٣٢١٠
✓ شەیدا
بە خۆم و خامەکەم یادی ویلادەت یارمە ئەمشەو
خەیاڵی تازە وەسفێکی گوڵ و دڵدارمە ئەمشەو
چ حەددێکی هەیە گوڵ خۆی بە حوسنی ئەو بشوبهێنێ
لەلای من خەرمەنی گوڵ یەک بە یەک وەک خارمە ئەمشەو
لەسەر خاکی بەری پێیا بەئومێدم سەرم دانێم
بە تەخت و بەختی کەی هەم جامی جەم من عارمە ئەمشەو
خەیاڵم جەمع و شەوقی مەشقی عەشقی حەزرەتی یارە
کە مەیلی بەزمی مەجلیس هەم نەشەی ئەشعارمە ئەمشەو
لە میهر و سۆزی ئەو دڵدارە من ئەمشەو دڵم خۆشە
کە مەدحی حەزرەتی فەخری دوو عالەم کارمە ئەمشەو
ئەگەر لوتفێ بفەرموێ ئەو شەهی خاوەن مەقام و جا
کیفایەتمە بە دڵ چون ئارەزووی دیدارمە ئەمشەو
بەیادی نیونیگاهێکی شیفابەخشی لەگەڵ دڵدا
عەجەب گریان و شین و ناڵە و هاوارمە ئەمشەو
بە دڵ من چاوەڕێم ساحەی دڵ و سینەم موعەتتەر کا
کە یادی نێوی ویردی سەر زمان و زامە ئەمشەو
منی «شەیدا»ـی جەماڵی ئەو تەماداری نەسیمێکم
کە بێشک مەرهەمی دەردی دڵەی زامارمە ئەمشەو