٤٥٣٧

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

بریندارە دڵ و گیانم بە نووکی تیری موژگانت
بەسم بێ ئەم برینانەم دەخیل دەستم بە دامانت

تەبەڕڕا بم لە دینی مستەفا گەر پێت بکەم باوەڕ
بەوێنەی ئاگر و ئاوی، دەقیقە نیتە ئامانت

هەتا کەی دوورپەرێزی کەی، خودا هەڵناگرێ بەس بێ
شەو و ڕۆژێ بسووتێ دڵ لەتاوی دەردی هیجرانت

برینداری خەدەنگی تیری غەمزەی خۆت بلاوێنە
وەفایی بۆ خودا ڕۆژێ بپرسە چۆنە زامانت

دیواری عومرمە مائیل، وەکوو عەقڵم بووە زائیل
پەرێشانخاتیرن هەر دوو وەکوو زوڵفی پەرێشانت

کەمێکە تیلی چاوانت، ئەگەرچی لێت نەبۆتە عەیب
خواخوامە دیسان دەستی شکایە خۆزگە مامانت

ئەگەر ویجدانت بێ حەققم ئەدەیتێ چونکی ئەو وەختەم
ڕووناکە نووری چاوانم کە چاوم بێ لە چاوانت

لەجیاتی ئەم هەموو جەورەی لە دەستی تۆوە چێشتوومە
هەتا ماوم بە جان و دڵ موتیعی ئەمر و فەرمانت

دەوای دەردی دڵی «عورفی» تەبیبی لێوی ئاڵت بێ
بە ماچێکی دوو لیمۆت چۆن نەبێ موحتاجی دەرمانت

Kurdish_Poetry

٤٥٢٠

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

دڵە بێچارەکەم شایەد بە غافڵ دەسخەڕۆی تۆ بێ
دەری کەم شەرتە نەیهێڵم لەسەر ئەخلاق و خووی تۆ بێ

ئەبێ ئەشکی نەدامەت دابڕێژێ چاوی من دائیم
ئەگەر نووری بینایی ئەو بە ئەمر و ئارەزووی تۆ بێ

غوڵامی فکری بکری من نەوەی نابێ ڕەسەن بێنێ
ئەگەر ئەو بەرهەمە ڕاست بێ بەری تۆوی نەوەی تۆ بێ

کەمەندی پێچراوەی پێم لە پێم نابێتەوە هەرگیز
ئەگەر ئەو بەستراوە بەستەیی زنجیری مووی تۆ بێ

لە ڕێی خوادا عیبادەت پیشەیی ئەییامی عومری بێ
جەهەننەم جێگەیێتی ئەو کەسەی چاوی لە دووی تۆ بێ

بەبێ جورم و جینایەت کوشتنی عاشق لە کوێ ڕووی دا
نەبووە، نابێ لە دونیادا مەگەر ئەخلاقی زووی تۆ بێ

بەڵێ دیارە کە بەدعەهدی لە زومڕەی نەوجەوانانە
ئەویش بەدعەهدە ئەو جیلەی لە تۆ بێت و لە دووی تۆ بێ

چەمەن گەر بیهەوێ تەشبیهی ڕووی تۆ کا موقابیل گوڵ
خەجاڵەتبارە تا قیامەت ئەبێ مەحجووبی ڕووی تۆ بێ

Kurdish_Poetry

٤٥٠٧

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

کەسێ داری نەژادی قیمەتی وەک دوڕڕ و گەوهەر بێ
نەوەی ئەو گەوهەرەش تێراوی ئاوی حەوزی کەوسەر بێ

نەوەک هەر جەژنی ئەمساڵی هەموو ساڵێ بە خۆشی بێ
لە مەولامە ئیتر مەولا لەمەولای یار و یاوەر بێ

کەسێ تەعریفی گوڵ کا گەر بە دڵسۆزی، مەکە شوبهە
دەماغی گەر لە سایەی ئەو گوڵستانە موعەتتەر بێ

بە زەردی تێ مەگە زەردی ڕوخی سوورم کە ئەیبینی
لە ئیکسیری مەزەی تەعریفە وا سەرپۆشی ئەخزەر بێ

چ خۆشە داری نێژراوی بەدەس پیری بوخارا بێ
هەموو ساڵێ بەرێ بگرێ بەری یاقووتی ئەحمەر بێ

عەدووی ئەژداد و ئەحفادت لەلای من حەزرەتی ـــــ
بە کوێری دەستی لێ هەڵناگرم تاکوو کەڕ و کەر بێ

لە تەعریفی گوڵ و ڕێحان هەزارێکی وەکوو «عورفی»
عەجەب نابێ کە شێوەی تەبعی تامی شەهد و شەککەر بێ

Kurdish_Poetry

٤٥٠٢

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

پەرێشانە دڵم بە خوا بەدەستی داو و تەزویرت
چ فکرێکت هەیە قوربان بفەرموو ڕای و تەدبیرت

فەقیرە، بێکەسە، مەزڵوومە، توخوا وازی لێ بێنە
ئیتر بەس بێ، بکە خێرێ لە ڕێگەی باووباپیرت

گوناهی چی بوو، نازانم خۆ هیچ کەعبە نەڕووخاوە
هەتا کەی هەر بمێنێ دڵ ئەسیری بەندی زنجیرت

تۆوە دائیم مەزرەعەی غەم تا بچێنی بۆ منی مەزڵووم
منیش بێ جەبر و تەکلیف ئەی عەزیزم ئەبمە ئاوێرت

ئەوەندەی من تەعریفی قەد و باڵات ئەکەم ئاخۆ
بووە مەعلووم کە دڵگیری وە یاخۆ بۆتە دڵگیرت

پەشێوە شێوەی خورشید و ماهـ شێوەت تەماشا کەن
پەشیمانی ئەکێشن ماهـ و خۆر گەر بێنە تەعبیرت

چ شێخێکە ئەوەی تۆی وا نەسێحەت کرد بۆ ئەم غەدرە
بەسە دەس هەڵگرە سۆفی بە حەققی حەزرەتی پیرت

Kurdish_Poetry

٤٤٦٣

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

ئەی ڕەفێقان هیممەتێ بۆ دەردی سینەم مەرهەمێ
تاکوو کەی تەنها لە کونجی حەسرەتا بم هەمدەمێ

ئەی فەڵەک تا کەی بمێنم وێڵی سەحرا و چۆڵ و هەرد
وەک وەلی دێوانە عاشق بم بە ڕوخساری شەمێ

ئاخری بۆ کوێ بڕۆم چی بکەم لە دەستی جەیشی غەم
هەر شەوێکم چەرخی گەردوون بۆم ببارێنێ غەمێ

شاری سینە دائیمەن ئاشووبی غەم دای گرتووە
نەمدی خۆشی لەم خەرابابادە غەیری ماتەمێ

قودرەتێ بۆ دەفعی دێوی غەم لەسەر موڵکی وجوود
بۆ خوا ئەی ئاسەفی موڵکی سولەیمان خاتەمێ

تاکوو کەی وێران بێ موڵکی دڵ بەدەست پووری پەشەنگ
بۆ شکستی پەنجەیی ئەم زاڵمە کوا ڕۆستەمێ

کوا زەمانی تافی جوانیم قودرەتی پەنجەی هونەر
ئاخری بەم پیرییە کەوتوومە داوی پەرچەمێ

توشنەلەب بۆ چی بمێنم ئیلتیجام هێنایە بەر
بابی عەدلت ئەی شفيع المذنبين ـم زەمزەمێ

Kurdish_Poetry

٤٣٦٧

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

سەد لە سەد بەحسی شەوی هیجران بکەم هێشتا کەمە
چی بڵێم بەخوا سەراپا گشتی هەر دەرد و غەمە

ڕۆژ هەتا ئێوارە، ئێوارە تا وەختی سەحەر
بیستوچوار ساعەت لە خانەی سینە شین و ماتەمە

ئاهـ بزانی بۆ چی دڵ ئەخولێتەوە بێهۆش و ڕا
پێچراوی پێچی پێچ و پێچی پەچە و پەرچەمە

حەڵقەحەڵقە ماری زوڵفانی کە ئاڵایە ملم
عەینی ڕاکێشانی کامۆس و کەمەندی ڕۆستەمە

بۆ چی مەنعی من ئەکەی یا شێخ گوناهە کۆڕی عەشق
ئەم گوناهە پێش هەموو عالەم لە ئەستۆی ئادەمە

گەر لە نەزعا چاوەکەم چاوی بە چاوانی کەوێ
ڕەنگە زیندوو ببمەوە باوەڕ بفەرموون ئەو دەمە

سککەیی ڕووی دڵبەرە خولیایی خستۆتە سەرم
خەڵقی لای وایە کە «عورفی» شێتی پارە و دەرهەمە

Kurdish_Poetry

٤٣٢٢

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

خۆزگە ئەمزانی دڵی من بۆ چی وا حەیرانتە
هەر وەکوو پەروانە دەوری شەمعی ڕووی جانانتە

دڵ بە دڵ بۆ ڕابەرت ئیختیاری پێ نەما
دائیمەن فەرمانبەری فەرمانبەری فەرمانتە

فکری وا بوو بۆ ڕەقیب دەستی لە ئێمە هەڵگرێ
ئەی دەخیلت بم نەکەی دەستی من و دامانتە

مەزرەعەی دڵ دەردی بێئاوی ئەکێشێ بۆ خوا
دەستوبردێ چاوەڕوانی قەترەیە بارانتە

دوا ئەوەی سینەم برینی کۆن سەری هەڵدایەوە
تێ گەییشتم زەخمی نووکی تیرەکەی موژگانتە

هاژەیی فرمێسکی دوو چاوم بەکرەجۆی گرتۆتە بەر
غەیر لە دووری تۆیە بۆیە وا بەکوڵ گریانتە

جەژنی قوربانە بەقوربان نۆبەتی قوربانییە
بۆ تۆ قوربانی بەقوربان گیانی من قوربانتە

تۆ لە کوێ ڕیزەسواری نەوجەوانانت لە کوێ؟
تازە بەم عومرە نیازی عەرزەیی مەیدانتە!

بەم هەموو دەرد و غەمە کەوتوویتە حاڵی هەمهەمە
تازە بێچارە نیازی بەزمی مەیخۆرانتە؟

دڵ لە دووریت شەو ئەسووتێ وەک فەنەر تاکوو سەحەر
غەیر لە هیجرت شەوچراغی مەجلیسی دیوانتە

تافی جوانی چوو نەما کەوتوویتە حاڵی غەڕغەڕە
وا ئەزانم ئینتیزاری قەبرەکەی سەیوانتە

گردی سەیوان حورمەتی میوانەکانت ڕاگرە
پەنج و دوو ڕۆژێکی تر وا «عارف» ـیش میوانتە

Kurdish_Poetry

٤٢٩٠

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

لە بەندیخانەیی دەرد و غەما تا کەی نەزارەم کەن
دەخیل ئامان لە ڕێی خوادا وەرن ئەم جارە چارەم کەن

فەلەک کۆستت کەوێ یاخوا بڕووخێ تاق و ئەیوانت
بەبێ سووچ و گونەهـ بۆ ❞سور کنی❝ ئەم خاک و شارەم کەن

هەزارانی تەڵاق دا سێ بە سێ ئەم پیرە فەرتووتە
خورووی دانامرێ هێشتا ئەڵێ دووبارە مارەم کەن

بە حیلە دەستەمۆ نابم مەگەر شەمعی ڕوخی دەرخەن
بەوێنەی تەیری ناو لانە بە شەو تووشی شەوارەم کەن

نەوەک تووشی نەخۆشی بێ، ڕجام وایە لە ئێوە من
❞نەک❝ دەرمانی دەردی چاوی ئەو یارە قەنارەم کەن

هەتا کەی دەردی هیجرانم گوناهی من ئەبێ چی بێ
بەسە تاقەت نەما بەس تووشی ئەم دەرد و مەرارەم کەن

سوتا خانەی سەبووریم و کڵوکۆی دامرا سینەم
عیلاجی دەردەکەم یاخۆ لە ڕێی خوادا ئیدارەم کەن

بەڕەغمی ئەم هەموو قەهرەی لەدەس ئەو یارە چێشتوومە
دەس هەڵناگرم هەتا ماوم بە خەنجەر پارەپارەم کەن

Kurdish_Poetry

٤٢٧٥

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

یار و دەسبەرداری لێی کارێکی خەیلێ موشکیلە
ئەی برادەر تا بفەرمووی وەزعی واعیز باتیلە

گەر قسوورێکم ببێ نابێ عیتابم لێ بکەی
چونکی قوربان پیاوی عاشق عەقڵ و هۆشی زائیلە

ڕووت و برسی چۆن بدەم پەنجە لە پەنجەی عەشقەوە
عەشقبازی و موفلیسی وەڵڵاهی سەممی قاتیلە

چۆن قەبووڵ بکرێ ئەدای فەڕزم لە دیوانی خودا
موددەتێ عومرم نەبوو نوێژێ بکەم بێغائیلە

خانەیی سەبرم نەما حاجەت ئیتر بنکەن بکەن
بۆ ڕووخانی دیواری عومری من لەسەر لا مائیلە

ماهی ڕۆژوو ڕۆژوو گەر بشکێ گوناهی من نییە
ڕۆئیەتی قەوسی هیلالی تۆیە ڕۆژوو شەو باتیلە

گەر نەگەیمە بابی ئەعلا و تەوەقوف سەدرە بی
باڵی تاقەتمە لە ئەنواری تەجەللی عاتیلە

ڕۆژی قیامەت گەردەنت بگرم لە دیوانی خودا
لێت بسێنێ دادی ئەم بێچارە ڕووتەی سائیلە

وا هەموو ڕۆیین و گرتیان یەک بە یەک ڕێگەی سەفەر
هاکە دەس پێ کەین من و تۆیش دوابەدوایی قافیلە

Kurdish_Poetry

٤١٢٤

 

✓ عارف عورفی (1896 - 1961)

هەتا کەی گۆشەگیری خەڵوەت و خۆم تووشی سەودا کەم
لە بازاڕی عەشقدا شۆڕشی ئەم جارە بەرپا کەم

یەهوودی مەزهەبێکە وا منی خستۆتە بەحری غەم
بە هیچ جۆرێ لەناو ئەم گێژی بەحرە ڕێگە دەرناکەم

خەیاڵی شەوقی ڕووی نەیهێشتووە حەرفێ لە سینەمدا
لەمەولا سەرلەنوێ وا چاکە تەدریسی ئەلفبا کەم

لەدەست ئەم کافرە جێگام لەسەر ئەرزا نەما ناچار
وەکوو عیسا بەرەو ڕووی ئاسمانی چوارەمین ڕا کەم

بە کام وەعدە و وەعیدی ئەم خواگرتووە بکەم باوەڕ
مەگەر ئەستۆی لە پاداشا حەوالەی تیغی مەولا کەم

لەلای دولبەرم بێزارە لێم، لای ڕەقیب دڵشاد
سەرم سوڕ ماوە لەم وەزعەم، لەلای کێ عەرزی شەکوا کەم

کە وا یارم زویر بێ تاقەتی جەریشی نەبێ ناچار
دڵ و دین و عەقڵ ماوە ئەویش ئەمجا بەرەڵڵا کەم

موحیبەت ماڵی وێران بێ بەجارێ تێکەڵی خوێن بوو
بەناچاری لەگەڵ ئەم دەردە دەبێ تا سەر مودارا کەم

ئەگەر دەرد و غەمێ دیومە بەجارێ بیخەمە تەحریر
ئەبێ دیسانەوە من دەفتەرێکی تازە ئینشا کەم

خودایا دەستگیرم بی لە زومرەی ساڵحانت بم
نَعَم بێژم بە تەنهاییت خودا حاشا کە حاشا کەم

لەبەر قاپی کەرەمتا هەڵترووشکاوم وەکوو «عورفی»
خودایا نەمکوژی تا ڕوو لە قاپی شاهی لەولا کەم

Kurdish_Poetry