٤٦٦٢

✓ زێوەر (1875 - 1948)

تا زولفی لەسەر چیهرە پەرێشانی سەبایە
ئاشوفتەگیی و تیرەگیی بەختی سییایە

ڕووی و لەب و مووی هەمدەم و ئامیزشی یەک بوون
غونچەی چەمەن و بوردی یەمەن، موشکی خەتایە

شمشادی قەدی سەروی خەرامانە ڕەوانە
جێگیری دڵی پادشەهـ و شاهـ و گەدایە

چاوی کە وەکوو دیدەیی بازێکە شکاری
دڵ وەک کەوی بێچارە گرفتاری بەڵایە

«زێوەر» نییە دۆستێ کە ڕەقیب تووشی بەڵا کا
مەعلوومە سەوابی ئەمە وەک حەجج و غەزایە

Kurdish_Poetry

٤٦٦١

✓ سالم (1800 - 1866)

غەم لە دڵ بۆ فەوتی شادی مەیلی سەرخۆشی دەکا
سوبحی عیشقە شەمعی عەقڵم ڕوو لە خامۆشی دەکا

زوڵفی شەبڕەنگت وەکوو ڕۆژە پەرێشان با نەبێ
وا سەحاباسا لە ڕووتا قەسدی مەهپۆشی دەکا

بۆ ئەدایی تەعزییەی من تورکی چاوی مەستی یار
بۆ تەرەب هەر دەم لە بەزمی عیشوە مەینۆشی دەکا

داستانی عیشقی من فاشە لە هەر کووچە و سوقاق
عەقڵی دێوانەم لەپاش ئەم حاڵە سیڕپۆشی دەکا

کەسرەتی زەعفم لە هیجرانا گەییشتە مەرکەزی
دڵ لە سینەمدا بەدایم مەشقی بێهۆشی دەکا

دڵبەری باڵابڵندم گەر خەرامان بێ بە ناز
سەروی گوڵزاری ئیرەم چۆن مەیلی هەمدۆشی دەکا

گەر نەوێڕێ ڕێی سەگی قاپیت بەرێ بۆ جێی غەریب
«سالم» ی مسکین لە دەرگا حەڵقەدەرگۆشی دەکا

Kurdish_Poetry

٤٦٦٠

✓ وەفایی (1844 - 1902)

ئەی چرای زوڵمەتکەدەی دڵ، ئەی جەلای نووری بەسەر
تۆ و جەماڵی باکەماڵت، ئافتابی یا قەمەر

شەو ئەگەر تۆ ماهتابی، ئینتیزاری تا بەکەی
رۆژ ئەگەر تۆ ئافتابی، بۆچ لە هەوران نایە دەر

جیلوەیێکت پڕ بە عالەم بۆ شەهیدان عومری نەو
خەندەیێکت پڕ بە دونیا بۆ نەخۆشان گوڵشەکەر

ئابوتابی ڕووتە مایەی سۆزش و گریانی من
گا غەریق و گا حەریقی میهری ڕووت وەک نیلووفەر

ئاوی چاوم بۆتە مایەی سۆزش و گریانی دڵ
گا نەخۆش و مەست و حەیران، گا بەهۆش و باخەبەر

وا فیگار و ڕەنجەڕۆم کافر بە حاڵی من نەبێ
بێقەرار و ئەشکبار و دوور لە یار و دەربەدەر

هێند لەبەر ئاوری فیراق و ئیشتیاقت مامەوە
بوو بە کۆی زووخاڵ دەروونم، بوو بە خوێن جان و جگەر

دەستی من دامانی زولفت با لە ڕووت مەحرووم نەبم
ڕەوشەنە موشکیلگوشای شەوزیندەدارانە سەحەر

دوێنێ دەیفەرموو بە هەویای وەسڵی ڕوخسارم مەبە
تا وەکوو زولفم نەبی گەردەنکەچ و دەستەونەزەر

سەد شوکر هێنامیە بەر ئەبرۆ لە قەیدی زولفی خۆی
پاشی عومرێکی درێژ باڵی هومای ئاویتمە سەر

حۆری عەین، ڕوحولقودوس، یاخۆ مەلائیک، یا پەری
یا ئەتۆ بووی وا خەرامان هاتی ڕۆحم هاتە بەر

خۆش بە ناز فەرمووی «وەفایی» عومری خۆی هیچ ڕابوارد
یا بە قوربانی دەمم بوو یا بە سەرگەردی کەمەر

Kurdish_Poetry

٤٦٥٩

✓ سابیری (1881 - 1944)

عاشقان مەدهۆشی تەئسیری خەیاڵی حوسن و خاڵ
فارغ البالن لە تەئسیراتی ئافات و مەلال

عاشقان مەستی موتاڵای دەفتەری سونعی خودان
عاقڵان غەرقی جەماڵ و سوورەت و مەغرووری ماڵ

عاشقان بیمار و دووری یار و بێسەبر و قەرار
عاقڵان جوملە سەحیحولجیسم و مەسرووری ویسال

«سابیری» بێ خۆت بناسە عەقڵ و عەشقت کامەیە
عاشقێکی ترسنۆک و عاقڵی بێحاڵ و ماڵ

Kurdish_Poetry

٤٦٥٨

✓ هێمن (1921 - 1986)

من کە بێدەنگم ئەوێستا چاوەنۆڕی هەل دەکەم
هەل کە بۆم هەڵکەوت ئەنجا باسکمی لێ هەڵدەکەم

زۆر بەئومێدی خودا لەو خاکە پاکەی دەردەکەم
دوژمنە بێگانە ئاخر چۆن دەگەڵ وی هەڵدەکەم

نابی چیدی داری من بخوات و لێی سوار بی حەریف
داری دامەی خۆم لەبۆ لای خانی ئاغا هەڵدەکەم

نایەڵم تاریکی چیدیکە وڵاتم داگرێ
خوا مەدەدکار بێ چرای زانستی تێدا هەڵدەکەم

وەک جگێن وایە زەمان هەر کەس جگی خۆی تێ دەخا
تا چەقی هەموان بهینێ من جگی خۆم پەل دەکەم

نامەوێ من سەربڵندی خۆم و دایما کۆشش
بۆ بڵیندی و بەرزی و ئازادبوونی گەل دەکەم

قەت دەگەڵ بێگانەکان وەڵڵاهی دانووم ناکوڵی
من کە شاهێنم چلۆن ئاخەر ڕەفیقی قەل دەکەم

هەر کەسێ دەربارەیی ئەو قەومە بەد بدوێ برا
وا دەدەم مستێک لە زاری من ددانی کەل دەکەم

هەر کەسێ بۆ لای سنوور و سەرحەدی خاکی وەتەن
بێ، دەدەم بەردێک لە لاقی دەسبەجێ ئەو شەل دەکەم

هێندە فێڵاویم کە دوژمن وێم کەوی تا هەر دوو گوێ
قوم دەبێ، چونکە بە فێڵ ئەو تووشی لیتە و زەل دەکەم

خۆش بی بووزووی خۆم چ محتاجم بە پەشمی خاریجە
تاکوو جاوی خۆم هەبی بۆ جامەیی مەلمەل دەکەم

سارد و گەرمی ڕۆژگارم چێشتووە بە خودا گەلێک
بێ ئەوەی محتاجی کەس بم مشکلی خۆم حەل دەکەم

دوێشەوێ دایکی وەتەن «هێمن» لە خەودا پێی گوتم
ڕۆڵە کردارت حیسابە، کەنگی گوفتار حەل دەکەم

Kurdish_Poetry