٤٥٥٥
✓ سافی هیرانی (1873 - 1942)
وەکوو کوشتەی قەساب ئەی دڵ چییە وا غەرقی خوێناوی
لە گۆشەی بێکەسی دائیم لە غەمدا مات و داماوی
ئەگەر فەرمووی لە قەتلی عاشقان بێباکە ئەم شۆخە
هەزاری کوشتووە وەک تۆ قەدی لاولاویی و لاوی
لە تەعریفی بڵێم چی با قەڵەم دەرچی بڵێم هەر چی
تەواو نابێ بەچی ئەوسافی پێچی پەرچەمی خاوی
چ سەییادێکە، سەد وەحشی لە چینی پرچی پێچاوە
خەڵاسی تۆ نییە ئەی دڵ لە داوی زوڵفی باداوی
ئەگەر فەڕزەن عەدوو بێتن ببینێ چاوەیی چاوم
لەبۆ من خوێن دەبارێنی لەسەر دوو چاوەیی چاوی
دڵا دێوانەیی خۆتە کە یار بێمەیلە ئێستێکە
دەنا ئەو هەر لەسەر ئەو عەهدە ماوە تۆ ئەگەر ماوی
مەڵێن «سافی» کە ئێستێکە لە یادی یار نییە یاران
لە دڵدا فیکری دڵدارە و هەمیشە زیکر ئەکا ناوی
ڤەژینبوکس