٢٨٦٤
✓ زێوەر
چوومە بنچینەی علوومی ڕەمل و جەفر و جەلجەلووت
تێ گەیشتم زەڕڕەیێ نەفعیان نییە ھەر وەک سرووت
ویفقی سێسووچ و لەگەڵ چوارسووچ و پێنجسووچم کە دی
سووچەکانیان تێ گەیشتم، ئەی برا، لووت و بزووت
چەند کەڕەت نووشتەی ڕەشیم نووسی چ سوودێکی نەبوو
جەلبی دڵدارم ئەکرد ئەمما ڕەقیب بۆ لام بزووت
بۆ عەزیمەت خوێندنی جیننی لە وەختی نیوەشەو
مەستەکی و جاوی ئەسووتان دانەدانە و جووتبەجووت
تەلتەھیش یا تەیرەھووج سێ-چوارھەزارێکم ئەخوێند
فائیدی چی ھیچ نەھات بۆ لام جنۆکەی ڕووتوقووت
تازە وا بام دایەوە و بادانەوەش عەیبی نییە
شوێن کڵاوی سەخری جیننی ناکەوم وەک مایەپووت
تۆ مەچۆرە لای قەشە و مالووم و مەلا، گەورەکچ
کردەوەی جوانت ئەبێتە واسیتەی تەعجیلی شووت
ڕەمڵ و قاڵنامە و مەلای دینتێکدەری ژنتەفرەدەر
دەستەڵاتم بێ بەجارێ ئەیخەمە ناو چاڵەقووت
دار و بەردی شەخسەکانی کەسنەناس و بێ ئەساس
وا لە جێی خۆی تەخت ئەکەم ئەیکەم بە دەشتی جێگەجووت
لەم پڕوپووچانە ڕزگارم بووە و جارێکی تر
دەست لە ئیشی توڕڕەھات ناکەم بەزاتی لایەمووت
خۆزگە وەک من تێ گەییوم کوردەواریش وا ئەبوو
ئەم قڕوقێڵانە بۆ نانە بە تەحقیق و سوبووت