٢٤١٥

 

✓ ئەحمەد عەبدوڵڵاهی

لەگەڵ تۆدا
شیعری فارسیم دەست پێ کرد و
بایەخم دا بە ‌زمانەکەت
من پێم وا بوو تۆ شاعیری
بێ سنوورن وشە‌کانت
بەهەڵە چووم
من نەمزانی 
شیعر و هونراوەت گوللەیە و
بۆ کوشتن و
بۆ خنکاندنی زمانی دایکیم
سینگ و دیوانی کوردیمی
کردووە نیشان

ئێستا منیش
بۆ بەردەوامیی زمانم
هەرچێ وشەی بێگانەیه
بە سێدارەی خەیاڵاتما
دەکێشم و دەیانکوژم
بۆ من نامۆن
لە وشەیشدا یاریم ناکەن
با کوردی بێ وشەکانم
با کوردی بێ 
شیعر و هەڵبەست و دیوانم
چۆنکوو کوردم
زمانی کوردی پێناسەیه
بۆ داهاتووی نیشتمانم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٠٨٦

 

✓ ئەحمەد عەبدوڵڵاهی

تۆ له شەوی شاری دڵما مانگی چواردەت نەخشاندووە
لە خەزانی زەردی گوڵما تۆمی هیوات پژاندووە

ڕەمەرانی ڕۆحی تینووم لەبۆ جەژنی هەڵاتنت
ساڵانێکە پڕبەدڵم خەیاڵی تۆی سەلماندووە

سەد مخابن من نازانم هەوری ڕەشی بەختی ڕەشم
لە ئاسمانی کام وڵاتا ئەو بارانەی ڕژاندووە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٠٨١

 

✓ ئەحمەد عەبدوڵڵاهی

ئەگەر شێتی وەهایه شێتی شێتم
ئەتۆ شێخی منیش دەروێشی ڕێتم

لە تەکیە و بارەگات ڕێم هەیە قوربان
ئەگەر پەیمان بدەی من خاکی پێتم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

١٩٩٢

 

✓ ئەحمەد عەبدوڵڵاهی

خۆشەویستیی تۆ ئەرکی سەر شانە
ئەی مانگ بۆچ هەڵنای بەرەجەژنانە

تا کاتێ مانگی ڕووی تۆ نەبینم
هەموو ساتێکم هەر ڕەمەزانه

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry