٤٦٣١

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: عەدنان کەریم (1963)
  • شیعر: ڕەنج سەنگاوی (1977)

لە کۆڕەودا
سەردەشت نان بوو
بۆکان سفرەی پڕی خوان بوو
بانە دڵێکی ناسک و شنۆ فرمێسکی چاوان بوو
دەرگای کراوەی مەھاباد ھەر کۆمارەکەی جاران بوو
ھێزی ئەژنۆ لە گیانمانا تینی گەرمی کرماشان بوو
باوەشی پڕ میھرەبانیی نیشتمانم سۆزی گەرمی مەریوان بوو
کە ھەڵەبجە شەھید کرا
سنە شیر بوو
سەقز ھەتوانی برین بوو
باشترین دایکی سەر زەمین بوو ڕۆژهەڵات
بەو ڕاستەھێڵە دەستکردە ئێمە نابین بە دوو وڵات
کزەی جەرگم تۆ مەسووتێ وەرە با بسووتێین بۆ یەک
تۆ لێرە پەناهەندە نیت و کوا پەنامان هەیە بێ یەک
هەر کاتێ دێیت سەرم بەردەبازی ڕێیە و دڵم بۆ ئێوە مافوورە
ئەو سنوورەی کە ئەیەوێ لە یەکمان کا هەر لای دوژمنان سنوورە

Kurdish_Poetry

٤٦٢٧

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: بەهجەت یەحیا (1965)
  • شیعر: وەفایی (1844 - 1902)

عاشق دەبێ مەستانە بێ خاکی دەری مەیخانە بێ
ساقی لەکن پەیمانە بێ هذا طريق العاشقين

لەم لاوە گریەی نای و نەی لەو لاوە خەندەی جامی مەی
ئاگر لە عالەم بەر بدەی هذا طريق العاشقين

تا دڵ نەسووتێ دەمبەدەم فانی نەبێ سەر تا قەدەم
پەروانە قەت ناگاتە شەم هذا طريق العاشقين

چاوم بە سۆزی دڵ تەڕە دەریایی ئاو و ئاورە
موتریب بڵێ ساقی وەرە هذا طريق العاشقين

Kurdish_Poetry

٤٥٩٧

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: عەدنان کەریم (1963)
  • شیعر: ئەخۆل (1911 - 1988)

دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە ئێستاکەش ئەناڵێنێ
هەناسەی ساردی ناکامی لە سینەمدا ئەتاسێنێ

ئەگەر جوانیت سەرنجم ڕابکێشێ، مەگرە لێم چونکە
جەماڵت پەیکەری ڤینۆسی خوای جوانیش ئەجووڵێنێ

پەچەت لادە ببینم ڕووت ئەمن خۆ سەیری تۆ ناکەم
لە ڕووی تۆ تێ دەگەم یەزدان چلۆن نەخشێ ئەنەخشێنێ

کە تیشکی ڕۆژ ئەدا زاخاوی پرچی زەردی زێڕینت
لەلام قەوسوقەزەح هیچ ڕەونەق و شەوقێکی نامێنێ

تەمەن ڕوو بۆ خەزان ئەڕوا کەچی گەردوون ئەوا تازە
لە وێرانەی دڵا تۆوی گوڵی دڵداری ئەڕوێنێ

بە چەشنێ خۆشەویستی تۆ لە سینە و کەللەما چەسپە
مەگەر جامی ئەجەل ئەو تین و تاوەی لێ هەڵێنجێنێ

Kurdish_Poetry

٤٥٦٤

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: موختار شەفیعی (1989)
  • شیعر: شاهۆ (1882 - 1971)

ڕەببی تۆ پشتوپەنامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
بەندە عەبدم، تۆ خوامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

شەرمساری بارەگاتم، ڕووم نییە سەر هەڵبڕم
خۆت کە بەخشندەی گوناهی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

موشکیلاتی دین و دنیام هەر بە لوتفت حەل دەبێ
ساحیب و موشکوڵگوشامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

خۆت حەکیمی ئاگەداری ئێش و ئازاری منی
داروویی دەردی شیفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

ماڵ و ڕزق و عومر و دەوڵەت، عیزەت و زیللەت هەموو
هەر بە دەس خۆتە نیزامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

گەر دەرم کەن بچمە کوێ لای کێ سکاڵای خۆم بکم
مەرجەعی لاڵە و تکامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

ڕووی دڵ و ڕۆحم لە تۆیە یا ئیلاهەلعالەمین
ڕەببی خۆت مەعبوودی عامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

بەندە هیوام گەر بە ڕەحمەت بێ لە کەس باکم نییە
لابەری جەور و جەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

عەبدی زاتی پاکی خۆتە ڕەببی «شاهۆ» ـی لانەواز
باعیسی خۆشی و سەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ

Kurdish_Poetry

٤٥٦٣

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: موختار شەفیعی (1989)
  • شیعر: خادیم (1895 - 1953)

وەک فەلەک بۆ عەشقی تۆ سەرگەشتە و حەیرانە ڕۆژ
بۆ جەمال و حوسنی تۆ هەر ڕۆژە سەرگەردانە ڕۆژ

ئیقتیباسی نووری خۆیی کردووە لەو نووری تۆ
چونکی لەو ڕۆژە کە ڕۆژە بۆ تۆ سەرگەردانە ڕۆژ

وا لە ڕێگەی عەشقی تۆ ئەو کاری هەر نەسرەوتنە
جانفیدا و سەربازە بۆ تۆ کاری سەردانانە ڕۆژ

شەو کە دی جیلوەی جەمال و شوعلەیی شەمعی ڕوخت
ڕۆژ و شەو بۆ شەمعی تۆ دەڕوانێ وەک پەروانە ڕۆژ

عەینی ئەم تەئسیرە ئیکسیرە کە تەئسیری لە خاک
وا کە ئەیکاتە تەڵا و گەوهەری یەک دانە ڕۆژ

خوڕڕەمی بەخشی درەخت و نەشئەزا بۆ سەبزەزار
شیرینی بەخشی حەلاوەت میوەیی باغانە ڕۆژ

ماهی دووهەفتە ئەچێتە ژێر خسووف و تیرەگی
گەر بزر بێ ڕووبەڕووی ئەو شوعلەیی تابانە ڕۆژ

مەشقی ئەشقی کرد لە ڕۆژا کەوتە دەشت مەجنوون ئەگەر
بۆ هەموو شام و سەحەر ئەیدی لەسەر شاخانە ڕۆژ

بۆ تەوافی کۆیی تۆ سەرگەشتەیە و دێت و دەچێ
سەوڵەجانی عەشقی تۆ بوو گۆیی ئەم مەیدانە ڕۆژ

یا خودا بڕژێنە سەر خۆی و سەحابە و ئال و بەیت
نووری خۆت و هەم سەڵاتت تا وەکوو تابانە ڕۆژ

من سەگی دەرگاهتم هەم «خادیم» ـی یارانی تۆ
بەندەیی ئیحسانتم قوربان هەتا ئەعیانە ڕۆژ

Kurdish_Poetry

٤٥٤٦

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: بەهجەت یەحیا (1965)
  • شیعر: مەولەوی (1806 - 1882)

ساقی ئامانەن، نەشوو جە ویرت
وە فریادم ڕەس تۆ بەشقی پیرت

مەینەت سەربەرزەن، شادیم زگارەن
ساقی جامەکەت ئەمجار وەکارەن

گەرمی مەی، نەوا و کزەی دەف و نەی
تێکەڵ بۆ چەنی زایەڵەی وەی وەی

نەیچی سا لێدەر، قەزات وە ماڵم
دەمێ دەر جە نەی، دەروونزوخاڵم

قەزای پەنجەکەت دەک لە من کەفێ
خەیلێ عاجزم، سا لێ دەر دەفێ

Kurdish_Poetry

٤٤٥٤

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: شۆڕش مەحموودی
  • شیعر: هەژار (1921 - 1991)

مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری

بە تیشکە تێک شکا سوپای کڕێوە
هەواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە

فەرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ
چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ

با دەرکەون، کوڵ و کەسەر بنێژن
با ڕۆژی ڕزگاری بکەن بە جێژن

شەماڵ، گەواڵ گەواڵ هەور بنێرێ
ئاهەنگ و بەزمی جەژنی پێ بسپێرێ

هەور لە دەشت و شیو و پۆپەشاخان
کردی بە تۆپتەقاندن و چراخان

شەماڵە، گاڵەگاڵیەتی و لە کارە
هەڵگرنەوە شاباشی شای بەهارە

Kurdish_Poetry

 

٤٤١٨

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: عەتا قەرەداغی (1973)
  • شیعر: پەشێو (1946)

هەموو شتێک جوانە لە تۆ
سۆزی گەرم
بزەی نەرم
دڵتەڕیت و چێژی ناسک
جارجار چرپەی تێکەڵ شەرم

چەندە جوانە
قژی تەنکی سەر ناوچەوان
کە وەکوو تەم سەما دەکا
لەسەر بەفر و گوڵ ئەرخەوان

چەندە جوانە
پەنجەی لەخۆوە نەرم و شل
تاڤگەی کەزیی ئارمووشینی
پەخش و خاوی سەر شان و مل

هەموو شتێک جوانە لە تۆ
وردەنیگا
چاو و برۆ
گێڕانەوەی بیرەوەریت
باسی خۆشی و دەردەسەریت

باسی دەستەخوشکانی خۆت
باسی شیعری بێتام و بۆت
باسی دواڕۆژ
باسی ناوماڵ
باسی ناوی یەکەم مناڵ

Kurdish_Poetry

٤٤١٥

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: عەدنان کەریم  (1963) 
  • زاری (1905 - 1982)

تاقەتی بولبول لە حەد دەرچوو خودا بۆ گوڵ نەهات
مەرهەمی ئێش و فیراق و دەردەکانی دڵ نەهات

وا لە تاریکی شەوی هیجر و قوڕاوی مەینەتا
ماتڵم، بۆ ڕۆشنایی ئەختەری کامڵ نەهات

ئینتزاری خۆشە بۆ عاشق بەئوممێدی ویسال
مردم و ئارامی قەلبی زار و بێحاسڵ نەهات

تا لە پووشی دڵ گڕی شەوقی جەماڵت بەرنەبوو
مەنجەڵی سینەم بە زووخاڵی جیایی کوڵ نەهات

بۆ نەکەم شیوەن لەلای ئەو شۆخەوە تا ئەم دەمه
موژدەیێ بۆ ئیمتینانی قەلبی بێتامڵ نەهات

خۆ لەژێر بەفری فیراقا پووشی وشکی تەن ڕزا
ئەی خودا چ بکەم بەهاری عومری بێحاسڵ نەهات

قوڕ بە سەردا بۆ نەکەم لەو ڕۆژەوە دنیا هەیە
کاری هیچ کەس «زارییا» وەک کاری تۆ موشکڵ نەهات

Kurdish_Poetry

٤٤١١

 

✓ دەنگی کوردی

  •  دەنگ: عەدنان کەریم (1963)
  •  شیعر: مەحوی (1836 - 1906)

بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم چ بکەم

لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم

دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم چ بکەم

لەسەر تۆم دوشمنە دنیا قەزییەم "مانع الجمع"ـە
کە تەرکی تۆ نەکەم تەرکی هەموو دنیا نەکەم چ بکەم

بەجێ ماوم لە یاران نابەجێ ماوم ئەجەل زوو بە
بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم چ بکەم

ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا «مەحوی»
هەتا قامی قیامەت ئاھ و واوەیلا نەکەم چ بکەم

Kurdish_Poetry