✓ سیروان موسەننێفی
لەمێژەوە «باوەڕەشی»
لە سووچی مەیدانەکەیەوە
کز و تەنیا
چاوی بڕیبووە «قەڵای ئیمام» و
ماتڵی هاتنەوەی
«دوانزە سوارچاکەکەی مەریوان» بوو.
شەوێک «دەروێش»
بە پرچێکی ئاڵۆزاوی
پڕ لە قامیش و زەلەوە
هاتە خەوی و
پەرداخێک ئاوی
«زرێبار» ـی دایە دەستی و
پێی وت:
کاکەم
قەد زیز مەبە
بیکە بنی داربەڕوویەک
ئیتر تەنیاییت نامێنێت.
ڕاچڵەکا
نیوەشەو بوو
باوەڕەشی هەڵکشا بە «فەیلەقووسدا» و
نەمامێکی داربەڕوواری تێراو کرد.
دەنگەدەنگێک لە دڵی تارماییی شەودا
پەیدا بوو.
لەناکاودا
«دوانزەسوارە»
لە پشتی
کێوەکانی دەوروبەری ئەم شارە
هەڵکشان بەرەو ئاسمان.
بەجارێک
لەسەر لووتکەی ئیمامەوە
بوون بە یک سوار و
بە چوارناڵ بەرەو شار هات.
باوەڕەشی
بەپەلە هاتە خوارەوە و
بەرەو مەیدان گەڕایەوە.
حەپەسابوو
لەو بەری مەیدانی تەنیایییەکەی
ئەسپێک بە حیلەحیلەوە
سمی لە سینگی شەوگار و
زەوی ئەکوتا و
پزووسکەی
دڵی شەوی ڕۆشن ئەکرد.
سوارچاکێکی لێ دابەزی و
دەستی بە ناوچاوی ئەسپدا هێنا.
ئەسپ ڕاوەستا.
لە باخەڵیا
مشتێک تووی ئەستێرەی دەرهانی و
لە جێی سمی ئەسپی وەشاند.
مەیدان کەوتە جریوەجریو
ئەستێرە باڵایان کرد و
بوون بە چرا
بوون بە دار و
بوون بە گوڵ و
بوون بە مەلی خۆشەویستی و
بە ئیشارەی دەستی سوارە
بڵاوەیان پێ کرا.
سوارچاک
لە ئامێزی باوەڕەشی
بەدەم گریان و پێکەنینەوە
مایەوە.
لەو شەوەدا
میراجی و فەیلەقووس و ئیمام و قەلەبەرد و سێ کوچکان و مێش ئەڵواز و سوڵتان و تەتە و شاهۆ و قەندیل و نەکەرۆزیش
بوونە میوان.
بڕیاریان دا
ببنە جێژوانێکی تازە.
دوای وتووێژ
سوارمان سوار بوو
ئەسپ هاتە سەر پێ و چنگی و
وەک پزووسکە لە چاو گوم بوون.
بەیانی بوو
کە خەڵک هەستان
کەژ و کێو و شەقام و کۆڵانی شاریش
پڕ بوو لە گۆرانی و ئەوین.
پڕ بوو لە پێکەوەژیان.
لێوانلێو بوو
لە سروود و هەڵبەستی مرۆڤایەتی.
کوێستان پڕ بوو لە قاسپەی کەو
ڕەشبەڵەک بوو
بە دارستان.
چیا ڕوومەتی سوور سوور
وەک دەنووکی کەو داگرسابوو.
خۆشەویستی
سروودی هەموو
کوڕ و کچ و دارستان و چیا و مەل بوو.
لە جێی سمی ئەسپی سوارچاک
ژن و پیاو
هەی یاران یارانیان ئەخوێند.
ناویان نابوو
«یاران کۆ».
ئاااای یاران کۆ
بوو بە مەکۆی
تاکەسوارەکەی مەریوان و ڕێبازی نوێی.
بوو بە یانەی پێکەوەبوون
بوو بە شاباڵی هەڵۆ بەرزەفڕەکانی چیا.
بوو بە قەڵای بەردیی
پڵەنگ و کەڵ.
بوو بە هەناسەی دارستان.
بوو بە ماڵی ئەوینداران.
بوو بە هێلانەی
کۆتری ئاشتیی ماڵوێران و
چۆلەکەی بێوەژن و
کیسەڵی پیری جەرگسووتاو و
تووتەڵەسەگی هەتیووکراو.
بوو بە جێژوانی کۆڵبەری شەهید و
مامۆستای زیندانی و
کرێکاری چەوساوەی نەحەساوە.
بوو بە مەڵبەندی ڕێکخستنی هەموو بیر و بۆچوونەکان.
بوو بە وانەی «پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە».
بوو بە ماڵی
هەموو کوردێکی هەژاری ئاوارە.
بوو بە دایک بۆ کرماشان.
بوو بە باوک بۆ هەموو دارستانەکانی کوردستان.
بوو بە قەڵای باڵابەرز و خۆڕاگری بۆ بەرخۆدان.
بوو بە ناو و نیشانەیەک
بۆ گومبووان.
بوو بە باران
لە کاتی کڵپە و گڕی ناحەزانی دارستاندا.
بوو بە چقڵی چاوی کوێری دوژمنمان.
لە یەک ڕستە
بوو بە شەهید
شەریفی
هەموو کوردستان
تاهەتایە
بوو بە ئومێدێکی
چاوگەش
چاوگەش
بۆ هەموومان.
Kurdish_Poetry