٤١٩٠
✓ مەهدی فەللاحی (1992)
کاتژمێر تاکوو حەساو کا چرکەچرکەی دووری تۆ
خشت بە خشت ماڵی دڵم دەڕمێ و دەبێ خاپووری تۆ
پرچی لوولت بوو بە ڕێگای تا بەیانم، دێم، دەچم
هەتڵە بووم، ڕێگەم ونە، چۆن بێمە دەرکی ژووری تۆ؟
دەفتەری عەشقمان هەتا پێنووسی جیایی بوو لەسەر
چاوم هێند باری هەتا چێ بوو زرێ و بەرمووری تۆ
سووری خۆینن جادەکان بۆ وردەهەنگاو و بزە
مات و خەمگینە دڵم بۆ کوڵمەیی کافووری تۆ
خانی ڕۆحم وا تەزیوە تیشکی ڕۆژیش دای گرێ
گەرمی تێ نازێ ئەگەر لێی گرنەوە تا و نووری تۆ
چوو بەسەر شێعرا قوڕی عالەم، وشەم بوو دەربەدەر
عالەمم پێ تێ گەیان وەک بەفری، زۆر ڕووسووری تۆ
شێعرەکانم «سەرمەس»ـی دوو لێوی تەسکی سوورتن
لێو بەیەکدا دە هەتا بینێرمە دەرکی سووری تۆ