٢٨٣٩

 

✓ ئەنوەر ڕەوشەن

ئێمە و کارەساتی بوومەلەرزە

1 - بەدرێژاییی تەمەنی ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی ململانێیەک لە نێوان ڕووداوە سروشتییەکان و مرۆڤدا بووە. مرۆڤ هەمیشە هەوڵی داوە بە یارمەتیی ئاوەز و ئەندێشەی، سروشت بهێنێتە ژێر ڕکێفی خۆی و سروشتیش هەتا توانیبێتی بێ بەزیییانە مرۆڤی کردووە بە قوربانی؛ بەڵام سروشت قەت چۆکی بە مرۆڤ دانەداوە و هەر لە ژیانی سەرەتاییی خۆیەوە تاکوو ئەمڕۆ مەترسییەکانی سروشتی کەم کردوەتەوە.

ئەو گەلە خواپێداوانەی کە لە ئەزموون و زانستی جۆراوجۆر بۆ دروستکردنی ژیانێکی شایان کەڵکیان وەرگرتوو لە هەموو بووارێکەوە مەترسییەکانی سەر تاک و کۆمەڵگاکەیان کەم کردووەتەوە و لە پلان و بەرنامەیاندا بەشێوەیەکی ڕۆژانە بیر لە باشترکردنی ژیان هاووڵاتییەکانیان دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن کەرامەتی ئەو مرۆڤەی کە لە دەقە ئاسمانییەکاندا جەخت لەسەر پاراستنی کەرامەتی کراوە بپارێزن.

بوومەلەرزە وەک ڕووداوێکی سروشتی هەمیشە لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا بووە و ساڵانە و مانگانە و تەنانەت لە هەندێ شوێنیشدا ڕۆژانە دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم کردووە و لەگەڵیدا سازاوە و درێژە بە ژیانی داوە؛ بەڵام بۆ ئەم سازانەی لەو کەرەستانەی کەڵکی وەرگرتووە کە زانستی مرۆڤایەتی دای هێناوە و بەشێوەیەکی ژیرانە و بەبێ هیچ چەشنە کەمتەرخەمییەک پلانی بۆ داڕشتووە و خەسارەکانی ئەو ڕووداوەی زۆر زۆر کەم کردووەتەوە. ئەوان بۆ سڵامەتیی هاووڵاتییانیان بیناکانیان بەشێوەیەک ساز دەکەن کە لە کاتی ڕوودانی توندترین بوومەلەرزەشدا کەمترین خەساری گیانی لێ بکەوێتەوە. ئەمە تایبەتە بەو وڵات و سەرزەمینانەی کە کۆمەڵێک مرۆڤی ژیر و دڵسۆزی نیشتمانپەروەر بەڕێوەی دەبەن و بەرپرسانە خەمی هاووڵاتییەکانیان لە دڵدایە.

کەچی لای ئێمە بوومەلەرزە بووە بە مۆتەکەیەکی ترسناک و ماڵوێرانکەر. هەمووان دەزانین ئێران لەسەر هێڵی بوومەلەرزە هەڵکەوتووە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەم وڵاتەدا ساڵانە ١٠ تا ١٢هەزار بوومەلەرزە لە سەرووی یەک پلەی ڕیشتەر و ٢٥٠ بوومەلەرزە بە پلەی ٤ هەتا ٤.٩ ڕیشتەر و ٢٥ بوومەلەرزە بە گوڕی ٥ تا ٥.٩ ڕیشتەر و ٢ بوومەلەرزە بە گەورەییی ٦ تا ٦.٩ پلەی ڕیشتەر ڕوو دەدات و پێشبینیش دەکرێت بوومەلەرزە بە گوڕی ٧ تا ٧.٩ ڕیشتەر هەر پێنج ساڵ جارێک ڕوو بدات. هەروەها ئامارەکان دەڵێن٨٠ لەسەدی بیناکان مەرجەکانی دژە بوومەلەرزەیان تێدا نییە ئەمەش لەبەر نەبوونی گەڵاڵەیەکی تۆکمەیە بۆ بەرنگاربوونەوەی بوومەلەرزە لە ئێران. ئەم هەمووە بوومەلەرزانەی کە لە ئێراندا ڕوو دەدات مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیان و سامانی هاووڵاتیان درووست کردووە هەر بۆیە پێویستە ئەم وڵاتەش وەک دیکەی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر هێڵی بوومەلەرزە هەڵکەوتوون چارەیەک بدۆزێتەوە هەتا خەسارەکانی ئەو ڕووداوە کەم بکاتەوە. بەجوانی لە ڕووداوی بوومەلەرزەکەی ئەم دوایییەی پارێزگای کرماشاندا بۆمان دەرکەوت کە چۆن گرنگایەتی نەدراوە بە گیانی مرۆڤەکان و دەسەڵاتیش چەندە دەستەوەستانانە و بەلاوازی بەرنگاریی ئەو کارەساتە بوویەوە و ئەگەر خورۆشانی دەریای یارمەتییەکانی خەڵک نەبووایەت ئازارەکانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو سەد هێندەی تر قورستر دەبوو.

هەروەک دەزانین وڵاتی ئێران لەسەر دەریایەک لە نەوت و سامانە سروشتییەکان هەڵکەوتووە و لەو بارەوە لە ڕیزی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهاندایە و ئەگەر ئەو پارەیەی کە لە ڕێی فرۆشتنی نەوت و سامانە سروشتییەکانی ترەوە دەستی دەسەڵاتداران دەکەوێت تەخشان و پەخشانی پێوە نەکرێت دەتوانرێت خانووی هەر ئێرانییەک لە دژی مەترسییەکانی بوومەلەرزە تەیار بکرێت. بەداخەوە خەڵکی لای ئێمە هەژارن و سازکردنی خانوو و بینا زۆر بەگران بۆیان تەواو دەبێت و ناتوانن ماڵێکی پتەو و پێشکەوتوو و دژە بوومەلەرزە دروست بکەن و لە توانایاندا نییە ئەو پارەیە کە ئەشێ بکرێتە خەرجی قاییمیی ماڵەکانیان دابین بکەن هەر بۆیە پێویستە نوێنەرانی پارلمان پرۆژەیاسایەک پێشکەشی پارلمان بکەن بۆ پەسەندکردنی یارمەتیی ماڵیی حکوومەت بەو کەسانەی کە خانوو ساز دەکەن بۆ ئەوەی خانووەکانیان دژە بوومەلەرزە ساز بکەن.

2 - ڕوودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان بۆ ئێمە کە هێشتا کۆستی لەدەستدانی کەرکووک و زامی خنجێری خەیانەت و گەلەکۆمەی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاساندبووینی زەبرێکی قورسی تر بوو؛ بەڵام بینینی بێکەسیی بوومەلەرزەلێدراونی کرماشان لە کاتژمێرە سەرەتایییەکانی ئەو ڕووداوەدا شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند و خەو لە چاوی هەمووان تاراند و هەر بۆیە بە سەروماڵەوە خۆیان کردە خزمەتکاری هاووڵاتییە بەڵالێدراوەکانیان و شانیان دایە ژێر باری خەمیان و نەیانهێشت ئەو ڕووداوە سامناکە و ئەو کارەساتە گورچووبڕە لە پێیان بخات. جوان و پیر، گەورە و بچووک، هەژار و دەوڵەمەند وەک ئەوەی کە کەسی خۆی تووشی ئەو ڕووداوە بووبێت و لەژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا بێت و یان کەسەکانیان بێسەرپەنا بووبن ئارامیان لەلا هەڵگیرا و ئۆقرەیان نەما و لەو ساتەوە تاکوو ئێستاش هەر خەریکی بەهاناوەهاتنی کەسەکانیانن. نموونەی ئەو خرۆشان و پیشاندانی هاودەردییەی خەڵکمان لە کاتی پێشکەشکردنی شتومەک و هاوکارییەکاندا بینی و لووتکەی ئەو جۆش و خرۆشەش لە کاتی هێنانەوەی تەرمی خۆبەخشی خوالێخۆشبوو ئەبووبەکری مەعرووفیدا بینی کە بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ڕۆیشتبوو بۆ سەرپێڵی زەهاو. دەریایەک لە خەڵکی جوانڕۆ و کامیاران و مووچش و سنە و دیواندەرە و سەقز و... چوون بەپێشوازی تەرمی ئەو خۆبەخشەوە و دیمەنێکی مێژوویییان تۆمار کرد کە جێگای شانازییە. نابێ لەبیرمان بچێت کە دیکەی گەلانی ئێران و جیهانیش کە ئەو خرۆشانەی خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بینی هاتنە سەر هێڵ و لافاوی هاوکاری و یارمەتییەکانیان بەرەو پارێزگای کرماشان کەوتە ڕێ و ئەوانیش شانیان دا بە شانی کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە و چوونە ژێر باری قورسی ئەو کارساتە سەختەوە کە جێگای سپاس و پێزانینە. پێویستە لێرەشدا جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە هەتا زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئەبێ خەڵک یارمەتی و هاوکاریان لێ نەبڕن و بە هەموو شێوازێک هۆشیان پێیانەوە بێت و شاعیروتەنی: بەتەنیا جێیان مەهێڵن.

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٧

 

✓ ئەنوەر ڕەوشەن

خەڵکی نیشتمانی گوڵ و هەتاو!
سپاس بۆ خورۆشانی زرێباری هەستتان.
سپاس بۆ دەستی بەخشەندەتان.
سپاس بۆ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئینسانی و نەتەوەییتان.
بژین بۆ ئەوەی هاتن بەهانای هاونیشتمانییە لێقەوماوەکانتان لە کرماشانی دێرین.
بژین بۆ ئەوەی متمانەتان کرد بە ڕۆڵەکانی خۆتان و هاوکاری و یارمەتییەکانتان بەوان سپارد تا بیگەیێننە دەستی خوشک و برا بوومەلەرزەلێدراوەکانی سەرپێڵ و قەسر و سەلاس.
سەربەرزم کە لە ئێوەم و شانازیتان پێوە دەکەم و جارێکی تر لە ناخەوە سپاستان دەکەم.

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry