٤٥٠١

 

✓ زاری (1905 - 1982)

لە سەفحەی نامە بینێ دێ نەویدی وەسڵی جانانە
لە نووکی خامە خوێن ئەڕژێ نیشانەی قوربی قوربانە

دڵم موژدەی ئەدامێ بۆ ئەوەی قوربانی قەددی بم
سیابەختێ وتی نابێت کە ئەم قوربانە نوقسانە

لە سەیری ڕوویدا دڵ کەوتە بەر تیری موژەی بۆیە
لە هەر جێگەی کە تێ فکری برینە و جێگەپەیکانە

لە وەسفی تاقی ئەبرۆیا دڵم سەرسامە نازانی
کەمانە یا هیلالی جێژنە یا مێحرابی پاکانە

وەرە بڕوانە ڕوخساری، بزانە چۆنە من شێتم
ئەسێرەی سوبحە یا بەدرە وە یا خورشیدی تابانە

کەلامی دڵبەری یاڕەب بە چی تەشبیهـ لایق بێ
ڕەحیقە یا شەرابی کەوسەرە یا ئاوی حەیوانە

نەمامی قامەتی سەروی حەدیقەی شاهـ و شەهبازی
بەڵێ ئەم داری تووبایە و بیارە باغی ڕزوانە

ئەگەر «زاری» بڵێ وەک خزرە پێت وا بێ درۆ ناکا
لەبەر چی؟ چونکە سەردەستەی گوڵی گوڵزاری عوسمانە

Kurdish_Poetry

٤٥٠٠

 

✓ زاری (1905 - 1982)

جەژنی قوربانە سبەی ئەی نازەنین
ئەمن و دڵ پێکۆ بە قوربانت ئەبین

مەیلی کوشتاری هەیە بۆیە وەها
تێغی ئەبرۆ تیژ ئەکا بۆ سەربڕین

گیان ئەوا دەرچوو بڵێ لا کاتەوە
با شەڕەفیابی تەماشایی ببین

باغی حوسنە تەلعەتت لەو باغەدا
حەیفە بۆ بازی خەیاڵم هەڵفڕین

شارەزای ئەو باغە قەت ناکا هەوای
لالەزاری لەندەن و باغاتی چین

چاوەڕێ تا کەی بمێنم لێرەدا
یا بفەرموو بمکوژن یا بێژە بین

خۆ نییە یەک لەحزە ئەی «زاری» نەکەن
تیری برژانگی لە خاتر سەد برین

Kurdish_Poetry

٣٩٦٤

 

✓ ئەحمەدی کۆر

تا لە دنیادا ببم بەندەم لە ئەو خاکی دەرت
مونتەزیر بۆ ڕوئیەتی ڕوخساری ماهی ئەنوەرت
ڕۆژی قوربان میسلی قۆچ خۆ بکەم بە قوربانی سەرت
داخۆ لێم زیز نابی گەر دەست دەم لە باڵای عەرعەرت
تا ببم پێی شاد وەکوو مەغرووق نەجاتم بێ لە یەم

Kurdish_Poetry

٣٩٦٣

 

✓ سافی هیرانی

ڕۆژی عیدە چاوەڕێتم بێی بە قوربانم بکەی
کوشتنیشت ڕەحمەتە، سەد جار بەقوربانم وەرە

Kurdish_Poetry

٣٩٦٢

 

✓ سافی هیرانی

بەبێ یارم حەیات تەڵخ و ئەجەل شیرینە ئێستاکە
لە جەژنا گەر ڕووحی شیرینی خۆم قوربان نەکەم چ بکەم

Kurdish_Poetry

٣٩٦١

 

✓ عاسی

موبارەک بێ بە دڵخۆشی عەزیزم جێژنی قوربانت
بەرەو خۆشی تەرەققی بێ بەدائیم عومر و عینوانت

لە خوام داوایە تا ماوی لە گشت دەرد و بەڵا دوور بی
چ گەردی گەردشی دەوران نەنیشێ قەت لە دامانت

گەیشتە دەستی من بێشک ژمارەی دوور لەبن سفرێک
نەبێ خاڵی ھەتا ماوی بەدائیم دەستی ئیحسانت

لە دڵما نەقشی وا بەستووە ئەتۆ بۆیە نەقشبەندم
زبانی تەعنە کۆتایە لە دەرحەق لوتف و ویجدانت

لە فیکرم ناچی مەعلوومە ھەتا مابم لە ڕووی خاکا
نەشێوێ گوڵشەنی بەختت نەرەنجێن باغ و بوستانت

نەسیمی سوبحی خۆشحاڵی ببێتە پانکە بۆ ڕووحت
شەرارەی سۆبەیی ڕەحمەت تەسەللای فەسڵی زستانت

دڵت جانا نەڕەنجێتن لە شیعری بێسەروپێما
لە جەولانگاھی ئیخلاسی کە «عاسی» ھاتە مەیدانت

Kurdish_Poetry

٢١٢٦

 

✓ شێخ عوسمان سیڕاجەددین

مووی سپی و ڕووی ڕەش و زەردم ئەوا هێنا حوزوور
قۆچی قوربانم ئەوا قوربانە قوربان هیممەتێ

تاجی شاهی و گەورەییتە ئایەتی [ن و القلم]
مادیحی تۆیە سەرانسەر سیڕڕی قورئان هیممەتێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٥

 

✓ فەنایی

جەژنی قوربانە هەموو کەس عادەتی قوربانییە 
ئەی منی بێچارە چی بکەم کەڵکی قوربانم نییە

مەزبەحەی مینای دەروونم بۆیە خاڵی کرد لە غەیر
تا نەڵێی جێی سەربڕینی قۆچی قوربانم نییە

گەر بەرانێ بوو بەدیلی زیبحی تاقانەی خەلیل
بۆ بەڵاگێڕی سەری تۆ من خەمی گیانم نییە

من لە ناخی دڵمەوە خۆم دایە بەر تیغی برۆت
تا بزانی من لە قوربانی هەراسانم نییە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٤

 

✓ ئەحمەد موختار جاف

جەژنی قوربان ساڵێ جارێ خەڵکی قوربانی ئەکەن
بۆ وەتەن من ڕۆژێ سەد جار ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٣

 

✓ حەریق

قوربان وەرە قوربانە سا بمکە بەقوربانت
ڕەنگین کە بە خوێناوم کاکۆڵی پەرێشانت

جێژنانەی ئێمە ڕۆحە کردوومە بەقوربانت
تۆش ماچێ کەرەم فەرموو لەو سێوی زەنەخدانت

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry