٤٤٩٣

 

✓ ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)

ئەگەر بینێمە سەر، خوودەی وەکوو دنگ
دڵم کونکون ببێ وەک ناوی بێژنگ

چلۆن ئەیدەم بە خورمای قاچوقولڕووت
قەدی بەرزی چنار و گوێز و هارژنگ

لە زەیتوون چاکترە هەنجیر و سێومان
گەزۆم پێ خۆشترە سەد جار لە بالنگ

بەڵام چی بکەم لە داخی ئەم زەمانە
وەکوو مزراح سەرم کەوتۆتە ڤنگڤنگ

ئەوەی بۆ پارە لای داوە لە مەسلەک
بەجێی دانیشتنی بێ، مێخ و سەد سنگ

وتم بەو حیزە ئەمڕۆ ڕۆژی تۆیە
بخۆ، دانێ بە مەیلت لنگ لەسەر لنگ

دەشوبهێ حاڵی «ئەحمەد» وەقتی وەسڵت
بە ڕۆژهەڵهاتن و ئەحواڵی ئاونگ

Kurdish_Poetry

٤٤٩٢

 

✓ مەولەوی (1806 - 1882)

ئاخ پەی خەڵوەتێ بدیام وە بێخەم
سیوای تۆ دیدەم، کەس نەدیام وە چەم

خۆزگە شوێنێکی چۆڵم بوایەت بێخەم سەیرم بکردایت و چاوەکانم بێجگە لە تۆ بۆ کەسی تری نەڕوانایەت و هیچ کەس تۆی نەبینایەت.

دڵ پەی دیدەنت کام خەڵوەت سازۆ
تۆی دیدەیچم بی، مەردم نمازۆ

بەڵام بەداخەوە دڵم ناتوانێت شوێنێکی چۆڵی دەست کەوێت تا تێر سەیرت کات و تەنانەت ئەگەر لەناو چاوەکانیشمدا بیت خەڵکی لەگەڵ خۆمدا هەر بۆت ئەڕوانن و نایەڵن بگەم بە ئاواتەکەم.

Kurdish_Poetry

٤٤٩١

 

✓ نالی (1800 - 1877)

خاڵی بەینی چاو و ئەبرۆت ئینتیخابی کاتیبە
یەعنی نوقتەی فەرقی ئیبنوموقلە و ئیبنوحاجیبە

عەیب و لەعبی خەڵقی کرد تا یاری خستە داوی خۆی
خەسمەکەی من کەلبی ئاهووگیرە، خیرسی لاعیبە

لەشکری خەتتی شکستە و تیپی زوڵفی تارومار
پادشاهی حوسنی عالەمگیری هێشتا غالیبە

حازری ئەمر و خیتابە دڵ، ئەگەرچی مەنهییە
ڕاجیعی تۆیە زەمیری من، ئەگەرچی غائیبە

«نالی» ئێستە تاجی شاهی و تەختی خاقانی هەیە
شەوکەتئارا، موحتەشەمدیوانە، فیکرەتسائیبە

Kurdish_Poetry

٤٤٩٠

 

✓ زێوەر (1875 - 1948)

بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم
گیراوی حەلقەداوی سەییادی عاشقانم

زەلیلی لەیلی بێمەیل، مەجنوونی کۆهـ و دەشتم
بێیار و کاروبارم، ڕەفیقی وەحشییانم

تکا، شکا، بە جارێ شەراب و شیشەیی دڵ
ئەسراری مەخفییاتم کەوتۆتە سەر زوبانم

مەنواڕە جوستوجۆی من، بنواڕە گفتوگۆی من
شیرینە قیل و قالم مەدداحی دڵبەرانم

لە داغی باغی ڕووی ئەو وەک عەندەلیب ئەناڵم
تەزەروی سەروی باڵای، بێئافەتی خەزانم

من پەستی شەستی دەستی چاومەستی دیدەشەنگم
موحتاجی باجی ماچی ڕوومەتگوڵی جینانم

دڵ بۆتەبۆتە بۆ تۆ پڕنار و پڕحەرارەت
سووتاوە دڵ ئەمێستا خەریکی حیفزی جانم

هەمیشە حیلەبازی، جارجارە دڵنەوازی
گاهێ لەسەر زەمینم، گاهێ لە ئاسمانم

زێوەر غوڵامی خۆتە، ئەم جەورە حەیفە خووتە
مەمنوونە گەر بفەرمووی تۆ عەبدی ئاستانم

Kurdish_Poetry

٤٤٨٩

 

✓ کەمالی (1886 - 1974)

بناغەی دەهری دوون ڕووخاوە یەکسەر تێک چووە ئاشی
بە جارێ تێک شکاوە و وردوخاشە بەرد و بەرداشی

فەلەک نادا هەتا ڕۆژی قیامەت مەقسەدی دانا
خەریکە هەر ئەدا عیززەت بە پیاوی سەرسەری و ناشی

لە مەکتەبخانەیی عەشقا شوکور یارم یەکەم دەرچوو
خودایە زوو ببێتە حاکم و من ببمە فەڕڕاشی

ئەگەرچی ئەمکوژێ چاوی بەڵام ئیحیام ئەکا دەرحاڵ
بە خەندەی لێوی لەعلی شەککەرئەفشانی نمەکپاشی

بە جارێ سەبر و ئارام و دڵی بردووم و خوشحاڵم
نەماوە غەیری ڕۆحم وا ئەویشم کرد بە پاداشی

خەتی دا ڕووی دڵارامم لەمەولا من نییە چارەم
«کەمالی» مەسڵەحەت وایە بڕۆم زوو ببمە سەرتاشی

Kurdish_Poetry

٤٤٨٨

 

✓ نالی (1800 - 1877)

گەر بازی نەزەربازی، لەم دەست و نیگارەت چی
بۆ یاری و دەسبازی، لەم ڕاو و دیارەت چی

گەردنکەچی زوڵفی بووی، سا دڵ مەدە بەر موژگان
وا خۆت لە تەناف داوە، ئیتر لە قەنارەت چی

ئەو چاوە کە هەڵدێنی، سەد عەربەدە دەنوێنی
هەر ڕۆحە کە بستێنی، لەم غەمزە دوبارەت چی

گەنجینەیی نێو سینە، ڕەنگینە بە سەد کینە
ئەی لەککەیی ئایینە، یا ڕەببی بەغارەت چی

موژدەی قەدەمی سەر بوو، دڵ هات و لە ڕێدا چوو
جان ماوە لەبۆ وەسڵی، بدرێ بە بەشارەت چی

وا خوانی کەناری من بۆ نوقڵی دەم و ماچە
ئەی لووتەخۆری تەکیە، سا تۆ لە کەنارەت چی

بۆچ ماییلی تەنهایی سەودایەکە خۆڕایی
ئەی مەردومی بینایی، لەم کولبەیی تارەت چی

«نالی» خۆشە نەومیدی، دڵبەستە مەبە ئیدی
گەر عاشقی تەجریدی، لەم یار و دیارەت چی

Kurdish_Poetry

٤٤٨٧

 

✓ حەمدی (1876 - 1936)

لەگەڵ ئیدراک و عەقڵا فەزڵەیە تەحسیلی نەحو و سەرف
کە بێدەستی مەحاڵە مەنعی حاتەم کا لە ئەخز و سەرف

سوراحی قەهقەهە ناکا قەدەح گەر زوو دڵی پڕ بێ
بەڵێ بێزەرفییە خەندە بە ئینسانێ کە نەیبێ زەرف

چ بێمەعنایە چوونە مەعرەکەی ئینسانی پڕمەعنا
کە شیعری ڕەبتی پێ ناکا لە ئەفلاتوون قبوولی حەرف

لە سافی ئاسماندا مانگی من مەئموولە خۆی دەرخا
زەمینی شامی هیجران ڕەش دەکا ڕەببی ببارێ بەرف

بە یادی سەروی نازی قامەتی جانانەیە «حەمدی»
لە سەفحەی عالەما وەستاوە تەنها میسلی حەرفی ئەلف

Kurdish_Poetry

٤٤٨٦

 

✓ قانع (1898 - 1965)

سەرخۆشم پەروام نییە، بێباک ئەڵێم با بێ شەراب
سێوی ترش و پرتەقاڵ و هەم هەنار یا خۆ کەباب

بۆ مەزەی مەی، بێنە ساقی، لازماتی نۆشی مەی
مەجلیسی بەزمم تەواو کە، بێنە دەی ساز و ڕوباب

بەپەلە سووڕێ بدە، با سەرگران بن مەجلیسم
شۆڕشێ پەیدا بکە، دڵ بێتە حاڵی ئیزتراب

بەزمی کەیخوسرەو بینا کە تا سبەینێ ساقیا
بیرە و ویسکی و مەزە و قۆنیاخ و ئارەق هەم شەراب

گشتم بۆ ئامادە کە تاکوو بەوێنەی ئەنوەران
سەیری ئەم دونیایە کەم، لاچێ لە پێش چاوم حیجاب

چوون منەووەر شارەزای سەرکەوتنن، تەرفیع ئەکەن
شەرتی ئەووەڵیان شەرابە و کەیف و سەیران و حیساب

عومری بێهوودەم بەسەر برد، ئێستە بیرم کەوتەوە
هیچنەزان بوون باپیرانمان، ماڵسووتاو، خانەخەراب

«قانعا» تۆش خۆت منەووەر کە بە شێعری فەشقیات
گوێ مەدە هەرگیز بە دنیا، دڵفەرەح بە و کامیاب

Kurdish_Poetry

٤٤٨٥

 

✓ میرزا غەفوور (1870 - 1938)

ئەی موسڵمانان عیلاجێکم بکەن شەیدایە دڵ
کوشتەیی خاڵی سیاهـ و پەرچەمی تاتایە دڵ

والە و سەرگەشتە و حەیرانم وەکوو مەجنوون لە چۆڵ
عاشقی خاڵ و خەت و ڕوخساری مەهسیمایە دڵ

عیزەتی نەفس و حەیاتم بۆ نەماوە زەڕەیێ
مەست و مەدهۆش و زەدەی تیری موژەی لەیلایە دڵ

چی لە گوڵشەن داوە، هەر کەس فیکر و هۆشێکی ببێ
مایلی گوڵدەستەیی شاهی جیهانئارایە دڵ

گەشت و گوڵزاری جیهان بێسوودە، عەیش و لەززەتی
بەستەیی بەند و کەمەندی موشفیقی مەولایە دڵ

ئارەزوو ناکەم مەتاع و ماڵی دنیای دوونپەرەست
مایلی جام و سوراحی و بادەیی سەهبایە دڵ

شین و فەریادی سبەینانی هەدەر چوو عەندەلیب
خاڵە «میرزا» ـش جانفیدایی کۆی شەهی بەغدایە دڵ

Kurdish_Poetry

٤٤٨٤

 

✓ عەونی (1914 - 1992)

لە گوڵزاری ئەمەل خونچەی نەپشکوتوو کە پشکۆ کا
دەبێ هەر کەس وەکوو بولبول لە گوڵشەن لانە بۆ خۆ کا

ئەگەر ڕۆژێ بەهاری شادی ڕووی کردە گەڵاڕێژی
دەبێ حاڵی چ بێ ئەو کاتە بولبول قوڕ بە سەر خۆ کا

کە ڕستەی داوی بەدناوی لە دەست و پێ گرێ داوم
دەترسم من لە ئاخیردا حەواڵەی تیغی ئەبڕۆ کا

بە بیرمدا نەهات ڕۆژێ کە چەرخی ڕۆژگار وایە
ئەوەی سەردانەوێنێ بۆی دەبێ کالای لەبەر خۆ کا

ڕقی لێمە ڕەقیب وا لێوی دەکرۆژی لە داخانا
بەوێنەی ئەهریمەن با تۆقی بەدخۆیی لە ئەستۆ کا

دەمێکە بەختی بەرگەشتە لە تاریکی شەوا خەوتوو
دەبێ هەستێ لە خەو ئیتر بەسە ڕووی خۆی لە ئاسۆ کا

کە پێویستم بە دڵسۆزێکی زانای کوردی لێزانە
هەموو بیرێکی دژ یەکبوون لەناو یەک بۆتەدا کۆ کا

ئەوەی هۆهۆ دەکا هیچ کاتێ من پێی دڵنیا نابم
کەسێکم خۆش دەوێ مەرد بێ هەمیشە حەز بە کۆکۆ کا

Kurdish_Poetry