٤٥٣٣

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

هۆنراوەکانم پەپوولەن
بەشوێن وشەی دڵا ئەفڕن
گەرا، لەناو گیانا ئەخەن
لە دەروونا، وچان ئەگرن

ئاوێنەی پڕشنگی ئاسۆن
گزنگی دەمەوبەیانن
شەونمی سەر پێڵووی چرۆن
شنەی هەواری کوێستانن

هەڵبەستەکانم باوەڕن
نائومێدی و خەم ئەنێژن
ڕێی تاریکی ژیان ئەبڕن
بۆ ئازادی، خوێن ئەڕێژن

مەشخەڵی دەست جەنگاوەرن
بەڵێنی ڕێی کۆڵنەدانن
لوولەی تفەنگی سەنگەرن
سروودی دەم شەهیدانن

ناڵەی دەروونی هەژارن
کسپەی دایکی سکسووتاون
بازووی کوردی کرێکارن
هۆرەی دوای جووتی جووتیارن

هەڵبەستەکانم، سنووریان
نییە و سەربەست یەن و ئەچن
هەموو دونیا، هەموو ژیان
لە باوەشی خۆیان ئەگرن

Kurdish_Poetry

٤٤٧٨

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

ئەو گۆمەی چیرۆکنووسەکەی
تیا خنکێنرا
چاوی بەناو بنیا گێڕا
کە ورد بۆوە
ڕوانی ئەو شوێنەی
قەڵەمی تیا نووستووە
ماسییەسوورەی دایک
گەرای هەزاران کورتەچیرۆکی
تیا خستووە

Kurdish_Poetry

٤٤١٣

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

چەند ساڵێکە چاومان یەکتری ئەناسێت و کەچی ئەتوت
زۆر دەمێکە لق و چڵمان ئاوێزانی یەکتری بوون و
چەند ڕۆژێ بوو کەچی وامان ئەزانی لە دەڤەری خۆشەویستیدا
لە ئاوێتەبوونی ئاوی گیاندا بووین بە دوو ئاوانێ
تۆ لە ورمێ ـوە هاتبووی
لە دەریاچەوە بۆنی گوڵەستێرەی ئاوی و
لە باکوورەوە بۆنی ڕێحانەڕەشەی کاکۆڵی ژنە شوکاکی و
بۆنی بەستێنی سۆزێکی تەڕوبڕت
لەگەڵ خۆتدا هێنابوو

منیش لە پیرەمەگروون ـەوە لەگەڵ خۆمدا
مانگەشەوی شیعری گۆران و
کوڕژنی سروودەکانی بێکەس و
لە خۆراواوە ڕەنگی گریان و زایەڵەی
ژنانی گەرمیانم بۆ هێنابووی

من تاڵەقژێکی ڕیشی نالی ـم دایە دەستت و
تۆیش ئاخێکی هەڵقرچاوی سینەی وەفایی بۆ شیرین

تۆ چریکەی سەیید عەلی ئەسغەر ت
کردبوو بە شەدەی سەرت و
منیش ئەڵڵاوەیسییەکەی عەلی مەردان ـم
کردبوو بە چاوگی گڕە و لە دەنگما بۆم هێنابووی

خۆزیا لە نزیکەوە ئەو کۆترەم نەناسیایە
خۆزیا لە نزیکەوە ئەو دارچوالەیەم نەبینیایە

لە بەفر ئەچوو لە وەختی پێکەنیندا
لە پەپوولە ئەچوو لە وەختی پەیڤیندا
لە سروە ئەچوو لە وەختی ڕێکردندا
لە کانی عاشقان ئەچوو لە وەختی دڵتەنگیدا
لە کڵپەیەکی نارنجیش ئەچوو لە وەختی سووتاندا

خۆزیا لە نزیکەوە ئەو وشە ئێسکسووکەم نەئەبینی
خۆزیا لە نزیکەوە ئەو خەونە سپییەم نەئەناسی

Kurdish_Poetry

٤٣٨٦

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

مێژووم سەفەر ئەکەم و
لەگەڵ خۆمدا شۆڕشەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس تەماشای خوێنم ناکات

دووکەڵم ئەسووڕێمەوە و
لەگەڵ خۆمدا دێهاتەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر چاوی کەس ناکزێتەوە بەم دووکەڵە

لاواندنەوەم ئەخولێمەوە و
لەگەڵ خۆمدا سێدارەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس گوێ ناگرێ لەم کۆتەڵە

چیرۆکم درێژ ئەبمەوە و
لەگەڵ خۆمدا قرچەقرچی شەقامەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس بۆنی بۆکڕووز ناکات

Kurdish_Poetry

٤٣٧٦

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

وەختێ ڕووبارێک بەند ئەکرێ
ڕووبارەکانی تر لە جووڵە و ڕۆیشتن ناکەون و
سەرچاوە هەر هاژەیەتی

کە لووتکەی شاخێک ئەگیرێت
سەد لووتکەی تر سەر هەڵەبڕن

درەختێکمان پێوەند ئەکەن
لە گشت لاوە
دارستان و بێشەڵانمان ڕائەپەڕن

کە هەڵۆیەک زنجیر ئەکەن
سەدان هەڵۆمان باڵ ئەگرن

ئەوان ئۆجەلانـیان فڕاند
بەڵام هەرگیز بەربەرییەکان بۆیان ناکرێ
لەناو گیانی ملیۆناندا، خۆشەویستی ئۆجەلان و
عەشقی خاک و کوردایەتی و تیشکی ئازادی بفڕێنن

چۆن ئەتوانن شاخ بفڕێنن
مانگی شەهیدان بفڕێنن
شار بفڕێنن
خۆر بفڕێنن
سروودەکانمان بفڕێنن

چۆن ئەتوانن سلەیمانی و دیاربەکر بەنج بکەن و
چۆن ئەتوانن ئاگری نەورۆز پێوەند کەن و
بە چی چاوی ڕەشەبامان ئەبەستنەوە
چۆن زریان و شەپۆلەکان کۆت ئەکەن و
چۆن ئەتوانن زەریاچەی وان بگوێزنەوە
بە چی کەلەپچەی باوەڕ و هەقمان ئەکەن

لەگەڵتانم
لەم شەوەدا و لەناوتاندا ئەنگوستی شیعرم هەڵ ئەکەم
ئەگەر هیچیشم پێ نەکرێ، خۆ من خەونی پەپوولەیەک
لەبەر شەوقی پەنجەکانما ئەهێنمە دی

Kurdish_Poetry

٤٣٦٠

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

هاوڕێکەم!
بۆت نووسیبووم
بە کێوەکانی شیعرەکەت
بڵێ، بۆ چی
پەستن... ئەگرین؟
بۆ نازانی
ئەی هاوڕێ؟!
ئەو کێوەی هەڵۆی تیا نەبوو
پێ ناکەنێ!

هاوڕێکەم!
ئەوەتا وا
سنوورەکان بوون بە گاسن
بەسەر کێڵگەی لەشی مندا
دێن و ئەچن
وەرە پشتم هەڵبەرەوە
چی ئەبینی
- چۆن نازانم!
نەخشەیەکی کوردستانی
ئەنجنئەنجن.

Kurdish_Poetry

٤٣٢٧

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

لە بازاڕدا
لە مێردمنداڵێکم پرسی
- نوقڵت ئەوێ یان شیعرێکی
ترش و شیرین؟
- نوقڵ
کرێکارێک سەری هێنابووە پێشەوە
دەموچاوی هەر لە پەنجەکێشی ئەچوو
- ئەی تۆ نامیلکەیەکی سیاسیی تازە و گەرم
یان کولێرەیەک لە دەمی مردوو ساردتر؟
- کولێرەیەک.
- ئەی تۆ دایکە ڕەشپۆشەکە؟
ئاگردان و نێڵەنێڵی تەندووری ناو
پەیڕەوی هەموو حیزبەکان
یاخود تەنەکەیەک نەوت؟
- نەوت... نەوت!
دوایی بە هەر سێکیانم وت:
نوقڵی تاڵ و
سەرمای تاڵ و
نانی تاڵ و
ئاوی تاڵ و
یاخود عەزیا و چاوی بەعس و
پێکەنینی «ئەبوو نەدا»؟!
وەختێ لێیان ورد بوومەوە
وەکوو برسییەتی گرژ بوون
وەکوو بازاڕ سارد بوونەوە و
بەدەم ڕۆیشتنەوە وتیان
- بڵێ مەرگ و زەهری مار و
هەر ئەوان نا!

Kurdish_Poetry

٤١٦١

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

لە کۆشکێکدا چەپکەگوڵێ
بە گوڵدانە زێڕینەکەی خۆی، ئەمەی وت:
تا دوێنێ بوو
هەتا لەو دەشتودەرە بووم
تا گەدا بۆنی ئەکردم
گەڵایش چەتری سەوزی دەستی
بەر باران و هەتاوم بوو
لە باڵندە و درەختەوە تا با و بەفر
ئاشنا و ڕۆشنا و هاوڕێم بوون
تاقانەی خۆشەویستی بووم
ماچم گوڵاوی ناودەمی ژیانم بوو

لە دوێنێوە کە هاتوومە
ناو باوەشی کۆشکی تۆوە
لووتی پاشا بۆنی عومرم هەڵئەمژێ
خۆم ئەبینم وا ئێستاکە
من بوومەتە چوکڵی چقڵێ
کە سۆمای چاوی بەهاری
خۆی ئەکوژێ

Kurdish_Poetry

٤١٠١

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

لە واگۆنی نامۆییدا
سێ قەڵەم بووین
پێک گەیشتین
لە دوای ئەوەی، وشەکانمان
باوەشیان کرد بە یەکتردا و
زامەکانمان یەکیان ماچ کرد
یەک کابینەیش بوو بە قەڵەمدانی ئێمە و
تیا دانیشتین
شیلی
فەلەستین
کوردستان
لەناو سەنگەری هەواڵ و ناڵە و گرمەی دەنگوباسدا
هاتینە سەر سێڕێیانی
ژمارەی قۆچی قوربانی
شیلی لەسەر
پشتی بلیتەکەی نووسی
هەزاران هەزار قوربانی
فەلەستینیش لیستەی ئامارێکی پێ بوو
لەو ژمارەیەی تێ پەڕان
من ژمارەم بۆ نەنووسین
لیستەیشم بۆ دەر نەهێنان
لە پەنجەرەی واگۆنەوە
بە ئاماژەی پەنجەکانم
لقوپۆپ و گەڵا و چڵی
بێشەیەکم پێ نیشاندان

Kurdish_Poetry

٤٠٨٧

 

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

وەکوو کەشتیی بنکونتێبوو
تەماشای ئەم دڵەم ئەکەم
هەر ئاو ئەچێتە ناویەوە و
ئاو دەر ئەدەم
هەتا جامێ لە خەمی کۆن هەڵەهێنجم
جامێکی تر، خەمی تازە لەجێیەتی
ئا ئەم کەشتییە شپرزەیە
نە ئەوەتا نوقم ببێ
نە ئەوەتایش لەم گەرداوی شەوگارەدا
لە ڕۆخێکدا لەنگەر بگرێ

Kurdish_Poetry