٣٢٦٣

 

✓ جەوهەری

  • دوای تەواوبوونی سپیکردنەوەی ژووری سەلیم خان وتراوە.

موبارەک بێ وەتاغی بەرز و جوانت
هەمیشە ئاوەدان بێ دەرکوبانت

بە شادی و عیززەت و دەوڵەت بمێنی
سەلامەت بن هەموو ئەولادەکانت

هەزاروسێسەدوحەفتا تەواو بوو
سپیکاری وەتاغی خانومانت

Kurdish_Poetry

٢٩٥٢

 

✓ جەوهەری

دەمێکە ڕۆژ و شەو کارم دەمادەم زارییە و شینە
سەر و بەرگم لە هیجرانی وەتەن سەرتابەپێ شینە

نەخۆشن میللەتی ئێران، تەبیبی دەوڵەتیش ناشی
نەتیجەی ئینتزاریش بۆ خۆشی میللەت نەخۆشینە

هەموو یاران لە بێکاری دەکەن تیکراری بێعاری
وەلێ تیکرار و کاری من هەمووی یاسینە یا شینە

شەڕاب و شاهید و شەمعم لە شەودا شوعلەیی ئاهە
شهوودم عادیلە شیعرم کە ئاخریان هەموو شینە

دەجۆشم هەر وەکوو قازان دەڕێژم ئەشکی وەک باران
نەماوە جۆشش و کۆشش شەوی من بۆیە جۆشینە

هەتا جۆشش نەکا بەحری ئیرادە و عەزمی مەردانە
لەلام بێ حاسڵە ئەم قیل و قالە، وەختی کۆشینە

دەپۆشن چارشەوی عار و دەنۆشن جامی بێعاریی
ئەتۆ مەردی لەبۆ پۆشاکی تۆ پۆشینی پووشینە

لە ئەشکی هەروەکوو یاقووت پیاڵەی چاو لەبالەب بوو
شەو و ڕۆژ کار و باری «جەوهەری» لەم بادەنۆشینە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨٢٧

 

✓ جەوهەری

بەفر هاتە خوار بۆ دەوری دزێ
لە ترسی سەرما دڵم دەلەرزێ

کە بێت و وا زوو کوورە دانەنرێ
بێ شک «جەوهەری» لە سەرما دەمرێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨٢٦

 

✓ جەوهەری

هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم
هەتا ئەمجار دەیانبینم بە چاوانم خودا نەمرم

لە هیجرانی مەلا ساڵحی برام و دوو نەوەم دایم
بە چاوی پڕ لە فرمێسکم کوڵی گریان و شین دەگرم

بەئیزنی حەزرەتی شێخ چەندە پێم خۆشە بەدڵخۆشی
لە ورمێ سواری ماشین بم جەوازی ڕێگە وەربگرم

لە سابڵاغ و لە میاندواو و لە بۆکان تێ پەڕم یەکسەر
لە هیچ لایێ هەتا سەر مەرقەدانی باغچە خۆ نەگرم

لەنێو ئەو سێ خەلیفانە بەئیخلاس و بەهۆشیاری
لە ئەڕواحی ئەوان زاتانە فەیز و بەهرە وەربگرم

لە بەرپێی باب و دایک و ژوورسەری کاکە عەلی چەند ڕۆژ
بەگریان سەر لە سەر ئەو مەرقەدانە ساتێ هەڵنەگرم

بە چاوی پڕ لە ئەسرین دەست هەڵێنم ڕەببی ئەم جارە
بە ئیمانێکی زۆر کامیل بە لوتف و ڕوحمی تۆ بمرم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٤

 

✓ جەوهەری

ڕەفێقان با بکەین شیوەن کە وەختی هیجری یارانە
پیاڵە و شووشە بشکێنین کە شادی ڕووی لە شێوانە

حەریفان، تاکوو ئێستە بەزم و ڕەزم و چەپڵەڕێزان بوو
ئەوێستا وەختی قوڕپێوان و نۆبەی شین و گریانە

لە هەر لایێ کە دەتدی مەجڵیسی ئاوازەخانی بوو
لە هەر کۆشکێ دەبینی ئێستە واوەیلا و لەخۆدانە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٧٣٤

 

✓ جەوهەری

شاعیر دوای بەشداریکردن لە نوێژی جێژن و بیستنی وتاری جەعفەراغای کەریمی ئاغای قوونقەڵا ئەم شیعرەی وتووە.

وام دەزانی هەر ئەمن ساحیب وجوود و جەوهەرم
بۆ خەتابەت دەست و داوێن پڕ لە لەعل و گەوهەرم

تا لە جێژنێدا کەریمی هاتە سەر نوتق و خیتاب
بۆم موسەللەم بوو کە من شاگردی ئاغای جەعفەرم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٧٣٣

 

✓ جەوهەری

نە حیزبی کۆمەڵە و توودە نە پابەندی دیموکڕاتم
نە جوزوی نەهزەتی میللی نە ئەربابی سیاساتم

لەسەر ئەم عەرزە پانە مالکی یەک بستە خاکێک نیم
عەمامە و خەرقە و بەرماڵە ئەسباب و موهیمماتم

ئەمن پیرێکی حەفتاساڵە عومر و پێ لەسەر تابووت
هەمیشە قەبر و کفن و مردنە فیکر و خەیاڵاتم

لە حەد بانگم دەکا ئەی «جەوهەری» زوو وەختی هاتنتە
لە جوابدا پێی دەڵێم تۆ مونتەزیر بە وا منیش هاتم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٦٤

 

✓ جەوهەری

گوڵی گوڵزاری نەھری ھاتە نێو باغ
چرای ساداتی شەمزین ھاتە سابڵاغ

موبارەک بێ قودوومی حەزرەتی شێخ
شیفایە بۆ نەخۆشی و قەلبی ناساغ

ھومایە ھاتە نێو ئێمە خودایە
لەنێو لابەی چەقەی کوند و قڕەی زاغ

موسوڵمانان بکەن تۆبەی نەسووحی
بە قەلبێکی سەحیح و بێ درۆ و ساغ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٢٧

 

✓ جەوهەری

جەنابی کاکەمین دایم دۆعاگۆی بەژن و باڵاتم
بە عێلی حاجی سەرتیپە ھەموو فەخر و موباھاتم

سەرم نەختێ گرانە، سەردڵم قورسە، دەمم وشکە
منیش زۆر ترسەنۆکم دایمەن غەرقی خەیاڵاتم

ھەتا دەستم دەگاتە شار و بازاڕ و حەکیمی چاک
ئەگەر ماوە لەلات موحتاجی دوو دانە شەکۆلاتم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٥٩٨

 

✓ جەوهەری

قەسیدێک دادەنێم شیعری فەسیح و ساف و غەڕڕا بێ
زەریف و خەندەئاوەر وەک کتێبی "ئەلف لەیلا" بێ

بڵند و پڕ لە مەعنی لەغز و پڕمەغز و سروورئاوەر
لەنێو جەرگەی قەسیدان وەک جحێڵی تازەزاوا بێ

ھەچی وەزعم ھەیە پاکی دەنووسم ھیچی نابوێرم
ھەچی دەردم ھەیە پاکی دەڵێم ئەعلاجی ئەدنا بێ

پەرێشانی و غەم و مەینەت لە دەورم حەڵقەیان داوە
بە عومری خۆم گومان ناکەم وەکوو ئەو ساڵە قەومابێ

لە سوختی داردا سوختم لە گوێنی و دەستەچیلەش دا
ھەمووی سەر یەک بخەی ھیچی نەیێڵی کوورەیەک نابێ

وەتاغم بووەتە نێوماڵی کەسیف و پڕگەنە و قڕنوو
لەتاو کێچ تاکوو ڕۆژ قەت بیست دەقیقە ڕاحەتم نابێ

لەبەر بێشوانی ھاوین گایەکانم ناردە ئەو دێیە
تەپاڵەشمان نەبوو، کەم بوو، بەشی بیست ڕۆژ ئەگەر مابێ

کە تەندوور دادەخەن دووکەڵ فەزای ماڵ پڕ دەکا وەک مژ
وەکوو توونی حەمامێک دەرک و ڕۆچنەی پاکی گیرابێ

بەڕۆژدا کار و جێگەم خوێندنی ئەوراد و مێحرابە
لەبەر قوولە و ھەرا گوێچکەم لە قورئانخوێندنم نابێ

شەوێ دوای نوێژی خەوتنان چووم تفاق بۆ ماینەشێ بێنم
تەماشای کا دەکەم ھەیھوو ھەمووی سێ باری چا نابێ

بەڕۆژوو بووم لەبۆ ئیفتار لە مزگەوت چوومەوە ماڵێ
کوتم برسیمە چێشت و نان و چایی حازرە با بێ

لە جوابدا پێی کوتم کابانی ماڵێ چارەسازێ کە
نە قەند و چا و ڕۆنت ماوە، نەوتیش حەو درەم نابێ

لەجێی نان گۆزەیەک ئاو داندرا وەک دەوری ئەسحابان
کوتم ڕەببی شوکر یا ڕەب کە تۆ نەیدەی ئەویش نابێ

خولاسە تا سەعاتێک کەوتمە نێو بەحری خەیاڵ و خەم
خودایا چۆن دەبێ و کارم بە کێ چا بێ

سەدایە ھاتە گوێم ئەی «جەوھەری» با بەس بێ دەردی دڵ
دەبێ کاری ھەموو چا بێ کەسێ سالاری ئاغا بێ

لە ھەر دوو دەستی وەک ھەوری بەھاری زێڕ و زێو دەڕژێ
لە بەگزادە و لە دێبوکری وەکوو ئەو پیاوە چا نابێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry