٣١٦٦
✓ جەبار حسەین
مرۆڤی ئەم چەرخە زۆر بەدەگمەن ویژدانی لەلا ماوە و فیترەتبڵند و پایەبڵندە. تەنانەت بابەتە ڕۆحییەکانیش نایبووژێننەوە، هێندە دابڕاوە لە بنەڕەتی خۆی. باوکی ئەمرێ، برای ئەمرێ، دایکی ئەمرێ، خزم و هاوسێی ئەمرن... وەک ئەوەی «نە بای دیبێ نە باران»، دەمودەست هەواڵی مردنەکەیان بڵاو ئەکاتەوە، ڕێک لەسەر پرسەکەشیان کۆمێنتەکان وەڵام ئەداتەوە یان لە ڕێگا ئەگات بە ڕووداوێکی هاتوچۆ وێنەی بریندار و تەرمەکان ئەگرێ، زۆر بەلایەوە ئاسایییە و تەزووێکیش بە گیانیدا نایەت کە ئەمانە کەمێک پێش ئێستا ڕۆحیان لەبەردا بووە و ئێستا ساردوسڕ و بێدەسەڵات کەوتوون. ساتێک تێڕامانی نییە و بیر ناکاتەوە.
- مەحوی دەڵێ:
فیترەتبڵند و پایەبڵندم نەدی، بە گوێش
گەردوون ئەوەندە دوونە کە هەر دوونییە گەرەک
- واتە:
نەک هەر بە چاو کەسی سروشتبەرز و پایەبەرزم نەدیوە، بە گوێش باسیانم نەبیستووە، ئەمەش سەیر نییە، چونکە خەڵک لە زەمانەدا دەژین و زەمانەش ئەوەندە دوون و هیچە لە کەسانی دوون و هیچ بەو لاوە پێ ناگەیێنێ، خۆی کەسانی وای دەوێ.
ڤەژینبوکس