٤٥٣٣

✓ شێرکۆ بێکەس (1940 - 2013)

هۆنراوەکانم پەپوولەن
بەشوێن وشەی دڵا ئەفڕن
گەرا، لەناو گیانا ئەخەن
لە دەروونا، وچان ئەگرن

ئاوێنەی پڕشنگی ئاسۆن
گزنگی دەمەوبەیانن
شەونمی سەر پێڵووی چرۆن
شنەی هەواری کوێستانن

هەڵبەستەکانم باوەڕن
نائومێدی و خەم ئەنێژن
ڕێی تاریکی ژیان ئەبڕن
بۆ ئازادی، خوێن ئەڕێژن

مەشخەڵی دەست جەنگاوەرن
بەڵێنی ڕێی کۆڵنەدانن
لوولەی تفەنگی سەنگەرن
سروودی دەم شەهیدانن

ناڵەی دەروونی هەژارن
کسپەی دایکی سکسووتاون
بازووی کوردی کرێکارن
هۆرەی دوای جووتی جووتیارن

هەڵبەستەکانم، سنووریان
نییە و سەربەست یەن و ئەچن
هەموو دونیا، هەموو ژیان
لە باوەشی خۆیان ئەگرن

Kurdish_Poetry

٤٥٣٢

✓ حەمدی (1876 - 1936)

بێسەروسامان عەجەب دەریایەکی قەترانە شەو
ڕۆژی ڕەش بێ دۆزەخێکی موددەتی هیجرانە شەو

کردەوەی دنیا کە هەر عەیبە دەبێ داپۆشرێ
پەردەیێکی موختەسەر خاسی بەسەردا دانە شەو

ڕۆژی کردە پەردەوە باقڵ لە باخەڵ مانگی کرد
بۆیە وا وەختی زەفافی ئەکسەری بووکانە شەو

بەدری کامیل سەر لە گۆشە دەردەهێنێ هەر دەڵێی
خێڵە ڕەشماڵی ڕەئیسی جوملە مەهڕوویانە شەو

دەردەخا هەر کەس بە ڕەنگی خۆیەوە وەک سیم و زەڕ
وەک محەک مەفتوونی تەدقیقاتی عوششاقانە شەو

عادەتا هەر وەک سەحیفەی بێسەوادە بەدری ڕووت
حاشیەی هەر لازمە زلفی مەهی تابانە شەو

هەر لە ئاوابوونی ڕۆژانایە ماتەم دەیگرێ
عەرزی ئەندامی دەکا دیارە لە ڕەشپۆشانە شەو

هەر شەوی میعراجی تەنها کائیناتە قیمەتی
لەیلەتولقەدری موقابیل سەد هەزار ڕۆژانە شەو

خاڵ و میل و چاوی خۆمی پێ بڕێژم فرسەتە
پڕ دڵی چونکە جەواهیر سورمەیی چاوانە شەو

ڕۆشنایی گەر لە دڵتایە شەوە وادەی ویساڵ
بۆ عیبادەت خەڵوەیێکی موشکیل و ئاسانە شەو

حەق وەهایە تا قیامەت «حەمدی» باسی شەو بکەم
چونکە ڕۆژی ڕۆشنی ئەهلی دڵ و ڕەندانە شەو

Kurdish_Poetry

٤٥٣١

✓ هەژار (1921 - 1991)

پێشمەرگەم و بۆ ڕزگاری نیشتمانم لە خەباتم
دوژمن هەرچەند بەهێزیش بێ دەبێ دەرچێ لە وڵاتم

گوللەتۆپ و بۆمبا و ئاگر کار لە بیر و بڕوا ناکەن
ماڵ و سەر و خوێن و گیانم قوربانی ئەم ئاو و خاکەن

زۆر لەمێژە کورد ئەکوژرێ، لە مەیداندا خوێنی دەڕژێ
شار و گوندی وێران دەکرێ، مێشکی کیژ و لاوی دەپژێ

بەڵام لاوی کورد لە مردن سڵ ناکات و خۆڕاگرە
بیر و بڕوای کوردایەتی بۆ گیانی دوژمن ئاگرە

Kurdish_Poetry

٤٥٣٠

✓ شاهۆ (1882 - 1971)

کوردینە ئێوە بن و خوا، یەک کۆمەڵ و یەک بن هەموو
دوژمن مڵاسی گرتووە با دەستلەمل یەک بن هەموو

پێویستە گشت کۆ بینەوە، یەک بیر و بڕوا، پێکەوە
هەنگاو بنێین بۆ پێشەوە، یەک کۆمەکی یەک بن هەموو

ئەم ڕاپەڕین و کۆششەی، ئەم خوێنڕژان و شۆڕشەی
بۆ کورد و کوردستانە گشت، با پشت لە پشت یەک بن هەموو

ئێستاش بزانن بۆ ئەوەی، کورد مافی خۆی زوو دەست کەوێ
پێویستە گشت ئامادە بن، پڕهێز و پڕچەک بن هەموو

«شاهۆ» تکاتان لێ ئەکا ئێوە بن و تەنیایی خوا
هەر یەکیەتی چارمان ئەکا، جیا مەبنەوە یەک بن هەموو

Kurdish_Poetry

٤٥٢٩

✓ سافی هیرانی (1873 - 1942)

یار لەبەر نازی جوانی مامزە، سا ڕەم دەکا
یا لە ناڵەی عاشقانە ڕوو لە عالەم کەم دەکا

لەعلی لێوی شاهیدە موڵکی دڵم خاسی ئەوە
حەقیەتی بەو خاتەمە دەعوایی جامی جەم دەکا

ئاهی سینەی عاشقانە وا جیهانی گرتووە
لەو بزانە گەر دەماوەند بەعزە جارێ تەم دەکا

ڕووی و خاڵی ڕەونەقی لالە و وەنەوشەی ساندووە
لالە داغدارە، وەنەوشەش بۆیێ هەر ماتەم دەکا

من ئیجارەی خەرمەنی غەم بۆ دڵی مسکین دەکەم
سووئی تالع دێت و هیجرانی لەسەر من زەم دەکا

دڵ ئەمەگدارە و کەچی مەحبووبە ئازاری دەدا
خەڵقی بۆ بیگانە وایە، ئەو لەگەڵ مەحرەم دەکا

«سافییا» دڵ مائیلی تەنهایی بێ عەیبی نییە
عیللەتی سەودایەتی هەر حەز لە جێی بێغەم دەکا

Kurdish_Poetry