٢٦٣٤
✓ هاوینی زانستی
ئەمڕۆ چوارشەممە 31 / 03 / 2717 یەکەم رۆژی زانستیی هاوینە لە نیوەگۆی باکووری زەوی.
بەپێی پێوانە فەلەکییەکان، ئەمڕۆ 21 ـی حوزەیران [31 ـی جۆزەردان] دەستپێکی وەرزی هاوینە لە نیوەگۆی باکووری زەوی کە ناسراوە بە دیاردەی «وەرگەڕانی هاوینە - Summer Solstice».
لەم رۆژەدا ماوەی رۆژ درێژ دەبێتەوە بۆ نزیکەی 15 کاتژمێر و شەویش کورت دەبێتەوە بۆ نزیکەی 9 کاتژمێر.
هەروەها لەم رۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر لە دوورترین خاڵدایە، نەوەک لە نزیکترین، وەکوو باوە لای هەندێ کەس! دووریی نێوان زەوی و خۆر هەر بەرەو زیادبوون دەچێ تا دەگاتە «دوورترین خاڵ – Aphelion» کە لە رۆژی 03 / 07 / 2017 دەگاتە زیاتر لە 152 ملیۆن کیلۆمەتر.
هۆکاری گەرمداهاتنی نیوەگۆی زەوی سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لەگەڵ خۆردا، دەگەڕێتەوە بۆ خزانی تیشکی ستوونیی خۆر لە «هێڵی کەمەری»ـی زەوی بۆ خۆلگەی «قڕژاڵ» لە باکووردا، هەر ئەم ستوونبوونەی تیشکی خۆر وا دەکات پلەکانی گەرما لە نیوەگۆی باکوور زیاتر بێت و ماوەی مانەوی خۆر لە ئاسماندا دوور و درێژتر بێت و لە هەمان کاتدا خۆر بەبەردەوامی و بۆ ماوەی نزیکەی 6 مانگ لە ناوچەکانی «جەمسەری بەستووی باکوور» ـدا ئاوا نەبێت.
بەڵام لە نیوگۆی باشووردا حاڵەتەکە بەتەواوی پێچەوانەیە، چونکە تیشکی خۆر سەر دەکەوێت لە «خولگەی کاوڕ» بۆ «هێڵی کەمەریی زەوی». بەمەش بڕێکی کەمتر لە تیشکی خۆر بەبەر نیوەگۆی زەوی دەکەوێت، بۆیە لە نیوەگۆی باشوور ئەمە دەبێتە «وەرگەڕانی زستانە - Winter Solstice». واتە دەستپێکی زستانە لەو ناوچانەدا و لە هەمان کاتیشدا، تیشکی خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئاسمانی «کیشوەری بەستووی باشوور - ANTARCTICA» نابینرێت و دەبێتە شەوێکی شەش مانگیی دوورودرێژی بەردەوام.
ڤەژینبوکس