٣٨٧٥
✓ موستەفا هوشیار
تف لە شار هەر چاوەچاویانە لەنێو ماشێنەوە
دەستی ماندووم بگرە، با دەر چین و بملاوێنەوە
سەر کەوین بۆ کێوەڕەش پڕسێبەرە بۆ ژوانی دڵ
داری هەستی من غەزەل بگرێ، ئەتۆش بیخوێنەوە
ڕاخەرێک، لاوێچێ توو، دوو ئیستکان چایی گەرم
چش! جەماوەر ساردوسڕ دێن و بەگژ خۆ دێنەوە
ئارەزووی پەنجەم هەنارە و باسی ئاڵام بۆ دەکەی!
لانی تۆ دەگرم لە ئاخر، دەستی من دادێنەوە
لەو سەرە گاڵتە دەکەین بەو شارە قەت پێ ناکەنێ
تۆش بزەت بێت و لەخۆشیان ماچەکەم بستێنەوە
تازە ئاوێکە ڕژاوە، چۆن بسەلمێنم بە گەل؟
بێ ئەشق عومریان بەفیرۆ چوو، لە هیچ دەخولێنەوە
دەستلەمل، تێکەڵ بە یەک، چاویش لە دوور و پێک دەڵێین
تۆ بڵێی ڕۆژێک خەنی بین، کۆچی یاران بێنەوە
- کێوەڕەش کێو و سەیرانگایەکە بەرانبەر بە ناڵەشکێنەی بۆکان
٣٨٥١
✓ موستەفا هوشیار
باسی جوانی تۆم گەلێک کردووە لەنێو شایی غەزەل
باشە بێ شاباشی ماچت چۆن لەڕووت دێ هەڵپەڕی
٣٤٥٧
✓ موستەفا هوشیار
گەرچی کلڕێژە بە خەم چاوی غەزەل دایم تەڕە
تۆ بە سەمفۆنی وشەم پێت خۆشە بێ من هەڵپەڕە
چون گەلێک کەمتەرخەمیت کرد دەرحەقی شێعری دڵم
بۆ شڕۆڤە ئێستە نابێ، دەستی لێ دەی، پەڕپەڕە
حەیفە دووکانی ئەوین با گاڵە نەدرێ بۆیە تۆ
دەست بە جامخانەی دڵمدا بێنە دوایی تێ پەڕە
خۆبەخش خۆم خستە نێو زیندانی دایم چونکە یار
پەڵپی خۆڕایی لە من دەگرێ، گەلێک ئههلی شەڕە
چون بە عیشقت فرچکی گرتووە قەڵەم، ئەی نیشتمان
تاکوو ڕۆژنامەی تەمەن دەرچێ هەواڵت سەرپەڕە
باوە ئەوڕۆ ماف هەتا زۆرت نەبێ ناستێندرێ
کێ دەپرسێ لەو گەلەی چەوساوەیە یان لاشەڕە
تۆ دەدەی باوێشک و کارت بۆتە خەونووچکە بەڵام
بووکی ئازادی بەئاسان نایەتە ژوان ڕاپەڕە
٣٤٢٨
✓ موستەفا هوشیار
وەک گەڵای زەرد هەڵوەریوم نایەڵن بگرم وچان
شاربەدەر دەکرێم لە باخی خۆم بەدەست قامچی خەزان
من کە چرپی عومری خۆم سووتاند لە ئاورگی حەزت
ساردوسڕ بۆ چی دەڕۆی تاڵ بوو بە بێتۆیی ژیان
خەم سەپانی بێحەیایە تا دەری کەم دێتەوە
لای سەرێی گرتووە لە من داگیری کردووە دیوەخان
هەوری ڕەش پەنگاوی کرد بۆیە لە ئاسمانی شێعر
کەسنەکێڵم ماچی باران ڕەنگە بیکا ئاوەدان
ناوەشێ ئەوڕۆ لە شیعری تازە باسی زولفی یار
بۆتە ناسنامەی غەزەل لێدوان لە عیشقی نیشتمان
بێ ئەوین شاعیر دەروونی پڕگرێیە بۆیە خاک
تا هەتایە تاقەعیشقە قەت لەلام نابێ بە دووان
٣٤٢٧
✓ موستەفا هوشیار
هیچم ناوێ لە دوای مەرگ
تەنیا لە تەنیشت مەزارم
نەمامێکی سێو، بستێک خاک
بارانیش خۆی بێمنەتە
وەرزم چەند جار بەسەردا بێ
سێوی سوور و
کراسی سپیی شکۆفە و
گەڵای سەوز
دەبێتە ئاڵای مەزارم
ڕۆژیش بۆ خۆی
چەپکێک تیشک دەخاتە ناوقەدی چرۆم
شاعیر بۆیە قەت نامرێ
دەشەکێتەوە بێوچان
ئاڵای شێعری
٣٣٩٣
✓ موستەفا هوشیار
حەیفە شاعیر لێی بتۆرێی شۆخی جارانم وەرە
وەک شەقامێکی شەکەت بێ تۆ پەرێشانم وەرە
تۆ کە ڕۆیشتی سیاساڵ وەرزی عومری داتەنی
کانی شێعرم وشک هەڵاتوە بەختەبارانم وەره
شادەئیمانم لەسەر دەستی ئەوینت بوو گوڵم
بۆ لە دینم وەردەگێڕی شەرحی ئیمانم وەرە
دیوی تاریکی خەیاڵم پڕ لە دێوی ماتەمە
پەنجەرەی ماڵی دڵم بە، بۆ پشوودانم وەرە
دەنگی پێت وەک قام و لاوک دۆڵی شێعری ڕادەژاند
چۆڵە دەربەندی غەزەل ئەی سۆزی حەیرانم وەرە
تۆ لە خۆم بووی بۆیە پێم خۆش بوو کە داگیرم بکەی
ئێستە وەک خاکی بەدەست بێگانە وێرانم وەرە
پێم دەڵێن تۆ بۆ گەمە خۆت کردە دۆی شێعر و غەزەل
گوێ بە تانەی خەڵکی نادەم چاوبەگریانم وەرە
٣٣٤٨
✓ موستەفا هوشیار
دێ شەوەی یادت لەپڕ کۆرپەی خەیاڵی من دەبا
لێت بەزیاد بێ بێخەوی شەو، ئەو نەبا چم کردبا
دوورپەرێز کەوتووم لە خەرمانی قژت، چۆن ئیرەیی
من نەبم بەو "با"ـیە کاتی خۆی لە زولفت سەر دەبا
دەستبەئەژنۆم و لەلایەک دەستبەدوعا چاوەڕێم
دەستوبرد زریان گەواڵەی نامورادی لاببا
چش لە دڵ، خۆزگە پەپوولەی ئاوەدانی بێ ترس
بێ لەسەر پەلکی مەراقی نیشتمانم نیشتبا
تۆزی گرت و هەڵوەری گوڵدانی شێعرم بێ بزەت
شین دەگێڕێ پەنجەرە بۆم، خۆزگە تۆ نەتهێشتبا
شاعیری شێتی شەقامی شارم و بۆم دەرکەوت
گەر ئەوین یەک لایەنە بێ، سەد بریا هەرگیز نەبا
بۆ قدیلکەی هەستی من تاریفی لێوت کرد چەلێک
چی دەبوو دەسخۆشی شێعرم، نوقڵی ماچم چێشتبا
٣٣٢٢
✓ موستەفا هوشیار
حەولی خۆڕاییم گەلێک دا شۆێنی تۆ پڕ بێتەوە
گەمژە بووم بەفری ئەوینت قەت لە دڵ ناچێتەوە
یادی تۆ پەنگاوی کرد و پەندی پێ دام بۆیە من
بۆتە پیشەم شەونخوونی تا بەیانیم دێتەوە
خۆزگە بەو ڕۆژەی بە لاتدا تێ پەڕیم و ئاوڕت
کاری خۆی کرد و هەهانێ چۆن برین دەکولێتەوە
من بەئانقەست تەرحی چاوت دێنمە نێو قاپی غەزەل
تا خەیاڵ مەست بێ کەمێک باری خەمم سووک بێتەوە
ئارەزوومە وەک شنە داگیر بکەم پرچی ڕەشت
بۆیە پەنجەم پێدزە دێ، وا نەکەی بسڵێتەوە
دڵ کە منداڵە بە نوقڵی لێوی خۆت شادی بکە
گەورەیی خەرجی هەیە، حەیفە، نەکا بشکێتەوە
یادی یارە دەمگری و سەرخۆش دەنووسم بۆی غەزەل
من قەسیدەی خۆم دەنووسم خۆزگە بیخوێنێتەوە
٣٢٩٢
✓ موستەفا هوشیار
من بە یاسای ئاشقی هاتم، سەرم داناوە بۆت
تاکوو شادت کەم بە بەیتێک، سەد وشە کوژراوە بۆت
گەر بە شەرع و نۆرە بێ، لێوم دەبێ پاراو بکەی
زۆر خەساری دیوە چاوم، سەردەمێک گریاوە بۆت
تۆ بزەت بێ، تا لە شێعرم شین ببێ زەردەی کەسک
چون لەمێژە دڵ پرێسکەی سواڵی خۆی داناوە بۆت
جووتیەک و جووتشەش لە من زیزن لە نەردی ئاشقی
با بدۆڕێم، فەخرە، مۆرەی چرکە لێم فەوتاوە بۆت
بێ پڕیشکەی نازی تۆ، دەشتی تەمەن خەمخۆرکی گرت
بۆ چی ناپڕژێی بە سەر من، پەلکی حەز ژاکاوە بۆت
گەر غەزەل ڕووگرژە، تاوانبار ئەتۆی چاو لێ کە؛ چاو
قەت نەبوە جارێک کە ساماڵ بێت و هەر دای داوە بۆت
قورمیشم کردبوو سەعاتی دڵ بە کاتی ئەشقی تۆ
دەک خوداگیر بی، کە چرکەژمێرەکەی وەستاوە بۆت
ڤەژینبوکس