٤٦٢٦

✓ حەقیقی (1902 - 1996)

«کامیل» ئەو مانگی موبارەک فەڕز و ئەمری بارییە
مانگی نوێژ و تاعەت و سەرفترە وو دیندارییە

لەززەتی ڕۆژوو ئەتۆ تێ فکرە عەینی ڕەحمەتە
خواردنی ڕۆژێ ئەتۆ بڕوانە زەهری مارییە

دەنگی قوڕئانخوێندن و ئەڵڵاهووئەکبەر دێ مودام
کەی لە مانگی دیکەدا تۆ گوێت لە دەنگی قارییە

بیست و حەوتەم حامیلی قورئانە جەبریلی ئەمین
حامیلی وەحیی موبین بۆ ئەحمەدی موختارییە

لەیلەتولقەدرێ کە وا سەف سەف مەلاییک دێنە خوار
دەرکی ڕەحمەت بازە، عاسی! وەختی گریە و زارییە

دەرکی دۆزەخ داخرا دەرکی بەهەشت ئاواڵەیە
موژدە بێ ڕەحمەت دەبارێ باری عامی بارییە

سەیقەلی ژەنگی مسی ساڵێکە سەرفترە و زەکات
مشتوماڵی نەفس و ماڵە سوننەتێکی جارییە

مام مەلای بێچارە، کاروبارێکی دیکەی نییە
یازدە مانگان خەوتووە و ئەو مانگە وەختی کارییە

کاکە گیان ئێستا «حەقیقی» زەوقی جارانی نییە
تەبعی تۆ سەرشارە، ئەمما شێعری من بێعارییە

Kurdish_Poetry

٣٨٢٠

 

✓ مەلا موخلیس

مژدە بێ ئەی ئەهلی حەق وا مانگی ئوممەت هاتەوە
سەد شوکر بۆ تۆ خودایە مانگی ڕەحمەت هاتەوە

ئەی دڵە چیتر مەکێشە حەسرەت و ئاهی سووتاو
نۆبەتی شادی و سروورە مەرهەمی دڵ هاتەوە

عیللەتێکی گەر هەبێ جەستە ئەبەد باکت نەبێ
بۆ دەوای دەردانە لوقمانی حەکیمم هاتەوە

چیدی فرمێسکی هەژاری مەڕژێنە سەر خوانەکەت
سفرەکەت ڕازاوەیە خۆ قووتی ڕۆژت هاتەوە

بۆ سەنا و شوکری خوداوەند لائیقە خۆ هەڵبکەی
دەست و بازووت بۆ عیبادەت مانگی تاعەت هاتەوە

موددەتێکە گەر لەبەر دونیا دەکەی تۆ شەونخوون
تەرکی کە بۆ ئاخیرەت وا لەیلی قەدرت هاتەوە

پشت لە تاوان و خراپە ڕووت لە چاکە و تەوبە بێ
غایەتی ڕۆژوو وەهایە قاسیدی خێر هاتەوە

«مخلص» و بەندەی خودا بە گەرمی هاوین بڕ دەکەی
حاسڵی گوڵزار دەکەی مانگی بەهارە هاتەوە

Kurdish_Poetry