✓ شێخ سەلام
ئەوەی لە دنیا لەتێ نانی بوو
کەلاوەکۆنێ ئاشیانی بوو
پیاوی کەس نەبێ، کەس پیاوی نەبێ
هەر ئەو ژیاوە، ئەو ژیانی بوو
در دهر هر آن که نیم نانی دارد
از بهر نشست آشیانی دارد
نه خادم کس بود نه مخدوم کسی
گو شاد بزی که خوش جهانی دارد
- له دنیای شێخ سەلامی شاعیردا
- شێخ سەلام کاتی خۆی مەئمووری نفووس دەبێت، بەڕێوەبەرەکەی زۆر قسەخۆش و سوێرقسە و درێژدادڕ دەبێت، لە هیچ کۆڕ و دانیشتنێکدا بواری شێخ سەلام و خەڵکی نادات ورتە لە دەمیان بێتە دەرەوە و هەر خۆی قسە دەکات، پاش دەوامیش کە دەچێتەوە ماڵەوە، ڕەوشەن خانی خێزانی بواری نادات قسە بکات، شەوێکیان بەدەم خەوەوە دەست دەکات بە وڕێنە و قسەکردن. خێزانەکەی هەڵدەستێت و ڕای ئەوەشێنێت، شێخ سەلام لە خەو ڕائەپەڕێت و ئەڵێ چییە چییە؟! خێزانەکەشی دەڵێت: ئەوە چییە وا بەدەم خەوەوە قسە دەکەیت؟! شێخ سەلامیش دەڵێت: ماڵی باوکت کاول بێت! له دائیرە تایەربەگ بوارم نادات دوو قسە بکەم، لە ماڵیشەوە تۆ نۆرەم نادەیت، ئێستەش پێم ڕەوا نابینیت بەدەم خەوەوە دوو قسە بکەم!
- ڕۆژێک پیاوێک لە دێی دۆڵان دێت بۆ لای، دەڵێت: "ئەوە تەیارە هات گوێتان لێ نەبوو؟ شێخ سەلام دەڵێت: بۆ گرمەگرمی ڕەوشەن ئەیەڵێت گوێم لە گرمەی تەیارە بێت، ماڵی باوکی بە قوڕ گیرێت!
- ئەوا شێخ سەلام مەئمووری بژێوی (تەموین)ـە لە چوارتا؛ ڕۆژێک لە ژوورەکەی دانیشتبوو، کۆمەڵێک ئافرەتی (شەمسە ئاوایی) لەو دیو دەرگاکەوە پاڵەپەستۆیان بوو، بۆ ئەوەی زوو بیتاقەی شەکر و چاکانیان بۆ ئیمزا بکات و فریای وەرگرتنی بکەون. لە ئەنجامی پاڵەپەستۆدا دەرگاکە کرایەوە و ئافرەتێک بەدەم پاڵەپەستۆوە هاتە ژوورەوە، شێخ سەلام هەستا و پاڵێکی نا بە ئافرەتەکەوە و دەرگاکەی داخستەوە. گوێمان لێ بوو، یەکێک لە ئافرەتەکان لێی پرسی، خویشکە فاتە ئەوە چی بوو؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: "خویشکە بێژم چی! ئەو بۆزبەرازسەرەی، خووکەملەی، بریشقەدەمەی ها لە کەوانەکەی ژوورەوە بۆقێکی پێوە نام خەریک بوو ئاستۆم ورد بکات!"
شێخ سەلام کە گوێی لەوە بوو دەستی کرد بە پێکەنین و خویشکە فاتەی بانگ کردەوە. وتی: "ئەو قسەی کە ئێستا کردت بیڵێرەوە، کەس نەیتوانیوە وەسفی من ئەوا بەوردی بکات، مەرجە شەکر و چای دوو مانگت بە کەڕەتێ بۆ بنووسم." ئافرەتەکە ناچار بوو کە هەمان ڕستە بەپێکەنینەوە دووبارە بکاتەوە.
- جارێک تۆفیق وەهبی بەگ پێی دەڵێت: من بە تەیارە دەگەڕێم و هێشتا تۆ خاوەنی کەرەشەلی خۆتی! ڕۆڵە بۆ؟ شێخ سەلام دەستبەجێ دەڵێت: میرم! ڕاست ئەفەرموویت، تۆ بە تەیارە فڕکەفڕک بە کوردستاندا دەڕۆیت و ئاگات لە هیچ نییە، بەڵام من بەم کەرەشەلە بە چیا و دۆڵ و بنار و لاڕێ و کون و قوژبنی کوردستاندا دەگەڕێم و ئاگام لە هەموو شتێکە، بۆیە بووم بەم شەیدایە بۆ خاک و نەتەوەکەم. زیاد ئەسعەد.
Kurdish_Poetry