٣٥١٦
✓ دەنگی کوردی
🔸 دەنگ: کەریم کابان
🔸 شیعر: پێنجخشتەکیی ئەحمەد هەردی لەسەر غەزەلێکی شێخ نووری
قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆلی ئەشکی بێپایانی شەو
ئەی کچی خواوەندی جوانی و ئەی چرای دیوانی شەو
«خۆت بپارێزە لە ئاهی دڵبریندارانی شەو
نەک خواناکەردە گیرا بێ دۆعای ناڵانی شەو»
وێڵم و تاریکە دەورم، فەرشی ڕێگەم مەینەتە
بێکەسم، تەنیا ئەناڵم، مەرگی خۆمم عەزرەتە
سازی ئاهەنگی شەوانم، سۆزی جەرگی لەتلەتە
«یاوەر و یاری ئەنیسم ئاھ و ئەشکی حەسرەتە
ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا، دیدەیی گریانی شەو»
وا نەزانی دەستی خەم یادت لە دڵدا دەرئەکا
ئەشکی خوێنینم دەلیلە بۆ کەسێ باوەڕ نەکا
گیانەکەم بەو تیشکی چاوەی شەڕ لەگەڵ ئەختەر ئەکا
«دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا
هەر کە ڕابوورێ بە دڵما سوحبەتی جارانی شەو»
هەوڵی زۆرم دا، لە داوی زوڵفی ئەو بێمروەتە
دەرچم و دوایی بهێنم بەم عەزاب و مەینەتە
پێی وتم بێسوودە هەوڵت، تاکوو ماوی جێگەتە
«نووری لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە
لای سەخیتەبعان مەحاڵە ڕوخسەتی میوانی شەو»