✓ قانع (1898 - 1965)

  • پێنجخشتەکیی وریا کوڕی قانع لەسەر شیعری باوکی

ئەی وەتەن! ئەی یادگاری ئەردەڵانی تاجدار
ئەی وەتەن! ئەی هێزی ئەژنۆ و مەرهەمی زامی جەخار
چونکە خەم چواردەوری گرتم دێمە باسی چوار چوار
چوار شتن ‌ئەمڕۆکە بوونە نەگبەتی کوردی هەژار
جەهل یەک، دڵپیسی دوو، بێعەقڵی سێ، داوا چوار

بۆ کزی و پاشکەوتنت وا دێمە سەر گریان و ڕۆ
با کەسیش هاودەم نەبێ، شیوەن ئەکەم هەر خۆبەخۆ
گوێ گرە ئەی نیشتمان، دا پێت بڵێم بۆ پەستی تۆ
مەنعی پێشکەوتن ئەکەن لەم خاکمانە چوار گرۆ
خان یەک، سەردار دوو، بەگزادە سێ، ئاغا چوار

باخەوانی باخم و ئەمما لە میوەی بێبەریم
کەس نییە جەرگی بسووتێ بۆ پەشێوی و سەرکزیم
وا سەرم شێواوە خۆیشم قەت بە خۆم نازانم چیم
نایەڵن بۆ خۆم ڕەحەت بم، سەربەخۆ تاوێ بژیم
ئەجنەبی یەک، مامە دوو، ئەقتاعی سێ، کوێخا چوار

بێ لەگەڵما قوڕ بپێوین ئەو کەسەی هاوفەردمە
هاوخەیاڵ و هاونموونەی ئاهـ و ڕەنگی زەردمە
شێت و سەرسامم لە داخا وا کە هەردەوهەردمە
من لە داخی سەرکزی ئەم میللەتە چوار دەردمە
سیل یەک، مالاری دوو، کوێری سێ، ئیسقا چوار

دەردەکەم دەردی گرانە، کەسنەزانە و کەسنەناس
تاوێ وێڵی سەر چیام و تاوێ شێت و تاوێ کاس
باوەڕم پێ کە بە وەڵڵا بێدرۆ و بێباس و خواس
یادگاری ڕەنجی پەنجەی کوردەکانە چوار ئەساس
قەسر یەک، ئاراس دوو، شامات سێ، بەغدا چوار

بۆ نەناڵێ دڵ لە داغا، بۆ نەسووتێ وەک کەباب
شۆری گریان و هەنسکم وا لە جێی چنگ و ڕوباب
قومبەقوم زووخاوی جەرگم، خۆم ئەنۆشم وەک شەراب
باز بووم باڵی شکانم چوار بەڵای نەحسی خراب
خانەقا یەک، تەکیە دوو، عەممامە سێ، عابا چوار

دوێ لە ڕێدا، ئاهـ و ناڵەی دڵبرینێ هاتە گوێم
سەیر ئەکەم باوکی ئەزیزم، وردەوردە هاتە ڕێم
پێی وتم نازانی «وریا» بۆ چی من وا دێم و کێم
چوار سفەت مەوجوودە بۆ من، بۆیە هیچ کەس نایەوێم
«قانعی» یەک، شعر دوو، ڕووخۆشی سێ، مەللا چوار

Kurdish_Poetry