✓ فایەق زێوەر

ئەی درهەم و ئەی دینار
تاقانەی کۆشک و تەلار

هێزی بەردڵی هەژار
شەمامەی یار و ئەغیار

هەڵسووڕانی ئیش و کار
لە خۆتان دێ بێ ئازار

شیرینیی ئێوەی نازدار
کێوی دێنێتە ژێر بار

من ناڵێم دووسەدهەزار
بەڵام دیناری شینکار

کە ڕووی تێ کردی یەکجار
ئەتبا دیارە و دیار

ئینسانێکی نالەبار
هیچنەزان و بێدەمار

هەر وەک ئەفەندیی ناوشار
بۆت ئەکا بە خوێندەوار

هەر پارەیە بێ شومار
ئەیبەخشن میر و توجار

بۆ ژیانی بێ غوبار
قەڵایەکە پڕنیگار

دوژمنێکی هەرزەکار
کە ژینت لێ بکا تار

بۆی بەرە وەکوو سەردار
ئیتر ئەژیت بەختیار

ئەی دەوڵەمەندی ناودار
پێی ڕابوێرە بە ویقار

بەڵام وریا بە جارجار
لای خوا نەتکا شەمەزار

ئەی گەنجی لە گیان بێزار
ژیر بە و بەهۆش و بەکار

پارەی خزم و کەسوکار
نەتبا بۆ کۆڕی قومار

ئەی «بەختیار»ـی لاسار
لای زۆربەی خاوەنئەفکار

ئەمڕۆ پاوەن و دۆلار
بوونە سەرچاوەی ئەسرار

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry