٣٩٢٥
✓ دڵدار
- لەگەڵ جاهد پێکەوە دایان ناوە
شەهبازی یا شەهێنی، شاهی یا شەهلاری تۆ
بێدڵی بێمروەتی عاشقکوژی خوونخواری تۆ
زاڵمی غارەتگەری تاڵانبەری بۆ گیان و دڵ
لەشکری تاتارییە دوو زوڵفەکەی تاتاری تۆ
حاکمێکی مەست و بێباکی، ئەبەد ڕەحمت نییە
مایلی فەتتانییە دوو چاوەکەی سەححاری تۆ
ئەنوەرە بۆ گشتی عالەم زوڵمەتی دوو زوڵفەکەت
زوڵمەتە بۆ من بەتەنها ئەنوەری ڕوخساری تۆ
بەسیەتی جا ئەی سەنەم با باری میحنەت لا بەرین
کەعبە کەچ نابێ کە ساتێ بێینە نێو گوڵزاری تۆ
مەجلیسی مەستی ببەستین خۆم و خۆت ئەی نازەنین
کەی ئەبێ جارێ ببم من مەستی شەککەرباری تۆ
قەت نەکەی «جاهد» مەدەد لەم شۆخی وا کەچمەزهەبە
چونکە «دڵدار»ـم ئەزانم نایەتە هاواری تۆ
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/7/4 ـدا کاتژمێر 23:1 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس