتی چەتفەیی سورمە بەنەوشە چارەکەی کۆڵیە
چ شیرین تازەبووکێکە بە گوڵ چارشێوی داداوە

بڕۆن یاران تەماشا کەن چەمەن ئارایشی خۆی کرد
بە گوڵ ڕەنگین بووە دێژێ بەهەشت هاتۆتە دنیاوە

لە پرشەی ڕەنگی عاقیقی گوڵەزەردە ئەبێت حەیران
سەحەرگاهان کە خۆر هەڵتێ و ئاو و ئاونگی لێ داوە

بە شوعلەی خۆر ئەڵێی مروارییە شەونم تریسکەی تێ
گوڵەخاشخاش دەڵێی لەعلە و وە یا پیرۆزە ڕژیاوە

تەماشای باغ و گوڵشەن کە دڵی سەد دڵ دەکا حەیران
دەڵێی وا جەننەت و فیردەوس لەسەر ئەرز جیلوەیی داوە

وەکوو ئاوازی سەمتوورە سەحەر بولبول ئەناڵێنێ
بە ڕەنگی کوڵمی مەحبووبە بە پەڕەی گوڵ غونچە پشکاوە

نموونەی پەرچەمی شێواوی پەخشی شۆخی تەننازە
پەشێوی سونبول و نەسرین و سۆسەن وا بە شەیداوە

لەسەر سەفحەی گوڵی شەستپەڕ ئەنووسێ خامەیی سۆسەن
بە ئەمری حەییی دادارە «ئەمین» ئەم ڕەنگە ڕێژیاوە

Kurdish_Poetry

٤٤٥٤

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: شۆڕش مەحموودی
  • شیعر: هەژار (1921 - 1991)

مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری

بە تیشکە تێک شکا سوپای کڕێوە
هەواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە

فەرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ
چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ

با دەرکەون، کوڵ و کەسەر بنێژن
با ڕۆژی ڕزگاری بکەن بە جێژن

شەماڵ، گەواڵ گەواڵ هەور بنێرێ
ئاهەنگ و بەزمی جەژنی پێ بسپێرێ

هەور لە دەشت و شیو و پۆپەشاخان
کردی بە تۆپتەقاندن و چراخان

شەماڵە، گاڵەگاڵیەتی و لە کارە
هەڵگرنەوە شاباشی شای بەهارە

Kurdish_Poetry

 

٤٢٤٦

 

✓ مەزڵووم (1916 - 1955)

نەورۆز بەخێر بێی جەژنی نەوبەهار
دنیات نەجات دا لە سەرما یەکجار

سوپای عەدلی تۆ گەیشتە لامان
نوقمین لە گوڵدا سەر تا بەدامان

بە هەوات لە جێی گەرمیان و کوێستان
گوڵ خێمەی هەڵدا بەیداغی چەقان

درەختی دەشت و چیا و لاپاڵان
کردیان بە بەردا کەوای سەوز و جوان

دەستەی گوڵی جوان، پەسەندی نازدار
خۆی ئاریش دا لە کانی و کۆسار

نێرگسی ڕووخۆش وەک جوانی سەرمەس
خۆی کرد بە ساقی و پیاڵەی زەڕ بەدەس

کەنێرە بۆنی خۆشی حازر کرد
بە بۆنی خۆشی جیهانی پڕ کرد

لە وشکەچەمان ئاوان جاری بوون
ئاوەڵ و چەمەن گشت سەوز و شین بوون

هاژەی قەڵبەزان شمشاڵی لێ دا
بای وەعدەی بەهار لە هەڵپەڕکێدا

مەلانی عاشق لە گوڵزاری شین
بەستە ئەخوێنن بە لەهجەی شیرین

گڕ وەک ئاگری زەردەشت هەڵگیرسا
«مەزڵووم» لە مەدحت دەنگیشی نووسا

Kurdish_Poetry

٣٧٨٨

 

✓ ئەحمەد موختار جاف

خەڵقە وا فەسڵی بەهارە و من گەڵاڕێزانمە
پیرم و تازە تەمەننای وەسڵی گوڵڕوویانمە

وا مەزانە ڕۆحەکەم تەنهام لە کونجی عوزلەتا

عەکسی ڕووی تۆ مەجلیسئارا و زینەتی ئەیوانمە

بەسیەتی زاهید حیکایەی جەننەت و ڕۆژی جەزا
بەرگی خوێنینم نیشانە و حوججەتی غوفڕانمە

تەرکی کەم چاکە بەهەشتی بەزمی جانانە ئیتر
چونکە وەک ئادەم ڕەقیبی سەگسیفەت شەیتانمە

ئەی نیگاری بێوەفا ئەی شۆخی هەورامی نەسەب
دوور لە تۆ کەی مەیلی گەشتی گوڵشەنی تارانمە

قامەتم گەر وا خەمە و حاڵم پەرێشانە ڕەفیق
تێ بگە تەمسیلی ئەبرۆ و پەرچەمی جانانمە

گەر بڵێی دەستم کەوێ من خاکی بەر دەرگانەکەت
کەی هەوای تەخت و سەریری قەیسەر و خاقانمە

هەرکە دیم شەونم لەسەر ڕوخساری گوڵ دوێنێ لە باغ
یادی ڕووی تۆم کرد و بۆیە ئارەزووی گریانمە

Kurdish_Poetry

٣٧٨٧

 

✓ ئەسیری

ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیەو پیرۆز بێ
دوژمنی ئێوە کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
وا ستارەی بەختی کورد ڕووی کردە بورجی سەعدەوە
هاتەوە فەسڵی بەهاری ئەو بە ئیفای وەعدەوە
مژدەیی نەورۆزی هێناوە بە گرمەی ڕەعدەوە

سەوزە سەر دەردەخەن، لە باوەشی مەهدەوە
هاتنی ئەم ڕۆژە هەنگی خستە کار و جەهدەوە
ڕۆحی گوڵ دەگرێ و دەچێ دەیکاتە شانەی شەهدەوە
ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیەو پیرۆز بێ
دوژمنی ئێوە کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ

Kurdish_Poetry

٣٧٨٦

 

✓ سالم

تیروەش دەی مەهـ گوزەشت و عەهدی نیسان هاتەوە
بولبولی بێدڵ لە دەوری گوڵ بە ئەفغان هاتەوە

سەختگیری کرد ئەگەر سەرما وەکوو ئەفراسیاب
بادی نەورۆزی بەمیسلی پووری دەستان هاتەوە

لەشکری گوڵ جوملە خەندانن دەڵێن سەرما شکا
تا سولەیمانی سەبا بۆ دێوی زستان هاتەوە

باغە پەژموردەی خەزان و خوڕڕەمی ئەوقاتی حووت
ماهی نەورۆزی بەعەکسی ماهی ئابان هاتەوە

بای شەماڵ هێنایە جونبوش قامەتی سەروی سەهی
بۆ خیابانی چەمەن قومری بە ناڵان هاتەوە

سارە دڵدادەی شکۆفەی شاخساری تەرفی باغ
بێخود و ڕەققاس و سەرمەست و غەزەلخوان هاتەوە

بۆ شکۆفەی تیفلواری یەکشەبەی شاخی درەخت
ڕەحمەتی ئیزەد لەگەڵ هەر قەترە باران هاتەوە

ڕووبەڕووی تیفلی نەباتاتی چەمەن موشتاقوار
دایەیی ئەبری بەهاری ئەشکڕێزان هاتەوە

دەنگی سەد ڕەنگی کوڵنگ و قاز و سۆنە و بۆرچین
سازوەش هەر سوو لە گوێی سەبزە و شەتاوان هاتەوە

سەیری گوڵشەن کەن لە چیهرەی گوڵ شەوی ئوردیبیهیشت
هەر تەرەف بۆ مەجلیسی بولبول چراغان هاتەوە

سەبزە وەک مەخمەڵ لە هەر جا فەرشە بۆ سەحنی چەمەن
مەوسیمی عەیش و تەرەب بۆ مەیپەرستان هاتەوە

بۆ دەماغم عەهدی گوڵ ئەفسوردەگی سەردی نەما
تا لە گوڵشەندا بە سەرما بۆیی ڕەیحان هاتەوە

Kurdish_Poetry

٣٣٧٠

 

✓ حەمدی

بەھ بەھ چ ڕۆژێکی نەوە، هەی هەی چ عومرێکی نەوە
هەوا دەریایی پرتەوە، گوڵ بۆ چەمەن بەسەر ڕەوە
سەوزە جڵەوکێشی ئەوە، دنیا وەک باغی خوسرەوە
شیرینە جێی سەیرانەکەم، ئەمما بدەی جەژنانەکەم

سەحرا هەموو سەوز و سوورە، چەشمە مەنابیعی نوورە
گڵ وەک کلی کێوی توورە، نەغمەی نەسیمی سەمتوورە
زەمین بەهەشتی پڕحوورە، عالەم غەمی لە دڵ دوورە
جارێ بدە جەژنانەکەم، ئەوسا وەرە سەیرانەکەم

گوڵزارێکە چ ڕەنگینە، دنیا سپی و سوور و شینە
لالە و وەنەوشە و نەسرینە، ڕەیحانە و مینا چینچینە
شەستپەڕ خەریکی پەرژینە، هەر ڕۆژی وا ڕۆژی ژینە
زوو کە بدە جەژنانەکەم، تێکی مەدە سەیرانەکەم

هێنایە لەنجە دەستی چڵ، وەک جامی بادە عەتر و گوڵ
عەرعەر تەقانی دەست و پل، سەما سەما ئەکا بە خول
نەی کەوتە خوێندنی بە دڵ، نابێ ببم زیاتر خەجڵ
زۆری بدەی جەژنانەکەم، خۆشی ئەکەم سەیرانەکەم

ئەووەڵی ڕۆژی بەهارە، هەوا پاک و میشکبارە
فەسڵی کەنار و جۆبارە، جامم لە نەشئەی سەر شارە
وەعدەی ویساڵی دڵدارە، هەر جارێکە و هەر ئەم جارە
بەسیە بدە جەژنانەکەم، بەڵکوو بچمە سەیرانەکەم

تۆ ماهی و من ئەختەرت، تۆ شاهی و من ئەفسەرت
تۆ ئەهلی دڵ من دڵبەرت، تۆ یاری و من یاوەرت
تۆ ئاغای و من نۆکەرت، ڕۆحم بەسەر گەردی سەرت
کوانێ بدە جەژنانەکەم، ماتەڵ نەبێ سەیرانەکەم

گوڵ غەرقی ئاو و ڕەنگە، غونچە دەم و دڵ تەنگە
نێرگز گێژ و دەبەنگە، بولبول لەسەر ئاهەنگە
ڕۆژێکی شۆخ و شەنگە، لوتفێ بکە درەنگە
بێنە بدە جەژنانەکەم، بچم بۆ سەر سەیرانەکەم

قەدەح مەست بوو ڕشایەوە، عومر لە نوێ نووسرایەوە
گوڵ پێ کەنی گەشایەوە، شەونم وەک من بەشایەوە
چرۆی درەخت ژیایەوە، غونچە دڵی کرایەوە
با بەس بڵێم جەژنانەکەم، زایەع نەبێ سەیرانەکەم

وەتەن غەرقی عیشوە و نازە، ئەلحەق لە ئەرزا مومتازە
قەلی شەلی ئەڵێی قازە، کەوی هەموو ئەڵێی بازە
بە قاعیدە ئەمەند شازە، وەختە بڵێم کە ئیعجازە
ڕۆیشتوون هاوڕێکانم، بیدە پارەی گیرفانەکەم

Kurdish_Poetry

٣٣٦٩



✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: ناسر ڕەزای
  • شیعر: پیرەمێرد

ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێپەست بوو تاکوو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار

ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
موژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بەعشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە

وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە

تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا

پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین

Kurdish_Poetry

٢٤٨٥

 

✓ مەحوی

شنەی بادی بەھاری ھاتەوە خۆشی لە تۆ بولبول
بە شایی ھاتی گوڵ کۆکی کە سازی چەھچەھە و غولغول

چەمەن ھەر سەرو و نەسرینە لە تەرزی خوابگەی شیرین
سەری کێوانە یەکسەر وەک کەناری کۆھکەن ھەر گوڵ

چ شۆرێکی جنوونی پێوەیە بای ئەم بەھارانە
لە شارا ھەر زڕەی زنجیرە سەحرا شۆڕشی بولبول

دەبینی «قل هُو الله»ـخوێنەکانی کونجی مزگەوتان
ڕووەو سەحرا کە دەبیەن وا سوراحی ھاتەوە قولقول

دەبینم سیبحە دەر دەستانی ملکەچ بوو لەتەکیانا
لە سەحنی گوڵشەنا سەرمەست و دەستەملانی شیشەی مول

ھەموو خوێنی شەھان و تاجدارانە لە بن خاکا
کە وا ھەوری بەھاری سەرزەمینی پێ دەکا گوڵ گوڵ

زوبانی لاڵە بۆ حەیرانە حاڵی بۆ پەرێشانە
لە سۆسەن دەفکرم ((مەحوی)) لە وەزعی نێرگس و سونبول

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٤٨٤

 

✓ گۆران

وشکەچەم وەک جەوری سەردەم ھەڵساوە
بەرگی سەوز و نەرمی بەھار ژاکاوە

تەڵانی ناو باخی پڕفەرشی گیای سەوز
لێڵاوی باراناو کردوویە بە حەوز

لە لێواری حەوزا گوڵاڵە و بەیبوون
ساوان و ئەلەرزن لەتاو نوقومبوون

درەختی ھەڵووژەی بەفرداپۆشیو
دارسێوی ڕازاوە بە پۆیلانەی زیو

ھەڵاڵەی وەراندوون تەوژمی باران
وەک بووکی ڕووتکراو کەوتوونە گریان

لە بەرپێی نەمامی چوالەدا سەوزاو
لە ڕوومەت تکاوە ڕژاوەتە ئاو

گوڵباخی گەشاوەی گەڵا تێکشکاو
بە کوڵمیا دێتە خوار ئارەق لە گوڵاو

وەک یاری شەرمنی دەسلەملئاڵاو
بە گووپچڕ دەربازبووی شانە و قژشێواو

ئەمەیە دیمەنی پاش وەشتی نیسان
پێشێلی ستەمە گشت شتێکی جوان

تا ھەوری ڕووی ئاسمان دڕ ئەدا و ھەتاو
ئارامیی شیرینتر ئەخاتەوە ناو

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry