٤٥٩٢

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

ئەمان لەو کاتە کە یارم بە عیشوە لەنجە دەنوێنێ
هەڵئەستێ، هەڵدەکا چاک، مەی دەڕێژێ، ساغەر ئەشکێنێ

دەچێت و من لەسەر ئاگر ئەبرژێم ئاخۆ کەی بێ ئەو
دووبارە بێتەوە، حەققم لە دەستی هیجر بستێنێ

کە کێشای خەنجەری ناز، دەس لە من هەڵگر نییە تاوێ
مەگەر دەستی شەکەت بێ و شێوەیی مروەت بەجێ بێنێ

فیدای ئەو مەستییەم وا ڕێگەیی مەیخانە کەج ناکا
لەگەڵ شەحنەش ئەگەر تێ هەڵبچێت و دەستی بپسێنێ

چ قەسرێ بوو خودایا دوێنێ شەو من گەیمە قاپی ئەو
کە دەربانی بە قەیسەر داغی چەندین ساڵە دەڕژێنێ

لە ترسا مانگی چواردە مووی هەموو ئەعزای ئەبێ سنگ سنگ
هەتاوی من لە ئاسۆی حوسنەوە گەر ڕوویی هەڵبێنێ

لە خوێنی خۆت دە «تاهیر» جامی بادەی نابی بۆ تێ کە
کە بادەی خوێنی تۆی گەر دەس کەوێتن ناچێ بۆ شوێنێ

Kurdish_Poetry

٤٥٠٨

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

براکەم دڵ لەگەڵ تۆ ئاشتی نابێتۆ کە بێباکی
لەگەڵ من ئاگری سۆزان لەگەڵ ناکەس وەکوو خاکی

لەگەڵ من ئاسمانی کەجڕەوی، بێعەهد و ئیقراری
لەگەڵ ئەو عەردی ئارام و وەفادار و تەرەبناکی

بە مێهرم لایە فرمێسکە و بە قەهرم لایە خوێنڕێژی
تَعال الله چ سەففاحی، مَعاذ الله چ سەففاکی

لە میهری گەرم و قەهری ساردی تۆ من مات و حەیرانم
کە گاهێ وەک شەوی زوڵمەت، دەمێ وەک سوبحی ڕووناکی

لەگەڵ تۆ عومری من سەر چوو تەجاهول عوزری بێجێیە
چلۆن دەرکت نەبردە دەردەکەم، خۆ خاوەنئیداراکی

دەوای پاش مردنە بۆ من، هەموو ئەلتاف و ئیکڕامت
منت کوشت ئێستە جا بۆ دەرد و داخم سینە سەدچاکی

بەڵێ شاهی، بەڵێ ماهی، بەڵێ سەروی، بەڵێ گوڵشەن
بەری پێی خۆت نەدیوە، کەی لەبیری خار و خاشاکی

لەگەڵ عالەم وەکوو غەیسی کەرەم، پڕجوود و ئیحسانی
لەگەڵ من قەحتەساڵی هەر خەریکی بوخڵ و ئیمساکی

نیشانەی عەدلی سەرمایەی حەیاتی ئەهلی عیرفانی
کە باسی من دەکەن قوربان، لەبیری زوڵم و ئیهلاکی

بە عومری ڕەنج و میحنەت دەممرێنی جا ئەڵێی چۆنی
بە قەرنێ جەور و زەحمەت ئەمکوژی ئەوسا ئەڵێی چاکی

دە بۆچ شیرینە لای تۆ سەبری تاڵ و بێبەرم خۆ تۆ
فریشتەی ڕەحمەتی، پاکی، نەتیجەی -خیلی- ئەملاکی

مەبە قوربان لە دەرد و داخ و ناڵە و سەگوەڕیم عاجز
ئەتۆ هەر مانگی ئافاتی، ئەتۆ هەر شەمسی ئەفلاکی

ئەگەر بەدحاڵە «تاهیر» لێی ببوورە چونکە مەئیووسە
ئەتۆ تاهیر بە حەققی تاهیران ڕووحپاک و دڵپاکی

Kurdish_Poetry

٤٤٣٥

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

بەندی قەیدی هیجرەتم ئەی سەروی ئازادم وەرە
زار و غەمباری جەفام، دڵداری دڵشادم وەرە

گەر لە عیلمی عاشقی وا هیچنەزان و کاهیلم
زوو بە عیشوەی چاوەکانت کە بە ئوستادم وەرە

من زەلیلی دەستی جەوری ناکەسانی سوفلەخووم
کەلبی دەرماڵی ئەتۆم ئەی غەوسی بەغدادم وەرە

ها لەدووم کەوتن بە هووها و لەعنەت و بەرد و جنێو
گیان و ماڵم بێ فیدات سا مەحزی ئیمدادم وەرە

من لە ڕێ وێڵم لە سارای گومڕەهیدا سەرنگوون
بێکەس و خوار و مەلوولم، قوتبی ئیڕشادم وەرە

بۆ شیفای زامی دەروونی پڕ لە زووخم مەرهەمێ
بۆ سەفای حاڵی حەزین و ڕەنجی بەربادم وەرە

بۆ خەلاسی «تاهیری» مەحزوون لە حیرمانی ویساڵ
چاوەنواڕی لوتفەکەی تۆم خۆت بخە یادم وەرە

Kurdish_Poetry

٤٣٠٥

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

بریندارم بریندارم تەبیبم زوو بە دەرمانێ
گەدای تۆم، من گەدای تۆم، شاهەکەم سا دێرە ئیحسانێ

خرابم لەشخرابم بۆ سەراپام بیری تەعمیرێ
شکاوم، تێشکاوم، سەر فیدات بێ حاڵ و سامانێ

لە عالەمدا، لە عالەمدا، نییە وەک بەندە مەئیووسێ
دسا ڕەحمێ، دەسا ڕەحمێ، بە خواری دڵپەرێشانێ

ئەمن ڕووتم، ئەمن ڕووتم، عەتا کە سیتری ئەندامێ
سەگی دەرگام، سەگی دەرگام، کەرەم کە ڕێزەئێسقانێ

زەلیلم من، زەلیلم من، ئەمان سا عیززی ئەلتافێ
لە ڕێ وێڵم، لە ڕێ وێڵم، دەخیلە ناوونیشانێ

وەکوو مەجنوون، وەکوو مەجنوون، بە کێو و دەشتەدا وێڵم
بپرسە، تۆ بپرسە، حاڵەکەی شێتی بیابانێ

فیدات بێ، گیان فیدات بێ سا بکە لوتفێ لەگەڵ «تاهیر»
بڵێ جارێ، بڵێ جارێ: سەگی دەرماڵەکەم کوانێ؟

Kurdish_Poetry

٤٢٤٥

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

زوو بە بولبول شیوەنی گوڵ چاک بگێڕە و گوێ مەدە
گەر عەدووی بادی سەحەر هەڵکا بە شووت و شاتەوە

شیوەنت وەک شادمانی وایە با ترست نەبێ
شیوەنی گوڵ خار دەبارێنێ بەسەر ئەعداتەوە

شیوەنی پاییزە هۆی دڵخۆشی و کەیفی بەهار
خۆت بە مەعزوور دامەنێ چاو نێ بە ڕێگەی کاتەوە

سەد پەڕەی پڕخوێنە سەفحەی خاتری پڕمەینەتم
هەم بەدەس هیجرانی یار و هەم بەدەس سەرهاتەوە

گوڵگوڵە داوێنی ئامالم بە قەترەی خوێنی دڵ
یار لە من شاهید تەڵەبکارە بە سەد ئیسباتەوە

ڕازی شیرینی زەمانی وەسڵە «تاهیر» میسلی زەهر
ئەی خودا چ بکەم بەدەستی تاڵیەکەی ئەوقاتەوە

Kurdish_Poetry

٤٢٣٦

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

ئەی دڵم ئایەنەی جەماڵی وەتەن
حاڵ و ماڵم فیدایی حاڵی وەتەن

بولبولێکم بە نەغمە و ئاهەنگ
گوڵشەنم پووش و دڕکوداڵی وەتەن

بە وەتەن سوێند دەخۆم چ ڕۆژ و چ شەو
بووەتە زیکری دڵم خەیاڵی وەتەن

هیچ خوەراکێ نییە لەلام خۆشتر
وەکوو نانی زڕات و گاڵی وەتەن

جەننەتم کێو و بەرد و داری وڵات
سورمەی چاوەکەم زوخاڵی وەتەن

نافرۆشم بە گەنج و تاج و تەخت
سێبەری وەک هومای باڵی وەتەن

شەونم و سەوزە و گوڵاڵە و گوڵ
دوڕڕ و زومڕوت و لەعلی ئاڵی وەتەن

دڵەکەم بۆی برێشکەیە بە خودا
وەکوو منداڵی خۆم مناڵی وەتەن

کانی شیلانە تاش و سەختی چیا
بەحرە یام کۆسپ و کێو، چاڵی وەتەن

بای زەلانی وەکوو نەسیمی بەهەشت
جا وەرە سەیری بای شەماڵی وەتەن

بۆپڕووزم لە جەرگ و دڵ هەستا
دیم کە فرمێسکی چاوی کاڵی وەتەن

وەکوو شێت دامە کێو و دەیری بووم
من لەبەر دەرد و ناڵەناڵی وەتەن

خاڵی خووبان لە میسکە یا عەنبەر
چییە «تاهیر» کە سوورە خاڵی وەتەن

Kurdish_Poetry

٤١٤٩

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

بەجێیە ئەی ڕەفیقان گەر بە دڵ مەدهۆش و شەیدا بم
سزایە ئەی عەزیزان گەر بە گیان وەیلانی بەیدا بم

بە شەیدایی چ خۆشە هاونشینی ئاسکەکەی بەڕ بم
بە وەیلانی چ چاکە هەمقەرینی وەحشی سارا بم

لە پێ تا سەر لیباسم غەرقی نیلی هیجری مەحبووبە
سزاوارە کە غەرقی نیلی وەسڵی ئەو سەراپا بم

لەسەر تەسلیمی گیان سنکی ملم تەوسیمی ئیسلامە
لە تۆ هەر چاترم زاهید بە سوورەت گەرچی تەرسا بم

جەفای نێشی موغەیلانم سەفای نۆشی موهەننایە
وەکوو مەجنوون ئەگەر ئیحرامبەندی تەوفی لەیلا بم

کە تەیری دڵ ئەسیری دامی زوڵف و دانەیی خاڵە
بە ئازادی گەییشتووم گەر بە سەبری حەبسی ئازا بم

بە کڵپەی ئاگری حیرمان دەسووتێ خەرمەنی عەیشم
دڵم کاتی موناجات هەر ئەڵێ: یا ڕەببی هەر وا بم

بە بێهۆشی ئەبێ تەی مەنزڵی پڕدڕکوداڵی خەم
پرووسکێکم بەشی دڕکێکە گەر یەک لەحزە وریا بم

لە زوڵماتی غەما پەنهان منم تۆ ئاوی حەیوانی
حەیاتی عاشقان هەر تۆی چ حاجەت من هووەیدا بم

بڵا با نوقمەساری توونی قووڵی ڕەنج و مەینەت بم
جیهانێ دێتە ناڵین یەک زەمان گەر بەندە پەیدا بم

شەوی تاریکی هیجران تاقەئەستێرەی کەلی زاریم
خەوی ڕاحەت ئەچێتە چاوی خەلقی گەر من ئاوا بم

لە دیقی سوودی مایەی پڕزیانی عیشقی ئەو یارە
نەماوە هیچ عیلاجم با ئەنیسی داغ و سەودا بم

بیابانێکە پڕخۆف و خەتەر ڕێی عیشقی نازاران
گیان دەرناکەم ئەی یاران چ بێگوێ بم چ پرسا بم

لەبۆ حەللی موعەممای خولفی وەعدە و سیدقی بەدقەولی
هەتا مەحشەر لە بیر دام گەر چی نادان یا کە دانا بم

لە گەنجی وەسڵەکەت مایەم سەوادی وەجهی دارەینە
بڵا با لەم سەوادە بەشدەری سەودا و سووەیدا بم

لەکن ئەو ناکەسە ئەشعاری من شیری جیگەرپاچە
چ وەک تەییانی نامەوزوون و چ وەک سەحبانی شیوا بم

یەمینم نایرەی حیرمان، یەسارم گۆمی فرمێسکە
لەنێوان ئاو و ئاگر چۆن دەبێ بێشوێن و ماوا بم

لە ئاقاری مەجازا خول دەخوا ئەم چەشنە گوفتارە
دەبا بۆ ڕێی حەقیقەت شاعیرێکی عارفاسا بم

دەسا با کەم خەریکی بیری خاو و شیعری ناڕەس بم
دەسا با کەم لە داوی تەبعی پەست و تەمعی بێجا بم

لە سوورەت هەر کەدوورەت هەڵدەسێ دانیشە با جارێ
وەکوو ئەهلی سەفا فەرمانبەری ئەربابی مەعنا بم

بە ئیخلاس هاوسوواڵەی کەلبی قاپی غەوسی ئەعزەم بم
بە ڕاستی هاوپیاڵەی ڕەندی دەرگای پیری بەغدا بم

لە زشتی لەونی تەوری پڕ لە جەوری نەفسی بەدفەڕما
بە دیجلەی لوتفەکەی چاک خۆم بشۆم و جوان و زێبا بم

لە خڵت و خەوشی ویزر و خاک و پووشی مەعسیە و تاوان
لە عیشوەی چاوی دەربانی وەکوو دوڕڕی موسەففا بم

لە سبغەی میهری ئەو شاهەنشەهە بەش وەرگرە «تاهیر»
ئەوە نەقشی حەقیقەت، سا مەڵێ وەک نەقشی دێبا بم

Kurdish_Poetry

٤١٠٧

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

بە عیشوە دڵبەری و دڵداری هێشتا
بە غەمزە خوێنخوەر و جەبباری هێشتا

بە ڕەوتی ئاهووانە و غونجی تاووس
نیگارین یارەکەی پێراری هێشتا

ئەگەرچی بێدڵودینم لە داخت
لە دڵدا حاکمی زۆرداری هێشتا

بەڵێ تەرکی وەفا ڕەسمی قەدیمە
نەبوویتە غەیری من هەر یاری هێشتا

بە لێوان ڕووحبەخشی وەک مەسیحا
بە چاوان نێرگسی بیماری هێشتا

بە نافەی زوڵفی پڕچین و موسەلسەل
کەسادی تەببەت و تاتاری هێشتا

ئەمن سەرمایەکەم بەربادە و ئاخۆ
لەبەر من عاجز و غەمخواری هێشتا؟

بەڵێ گەرچی خەتا ڕۆییت بە یاری
لە پێش چاوم نکووکرداری هێشتا

ئەگەرچی بۆ ڕەقیب وەک گوڵ دەپشکووی
لەلای من نەوگوڵی بێخاری هێشتا

نەڵێی «تاهیر» لە ڕەفتارم بووە زیز
لەتیف و شۆخ و خۆشڕەفتاری هێشتا

Kurdish_Poetry

٤٠١١

 

✓ سەید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

  • پێنجخشتەکی لەسەر غەزەلی مەحوی

نیساری ڕێی کەسێ سەد گەوهەری یەکتا نەکەم چ بکەم
بە شەمسێ مانگی دڵ پڕشوعلە و ئەحلا نەکەم چ بکەم
لە قاپی پیری مەیخانە دەمێ هانا نەکەم چ بکەم
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم چ بکەم

سەحیفەی خاترم تۆماری ئالام و سووەیدایە
بە باڵام کیسوەتی غەم وەک خەڵاتێکی سەراپایە
هەزاران گەنجی خانەی ڕەنجی هیجری دڵبەرم لایە
لە خەزنەی دڵمەدا هەر چی هەیە، هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم

بە مەستی شوهرە نابی تا نەگەیتە مەستەبەی خەممار
مەدەد بگرە لە عیشوەی چاوەکانی حەزرەتی دڵدار
خیلافی عیشقە عوجب و خۆپەرستی و کیبر و عەیب و عار
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار
وەکوو شێخ ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم چ بکەم

دەریغا سەیلی غەم نەیهێشت لە هەستیم نوون و ئاسارێ
تەبیبی دەردی دڵ نەیبیست دەمێ ناڵینی بیمارێ
لە پرشەی خوێنی من خۆی لا ئەدا ڕەندی جەفاکارێ
لە ڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کرد بە خاک پێی پیا نەنام جارێ
دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم چ بکەم

زەمانێکە کە ئاشوفتەی نیگاهت مەست و مەدهۆشە
عەزیزم ڕۆزگارێکە کە خۆشم لا فەرامۆشە
دڵا بێسوودە دانیشتن لە ئەم سووچ و لە ئەو گۆشە
دەمێکە شاری پڕشۆری موحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم چ بکەم

دڵم پڕمەینەتە شادیم غەمی دووری لەپێی سەریە
ویساڵم وەسوەسەی هیجرە خەیاڵم عیشقی تۆ بەریە
فیدای سایەی هومایێکم کە عالەم شێتی سێبەریە
لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە
سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستسقا نەکەم چ بکەم

ڕەفێقی هەمدەمم ئاهە شەرابی عیشرەتم دەمعە
غوڵامی سووتن و تاوانەوەم پەروانە و شەمعە
لە تەعنەی ناکەسان بیستن عوقوولم قاصرالسَمعـە
لەسەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجَمعـە
کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم چ بکەم

ئەیا ئەشکی جەفای جانان بە کوڵ جارێ لەسەر ڕوو بە
ئەیا بەختی ڕەشم وەک زوڵفەکەی پڕپێچ و واروو بە
دڵی زارم لە کونجی سینەدا بێدەنگ و نوستوو بە
بەجێماوم لە یاران، نابەجێ ماوم، ئەجەل، زوو بە
بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستعفا نەکەم چ بکەم

لە مەکتووبی دڵمدا غەیری دەرد و غەم نییە مەتوی
لە تەگبیری ژیانمدا جەماڵی دڵبەرە مەنوی
بە مەیلت فانییە «تاهیر» مەکەن یاران خەیاڵی وی
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا «مەحوی»
هەتا قامی قیامەت ئاهـ و واوەیلا نەکەم چ بکەم

Kurdish_Poetry

٣٩٨٤

 

✓ سەیید تاهیر هاشمی

بە پاکی تەور و ئەخلاق و نیژادت
چییە سووچم دەمێ ناکەومە یادت

بە شیوەن عومری من سەر چوو بە تاڵی
کە بتبینم بە شیرینی و بە شادت

مورادی من لە دونیادا ئەتۆ بووی
لەگەڵ من حەیفە، نەمزانی مورادت

ئەتۆ بووی مەعدەنی حیلم و عەداڵەت
بەڵام بێچارە مەحروومم لە دادت

مەگەر ڕەنگی زەمانەت گرتووە وا
بە ئەم خەڵقە نەماوە ئیعتیمادت

هەموو عالەم لە فەیزت بەهرەمەندە
بەڵام بۆ من خەسیسە تەبعی ڕادت

بە چاو ئاو و بە دەم ئاگر بە سەر خاک
ئەوی «تاهیر» لەدەس عومری بەبادت

Kurdish_Poetry